دەربارەی ڕۆژی نیشتمانیی سویس

ئەمڕۆ ۱ی ئاگۆست، هاووڵاتیانی سویس ئاهەنگی نیشتمانیی خۆیان دەگێڕن. وەک دەڵێن ئاهەنگێکە بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵڕۆژی مۆرکردنی پەیمان یان مەنشووری فیدراڵ لە وڵاتەکەیاندا.

وەک خۆیان دەگێڕنەوە و کۆدەنگیشی (نەک یەکدەنگی) لەسەرە، پەیمانی فێدراڵ لە سەدەکانی ناوڕاستدا و لە ساڵی ۱۲۹۱ی زایینی لە نێوان نوێنەرانی سێ کانتۆنی “شویز”، “یوری” و “ئۆنتەرڤاڵدن” مۆر کراوە. مەبەست لەو پەیمانەش بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، دابینکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئەمنییەتی هاوبەش، پاراستنی سەربەخۆیی بەرامبەر دژبەرە دەرەکییەکان و بەتایبەت بەرامبەر خانەدانی هابسبۆرگ کە لەو کاتەدا هەوڵی پەلهاوێشتن و داگیرکاریی زۆرتری خاکیان دەدا و هەروەها بۆ بەدیهێنانی یەکانگیری هەتاهەتایی، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە نێوخۆییەکان و سزادان و تەمێکردنی دەستدرێژکەران بووە. بۆیە “زۆرینە”ی سویسییەکان دەڵێن ئەوە بەردی بناخە و بنەمای وەدیهاتنی کۆنفێدراسیونی وڵاتەکەیانە. بۆ دەڵێم زۆرینەیان؟ چونکە هەندێ لە سەرچاوەکان و مێژووناسانی وڵاتی سوئیس باس لەوە دەکەن کە ئەو پەیمانە ساڵی ۱۳۰۹ بەستراوە نەک ۱۲۹۱. تەنانەت هەیانە ئەو چیرۆکە ڕەت دەکاتەوە و باس لە دووسەد ساڵ دوای ئەو ڕووداوە دەکات و دەڵێت لە ڕاستیدا شاری بێرن دەستپێشخەر بووە بۆ دانانی بناخەی سویسی نوێ. ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەم جیاوازیانە ئەوە بێت کە دەقی پەیمانەکە ون بووە تا ئەوەی ساڵی ۱۷٥٨ کە لە شواز دۆزراوەتەوە. تازە ئەویش نە شوێنی کۆبوونەوەکەی لەسەر نووسراوە و نە ڕۆژ و ڕێکەوت.

سەبارەت بە هۆییەکانی مۆرکردنی ئەو پەیمانە، بەبۆچوونی من و ئەوەندەی لە سەرچاوەکان تێگەیشتبم خۆف لە “هەڕەشەی دەرەکی” و بەتایبەتیتر ترس لە خانەدانی هابسبۆرگ سەرەکیترین ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی ئەو یەکانگیرییەدا. سوێندخواردنیان بۆ یارمەتیدانی یەکتر لە دژی هەر لایەنێک کە بیەوێت پەلاماریان بدات و بیر لە ملکەچکردنیان بکاتەوە و هەروەها ڕەتکردنەوەی نێونجی و دادوەرییی دەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە زەقترین ئەو خاڵانەن کە سویسیەکان خۆشیان دەست دەخەنە سەری. ئەو بۆچوونەی منیش تەنیا پشت بەوە دەبەستێت.

سویسییەکان، شانازی بەوەوە دەکەن کە چەندەش ڕەوت و ڕێگای گەشەکردن و پەرەسەندنی یەکێتیی یان کۆنفیدراسیۆنەکەش دژوار و کاتبەر بووبێت، سەرکەوتووانە بڕیویانە. بۆ نموونە، کانتۆنی لۆزێرن لە ساڵی ۱۳۳۲، زۆریخ ۱۳٥۱، گلارۆس و زووگ لە ساڵی ۱۳٥۱، بێرن لە ساڵی ۱۳٥۳، ئەپێنزێل لە ساڵی ۱۳٥٤، ئارگاو لە ساڵی ۱٤۱٥، تورگاو لە ساڵی ۱٤٦۰، نەوە و مورتن لە ساڵی ۱٤۷٦، نانسی، فریبۆرگ و سێلێتۆڕن لە ساڵی ۱٤۷۷، شارەکانی بازڵ و شافهاوسن لە ۱٥۰۱ و ئەپێنزێل لە ساڵی ۱٥۱۳دا بوونەتە ئەندامی کۆنفێدراسیۆنەکە و ژمارەی کانتۆنەکان تا ئەو ساڵە گەیشتووەتە ۱۳. لەو قۆناغە ۲۲۲ ساڵەدا هەندێک لەو کانتۆنانە بە ئارەزووی خۆیان بوونە ئەندام، هەندێکیان کڕدران و بڕێکیشیان داگیرکران. کانتۆنەکان کاروباری نێوخۆیی خۆیان بە شێوەی سەربەخۆ بەڕێوە دەبرد، بەڵام نوێنەرانیان بە بەردەوامی لە ئەنجومەنی فیدراڵدا کۆ دەبوونەوە بۆ بڕیاردان سەبارەت بەو بابەتانەی کاریگەرییان لەسەر هەموو کانتۆنەکان هەبوو. ئەمە بەردەوام دەبێت تا سەردەمی پەلامار و پەلهاوێشتنەکانی ناپلیۆن لە فەڕەنسا.

