چارەسەری دیمۆکراتیانە

پێشنیاری مودێلی “چارەسەری دێموکراتیانە”ی پرسی کورد لە تورکیا لە لایەن عەبدوڵا ئوجەلانەوە پێشنیارێکی تازە و تایبەت بەم دواییانە نییە. لانیکەم لە ۲٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو باسانەی بە شێوازی جۆراوجۆر کردووە و ڕوونی کردووەتەوە لە بازنە و چوارچێوەی “نوێکردنەوەی کۆمار” و “چارەسەری دێموکراتیانەی پرسی کورد” لە “تورکیای دێموکرات”دا بیر دەکاتەوە. ئوجەلان پێی وابووە ئەو تورکیا دێموکراتەش بەدی نایەت مەگەر ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بێت. واتە چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوازی دێموکراتیانە هەم بنەما و پێشمەرج و هەم تەواوکەری تورکیای دێموکراتە.

بەپێی نووسراوەکانی عەبدوڵا ئوجەڵان ئەو مودێلەی پێشنیاری دەکات، زیاتریش بە قازانجی تورک و بەرژەوەندییەکانی تورکیایە. خۆی دەڵێت “کورد” دەتوانێت یارمەتیدەرێکێ سەرەکی بێت بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی تورکیا و ڕابەرایەتی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگرە تا ناوچەی قەڤقاز و ئاسیای ناوەندی. پێی وایە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێت کێش و سەنگایی و ڕێزی تورکیا لای ئەورپییەکانیش زیاتر بکات. نموونەگەلێکیش لە سەرکەوتنەکانی تورکیا لە مێژوودا دێنێتەوە و دەڵێت بەبێ کورد نەدەکرا ئەو سەرکەوتنانە تۆمار بکرێن. بۆیە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەموو سیاسەتەکانی تورکیا دژ بە کورد بە جۆرێک لێدان لە خودی تورک و توانا و نفوزی ئەو وڵاتە بووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە ئوجەلان دەڵێت تورکیا نابێت بە بیانووی سەربەخۆییخوازی و هەوڵدان بۆ جیابوونەوە، سیاسەتی کوشتوبڕ و ئینکاری کورد بگرێتە بەر وەک چۆن پێشووتر ئەو هەوڵەی داوە و سەرنەکەوتووە. دەڵێت ڕێگەدان بە کوردەکان بۆ ئەوەی بتوانن زمان و کلتووری خۆیان بپارێزن (مانەوە وەک بوونەوەری زمانی-کلتووری)، نەک هەر کێشەیان چارەسەر دەکات، بگرە تورکیایش بەهێز دەکات. هوشداری دەدات و دەڵێت ئەگەر وا نەبێت کوردیش وەک کاردانەوە بەرامبەر نەتەوەخوازی تورک، نەتەوەخوازی هەڵدەبژێرێت و کێشەکە هەر وا بەردەوام دەبێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئوجەلانەوە بینینی کورد وەک “بوونەوەری کلتووری و دیاردەیەکی کۆمەڵناسانە” زیاتر بە قازانجی تورکە.

ئوجەلان ڕەخنەکانیشی پێشبینی کردووە و پێشوەختە دەڵێت، ڕەنگە هەندێ ناوەندی نەتەوەگەرای کورد [مەبەست ناسیونالیستەکانە] لەو پێشنیارانەم قەڵس و تووڕە بن و تەنانەت وەک “خیانەتی نەتەوەیی لە خەباتی سەد ساڵەی کورد”یش ناوی بهێنن، بەڵام ئەوانیش هێندەی نەتەوەگرایی دەوڵەتی تورکیا ڕێگرن لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بە کوردی و کورتی دەڵێت، ئەو ڕەخنەگرانەش کە لەو پێشنیارە قەڵسن دژی دێموکراسین.

هەڵبەت ئوجەلان پێی وابووە بەدیهێنانی ئاوا سیستەمێکی دێموکرات لە تورکیا پێویستی بە یاسای بنەڕەتی یان دەستوورێکی نوێیە کە لانیکەم ڕێگا بە حیزبەکان بدرێت بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە چالاکی بکەن و هەڵبژاردنی دادوەرانەش مسۆگەر بکرێت. بە گشتی یاسایەک کە ڕەنگدانەوی ئیرادەی “خەڵک” بێت.

ئەمانە هیچیان شارەوە و ناڕوون نەبوون. ئەوەی ئێستا ناڕوونی درووست دەکات ڕەنگە ئەوەندە بێت کە لە کاتێکدا بەپێی نووسراوەکانی خودی ئوجەلان هەڵوەشانەی پە.کە.کە و کۆتاییهێنان بە “بەرگری ڕەوا” پێویستی بە فەرمان یان حوکمی لێبوردنی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەت و زەمینەی ناساندنی “خەلک”ی کورد وەک بوونەوەرێکی کلتووری-زمانییە، بۆچی لە پەیامەکەی و لە ڕاگەیەندراوەکەی پە.کەکەدا بە ڕوونی ئاماژەیان پێ نەکراوە. مەگەر هەر خودی ئوجەلان پێشتر جەختی نەکردووەتەوە کە بەبێ ئەو مەرجانە، پە.کە.کەش نەبێت هەمیشە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی تر لە ئارادایە؟ ناڕوونی و دژواری پێشبینی داهاتوو کاتێک فراوانتر دەبێت کە ئوجەلان یەکەمجارە [لانیکەم بەبۆچوونی من] بە ئاشکرا هەموو مودێلەکانی فیدرالیزم و فیدراسیون بە ئاشکرا دەخاتە پاڵ دەوڵەت وەک دەرکەوتەی ناسیونالیزمی توندڕۆیانە و ڕەتیان دەکاتە،وە. کەوابێ، چۆناوچۆن دەکرێت کورد تەنانەت وەک بوونەوەرێکی کلتووری-زمانیش دانی پێدا بنرێت.
وتراوەکان ڕوون و ئاشکران، مشتومڕ و دەمەقڕەکان لەسەر نەوەتراوەکانن. من پێموایە تەنانەت خودی بەرپرسانی قەندیلیش هێندەی ئەوانەی لەم چەند ڕۆژەدا بێ سێ و دوو باسی “ئاشبەتاڵ” یان بەپێچەوانەوە “سەرکەوتنی مسۆگەر” دەکەن، بە نیسبەت داهاتوو بەرچاوڕوون نین!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *