دەربارەی مشتومڕە ئەتۆمییەکان لە ئێران

لە نێو ئێرانییەکاندا لانیکەم چوار ڕوانگە سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان هەن و دەناسرێنەوە. دیارە باسهەڵگرن. دەمەوێ زۆر بە کورتی تەنیا باس لە گریمانە سەرەکییەکانی ئەو ڕوانگانە و لایەنگران و ئارگیۆمێنتەکانیان بکەم.

سەرەتا ڕوانگەی ناڕوون و تەمومژاوی دەسەڵاتە. ئەم ڕوانگە بە کردەش جێبەجێکراوە. وەک دەزانین، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتی ڕاگەیندراو [ئیعلامی] بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەوڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەن. ئەوان لانیکەم ئاماژە بە فتواکەی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی دەکەن کە پێشووتر درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بە حەرامی شەرعی داناوە و وتوویەتی ئەتۆم کۆمەڵکوژە و درووستکردنی هەر جۆرە چەکێکی لەو جۆرە حەرامە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و تەنانەت دیپلۆماتکارانیان لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا ئاماژەیان بەو فتوایەی خامنەیی کردووە. چەندین جاریش بەرپرسانی ڕۆژاوایی و تەنانەت “باراک ئۆباما” سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئەوەیان وەبیر بەرپرسانی ئێران هێناوەتەوە. ئۆباما لە لێدوانێکیدا لە ساڵی ۲۰۱۳ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەو فتوایەی خامنەیی دەتوانێت ببێتە بەردی بنەمای ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بە گشتی، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتی ڕاگەیەندراو بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە بەرەی موقاومە و بە تایبەتی تر توانای مووشەکی بنچینەی ستراتیژی سەربازی و بەرگریکارانەی وڵاتەکەیانە و پێویستیان بە چەکی ئەتۆم نییە. بەم لێدوان و بانگەشانە ویستوویانە ئەم قەناعەتە درووست بکەن کە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە وزەی ئەتۆمی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەکارهێنانی لە بواری پزیشکی و کەرتی پیشەییە و بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆیانی دەزانن و هەرگیز ئامادە نابن دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرن. بەڵام سیاسەتی کردەیی [عەمەڵی] کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو سیاسەتی ڕاگەیەندراو[ئێعلامی]ی ئەو ڕژێمە هەرگیز یەکی نەگرتووەتەوە و دۆخێکی تەمومژاوی درووست کردووە. هەر بۆیە وڵاتانی جیهان قەناعەتیان بە سیاسەتی ڕاگەیندراوی کۆماری ئیسلامی نەهێناوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر بەڕاستی کۆماری ئیسلامی پەردەپۆشی ناکات و قەست و نییەتی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، ئەی بۆچی هەر سەرەتا چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداری کۆمەڵگەی جیهانی دەست پێکرد و تا ئەو کاتەی چالاکییەکانی لە قاو نەدران ئاژانسی نێونەوەیی وزەی ئەتۆمی ئاگادار نەکردەوە؟ دواتریش بۆچی بەردەوام کێشەی بۆ چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی درووست کردووە و ڕێگەی نەداوە ئازادانە سەردانی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن و بۆچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی نزیک لەو ئاستە دەبێتەوە کە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆم پێویستە؟ کۆماری ئیسلامی نە بە کردە چەکی ئەتۆمی درووست کردووە و نە بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارانەی ڕۆژاوای داوەتەوە. لە ماوەی ۲٥ ساڵی ڕابردوودا ئەم دۆخە تەمومژاوییە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بووە.

دەستەی دووەم کە ڕەخنەگری سیاسەتە ئەتۆمییەکانی “تا ئێستای” کۆماری ئیسلامین و بەشێکی بەرچاویان [نەک؟هەموویان] لە بەرەی ڕێفورمخوازان و ئەو کەسانەدا دەبینرێن کە بە میتۆدی ئابووری بیر دەکەنەوە و یەکەمێتی بە لێکدانەوەی تێچوو- دەستکەوتەکان لە بڕیاردانی سیاسیدا دەدەن، پێیان وابووە سەرباری ئەوەی دەستپێڕاگەیشتن بە وزەی ئەتۆمی مافی حاشاهەڵنەگری وڵاتەکەیانە وەک یەکێک لە ئەندامانی ئاژانسی نێونەوەیی وزەی ئەتۆمی و واژۆکەری ڕێککەوتننامەی ئێن. پی.تی، بەڵام لەم کات و ساتەدا لەبەر دژایەتی وڵاتانی زلهێز درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکان تێچووی لە قازانجی زیاترە و تەنانەت پرسی ئەتۆمی دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بەرەو لێواری داڕووخان ببات و بگرە ئێران بەرەو هەڵوەشانەوە ڕاکێشێ. بۆیە بە پێویستی دەزانن کۆتایی بەو چالاکیانە بێت. دیارە خەمی گەورەی ئەمانیش مانەوەی ڕژێمە. پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەک نموونە بەرچاو سادق زیباکەلام ڕاشکاوانەتر لە هەمووی نوێنەرایەتی ئەو باسەی دەکرد. دوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل و شکانی سامی خامنەیی بەرەی ڕێفورمخوازانی کۆماری ئیسلامی ڕاشکاوانەتر و لە ڕاگەیەندراوێکدا باسیان لەوە کرد کە پێویستە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ئارەزوومەندانە و دڵخواز دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات، دەنا درێژەدان بەو دۆخەی ئێستا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وردە وردە بەرو داڕووخان دەبات. ئەمان وای دەڵێن و دەنووسن کە ئەگەر وزەی ئەتۆمی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بێت، ئەوا دەبینین خراپتری کردووە و کارەساتی ناوەتەوە.