لە ساڵی ۱۷۹٨ هێزەکانی فەڕانسە سویس داگیر دەکەن، بەڵام ئەو خێرەشی تێدایە کە درووشمەکانی کۆمار دەگوازنەوە بۆ ئەوێ و کۆتایی بە سیستەمی ئاغا و ڕەعییەت دێنن. کانتۆنەکانیش لە
۱٨۰۳وە دەسەڵاتیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە یارمەتیدەری پێکهێنانی وڵاتێکی یەکدەستترە.

لە ساڵی ۱٨۱٥ کە زلهێزانی کۆنەپارێزی ئەورووپا توانییان بە کردە کۆتایی به سیستەمی ناپلیۆن بهێنن و هەوڵی چەسپاندنەوەی دووبارەی هاوسەنگی هێزیان لەو هەرێمە دەدا، لە نێوخۆی سویسیش کانتۆنەکان وەک پێشوو ڕێژەیەکی زۆر سەربەخۆییەکان وەدەست هێناوە. لە ساڵی ۱٨٤۷دا لیبراڵەکان بەسەر کاسۆلیکە کۆنەپارێزەکاندا سەرکەوتن و هەمان ساڵ یەکەم شۆرای فیدرالی هەڵبژێردراو لە شاری بێڕن کۆ بووەوە.

لە ساڵی ۱٨۷٤ دەستوور گۆڕدرا و دەسەڵاتێکی زیاتر بە دەوڵەتی فیدرال بەخشرا و هاوکات دێموکراسی ڕاستەوخۆ بەهێزتر بوو. ئەو جۆرە دێموکراسییە تایبەتە هێندە کارامە بوو کە ۱٤۲ ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ۲۰۱٦ بەپێی سەرچاوەکان ۱۳ جار سەبارەت به بابەتە جۆراوجۆرەکان گشتپرسی کرا و بەدواداچوون بۆ ڕای خەڵک کراوە. زیاتر هەست بە گرینگی ئەو سیستەمە دەکرێت کاتێک بیر لەوە بکەیتەوە کە لە وڵاتانێکی وەک ئێراندا تەنانەت باسکردن لە گشتپرسی بۆ درێژەدان بە پرسێکی وەک چالاکی ئەتۆمی کە خەڵکی تا ئاستی کڕینی کیلۆیی پێستی مریشک و بە وتەی خۆیان وڵاتی تا لێواری داڕمان و هەڵوەشاندنەوە بردووە، تابۆ و تاوانە!

هەڵبەت تا ۱۳٤ ساڵ پێش، شتێک بە نێوی “ڕۆژی نیشتمانی” لە سویس نەبووە؛ لە ساڵی ۱٨۹۱دا بە بۆنەی یادی ٦۰۰ ساڵەی ئەو پەیمانەی سەرەتا ئاماژەی پێکرا وەک بۆنەیەکی ناوازە ئاهەگی بۆ گیرا. دەنا سویس لەو دەگمەن وڵاتانە بووە کە تا ئەو کاتە پشووی نیشتمانی نەبووە. من وای بۆ دەچم ئەمە لەژێر کاریگەری پەرەسەندنی ناسیونالیزم و گرینگیدان بە نەتەوە لەو قۆناغەشدا بووبێت. ئەو کاتەی کە دەوڵەتە نوێکانیش هەستیان بە پێویستیی ئەفسانە و چیرۆکی کۆن دەکرد.

ئەمڕۆ لە ۲٦ کانتۆنەکەی وڵاتی سویس پشووە و ڕۆژە نیشتمانییەکەیان بەرز ڕا دەگرن. ناحەقیان نییە، ۷۳٤ ساڵ کۆنفێدراڵی شایەنی ئاهەنگگێڕانە. نزیکەی ٨ ملیۆن ٥۰۰ هەزار کەس کە نزیک لە ۲۲٪یان بیانی و پەنابەرن، وەڵاتێکی خنجیلانەیان لە پانتایی ٤۱.۲٨٥ کیلۆمەتردا پێک هێناوە کە لە زۆر بواردا و لە ڕووی چۆنێتی ژیانەوە لە یەکەمەکانی جیهانە. بێ هۆ نییە، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی سەر گۆی زەوی ئاوەتەخوازن بریا “سویسی بوونایە”. ئاهەنگی نیشتمانییان لێ دێتەوە. کەمم لە مێژووی سیاسییان خوێندووەتەوە و دڵنیا نیم، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناکەم چاوم بە ڕستەیەک بکەوێت ڕێبەرێکی مێژوویی ئەو وڵاتە وتبێتی مادام دەسمان بە دەریا ناگات، ببینە دەوڵەتیش لە برسان دەمرین!!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *