داهاتووی پە.کە.کە و بڕیارەکەشی ناڕوونە

لە دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئوجالاندا سەبارەت بە چەکدانان و لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پاش کۆنگرەی پە.کە.کەدا سەبارەت بە هەمان پرس، لێکدژیی و جیاوازییەکی بەرچاو سەبارەت بە دۆخ و خەباتی پە.کە.کە لە قۆناغێکی تایبەت – لە نەوەدەکاندا- دەبینرێت کە بۆ خوێنەری ئەو دەقانە تا ڕادەیەک سەرنجڕاکێشە.
لە کاتێکدا کە عەبدوڵا ئوجەلان پێی وایە پە.کە.کە لە نەوەدەکاندا بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی و هەروەها بە هۆی “تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە” و “پێشهاتەکانی ئازادی بیروڕا” فەلسەفەی بوونی خۆی لەدەست دا و واتای نەما، بەرپرسانی قەندیل هەمان ئەو ساڵانە بە ساڵانی “توندتربوونەوەی نکۆڵی و تەفرووتووناکردنی کورد” و لەئاکامدا “زیندووبوونەوە و گەشەی پە.کە.کە” لە ڕوانگەی گەلەکەمانەوە (وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا نووسراوە) وەسف دەکەن.
لەو بارەوە، ئوجالان دەڵێت: ” لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پە.کە.کە مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە”.
بەپێچەوانەوەی بۆچوونی ئوجالان، لە ڕاگەیەندراوەکەی تایبەت بە دوایین کونگرەی پە.کە.کەدا ئاماژە کراوە کە :” لە دۆخی ساڵانی 1990دا کە شۆڕشی زیندووبوونەوەمان بووەهۆی گەشەکردنی گەورە لە روانگەی گەلەکەمانەوە، گەڕانی تورگوت ئۆزال، سەرۆککۆماری کۆماری تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رێگای سیاسەتەوە پەرەی سەند. رێبەر ئاپۆ بە ئاگربەستی 17ی ئاداری 1993 وەڵامی ئەم گەڕانەی دایەوە و پرۆسەیەکی نوێی دەستپێکرد. بەڵام کاریگەرییە قورسەکانی سۆسیالیزمی واقیعی، تێگەیشتنە چەتەییەکان کە بەسەر هێڵی شەڕی ئێمەدا سەپێندران و لەناوبردنی تورگوت ئۆزال و تیمەکەی لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە، پێداگرتن لەسەر سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی کورد و هەڵکشاندنی شەڕ، بووە هۆی ساباتکردنی ئەم پرۆسە نوێیە، هەزاران گوند چۆڵکران و سووتێندران. ملیۆنان کورد لە شوێنی خۆیان ئاوارە کران، دەیان هەزار کەس تووشی ئەشکەنجە بوون و خرانە بەندیخانە و هەزارانیش بە شێوەی نادیاری ئەنجامدەر کوژران. لە بەرامبەر ئەمەدا بزووتنەوەی ئازادی هەم لە رووی چەندایەتی و هەم لە رووی چۆنایەتییەوە گەشەی کرد، شەڕی گەریلا بڵاو بووەوە بۆ کوردستان و تورکیا. لەژێر کاریگەری شەڕی گەریلادا گەلی کورد ڕاپەڕین. بەم شێوەیە شەڕ بووە هەڵبژاردەی سەرەکی لە دیدی هەردوو لایەنەوە. لێکدانی بەرامبەری هەڵکشانی شەڕ نەتوانرا سەرلەنوێ تێپەڕێندرێت. بەم جۆرە هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە رێگای دیموکراسی و ئاشتیانە بێ ئەنجام مایەوە”.
ئەگەر تێگەیشتنی من لەو دوو دەقە هەڵە نەبێت، ڕوانینێکی هێندە جیاواز و دژ بە یەک لە لایەن ئوجەلان وەک ڕابەری سەرەکی پە.کە.کە و بەرپرسانی قەندیلەوە لەسەر دۆخی ئەو حیزبە لە قۆناغێکی تایبەتدا، سەرسووڕهێنەرە.


Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!