بەڵام ئەوەی بە ئاشکرا نایڵێن ئەم پەیامەیە کە ئەگەر هەوڵەکان بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆم بۆ خۆبەهێزکردن و دابینکردین ئاسایشی ڕەها بوو، ئەوا ئێستا قازانج سەری مایەی خواردووە و دەسەڵات و وڵاتیش بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. چیتر با بەس بێت!

دەستەی سێیەم ،ڕوانگەیان زۆر نزیک لەو سیاسەتەیە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی گرتوویەتییە بەر، بەڵام لەگەڵ تاکتیک و وردەکارییەکانی نین و دەڵێن دەکرێت ئەم حاڵەتە بە شێوازێک بەردەوام بێت کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت وێرای ئەوەی دوژمنانی چاوترسێن بکات، وڵاتانی ڕۆژاواش بیانوویان دەست نەکەوێت بەم ئاسانییە سزا و گوشار بخەنە سەر ئێران و ئازاری بدەن. خوازیارانی ئەم سیاسەتە بە تایبەتی تا پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەنگیان بەرز بوو. ناوەڕۆکی بۆچوونەکەیان بەم جۆرەیە کە دەڵێن پێویستە کۆماری ئیسلامی درێژە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەیەکی زۆر هەبێت بەڵام بە کردە دوایین هەنگاو هەڵنەگرێت و بڕیاری کۆتایی بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆم نەدات. دەڵێن پێویست ناکات ئێران چالاکییەکانی بشارێتەوە و بەنهێنی کار بکات و گوشار لەسەر خۆی درووست بکات، هەر لە ژێر چاوەدێری ئاژانسدا دەتوانێت وەک وڵاتێک سەیر بکرێت کە هەمیشە لە بەرەبەرەی درووستکردنی چەکی ئەتۆمدایە بەڵام خۆویستانە ئەو بڕیارەش نادات. بەم شێوازە، کۆماری ئیسلامی بە کردە چەکی ئەتۆم درووست ناکات، بەڵام ئەو حاڵەتە دوژمنان چاوترسێن دەکات و وا دەکات بیر لە هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر ئێران نەکەنەوە. چەکی ئەتۆممان نییە بەڵام وەک ئەوە وایە هەمانبێت! ئەم بیرۆکەیە کە هەم لە نێو هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ بۆ نموونە د.عەلی ئەکبەر دارینی و هەم بەرپرساندا لایەنگری هەبووە بە سیاسەتی “چاوترسێنکردنی ئەتۆمی شاراوە” ناسراوە. باسەکە تێروتەسەلە بەڵام وەک وتم پوختەی ئەمەیە هەر ئەوەندەی کۆماری ئیسلامی توانای درووستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت دەتوانێت بە ڕادەیەکی زۆر ئاسایشی خۆی گەرەنتی بکات، چونکە دوژمنان دەترسن دوای پەلامارێکی سەربازی بۆ سەر ئێران، تاران بە خێرایی بڕیاری درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات. جگە لەوە ئەوان پێیان وابوو ئەم حاڵەتە وا دەکات کۆماری ئیسلامی لە دانوستانەکاندا دەستی کراوەتر بێت و وەک کارتێکی گوشار بەکاری بهێنێت. پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەحەدایەک بوو بۆ لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە و تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێزی خستن. ڕەخنەگرانیان دەڵێن ئەو توانایەی ئەوان باسی دەکەن ئێران هەیبوو، بەڵام ڕێگر نەبوو لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. هەڵبەت ئەوان ئەو ڕەخنە قەبووڵ ناکەن و دەڵێن چاوترسێنکردنی ئەتۆمی شاراوە بەو جۆرەی ئەوان دەیڵێن چەندین مەرجی هەیە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گوێیان بە ئامۆژگارییەکانی ئەوان نەداوە!

دەستەی چوارەم کە بە تایبەت دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی گەرموگوڕتر پێشوازی لە بۆچوونەکانیان کراوە، هەر لە سەرەتاوە پێیان وابوو کە پێویستە کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا لە ئێن. پی.تی بکشێتەوە و بە کردە چەکی ئەتۆمی درووست بکات. ئەمە پشتی بە لۆژیکێکی خەست و ڕادیکاڵی ڕیالیستیانە بەستووە و لایەنگرانی دەڵێن لە سیستەمی ئێستای سیاسەتی جیهانیدا کە سیستەمێکی ئانارشییە، هێشتاکانێ هێزی سەربازی قسەی یەکەم دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتان. لە نێو مامۆستایانی زانکۆدا ڕەنگە ئەبومحەمەد عەسگەرخانی کە سەرۆکی بەشی خوێندنەوەی ئاسایش لە زانکۆی تاران و لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا وەک یەکێک لە ڕاوێژکارانی دیپلۆماتکارانی دۆسیەی ئەتۆمی دەناسراوە [و خۆیشی ئەمەی بە من وتووە کە ڕاوێژکار بووە] و چەند ساڵ پێش بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد، ڕاشکاوانەترین باسەکانی کردبێت. ئەو لە نووسراوە و دیمانەکانی لە میدیاکاندا بێ پێچ و پەنا جەختی دەکردەوە کە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی تاقە ڕێگای ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی و مسۆگەرکردنی ئاسایشی نیشتمانییە. تەنیا چەکی ئەتۆم دەتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات ئێران هێرشی ناکرێتە سەر. دەیگوت بەپێچەوانەوە، وڵاتان ناچار دەبن وردە وردە دان به واقێعدا بنەن و لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خاوەن ئەتۆمدا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. عەسگەرخانی کە لەم ڕۆژانەدا لە نێو خوێندکارانی بواری سیاسەت لە ئێراندا زۆر یادی دەکرێتەوە، عاشق و ئەوینداری چەکی ئەتۆم بوو و زۆر جاریش ئەو قسەیەی زولفەقار عەلی بۆتۆی پاکستانی دووپات دەکردەوە کە کاتی خۆی وتبووی “ئەگەر هیند چەکی ئەتۆمی درووست بکات، ئێمەش درووستی دەکەین، تەنانەت ئەگەر لە برسێتیدا ناچار بین ئاڵف و گیای ماڵات بخۆین”. ئەم ڕوانگە دوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل بە ڕادەیەک پێشوازی لێ کراوە کە تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی مەجلیس و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی باس لە هاتنەدەرەوە لە ئێن.پی.تی و پێداچوونەوە بە فتواکەی خامنەیی دەکەن.

پشتیش بە باسەکانی دوو بیردۆزی بەرجەستە و هەرەناسراوی ڕیالیستی ئەمریکایی واتە “کێنێس واڵتز” و “جۆن مێرشایمێر” دەبەستن کە پێشووتر باسیان لەوە کردووە ئێرانی ئەتۆمی دەتوانێت ڕێگری لە شەڕی هەمەلایەنەی ئیسرائیل و ئێران بکات. بە ئاشکرا نا، بەڵام لەپەناوە لە ناوەڕۆکی ئارگیۆمێنتەکانی لایەنگرانی ئەم ڕوانگە وا تێدەگەین کە دەڵێن “شێخ سەردەمانێک لە نەزانی فتوایەکی داوە و چیتر نابێ گوو بە کڵاوی بپێوین”!. کێشەی گەورەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ئێستا بە پێچەوانەی ڕۆژانی پێش لێدانی ئەمریکا لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێناچێت کۆماری ئیسلامی توانای درووستکردنی چەکی ئەتۆمی لانیکەم لە کورتخایەندا مابێت. بەڵام سەرباری ڕەخنەکان و ڕاگەیەندراوەکەی بەشێکی بەرچاو لە ڕێفورمخوازان، ڕوون و ئاشکرایە مەیل و ئیشتیای ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێستا زیاتر لە جارای جارانە. لەم ڕوانگەوە، نە کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و نە توانای درووستکردنی چەک و سیاسەتی چاوترسێنکردنی شاراوە، بەڵکوو تەنیا درووستکردنی کردەیی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئیسرائیل بەدی بهێنیت و ئەمریکا لە هەرجۆرە دەستێوەردانێکی سەربازی پاشگەز بکاتەوە. لایەگرانی ئەم ڕوانگە دەڵێن ئێمە هاوشێوەی کۆریای باکووری برسی و پەراوێزخراویش بین کە بڕیاری کۆتایی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی دا باشترە لەوەی تووشی چارەنووسی قەزافی و لیبی بین کە لە ترسی هەڕەشەکانی جۆرج بۆش دەرگای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی قوفڵ کرد. بێگومان ڕکابەرانی کۆماری ئیسلامیش بەمە دەزانن و دەشزانن دەرفەت هەبێ نییەتەکان دەبنە کردار، هەر بۆیە بەشێک لە فشار و گوشارەکانی ئەم دوواییانە بۆ یەکلاییکردنەوەی یەکجارەکی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، پەیوەندی بەم لێکدانەوانەوە هەیە!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *