ڕیفۆرمخوازان و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

پوختە

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازی و ستراتیژییەکان و بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، جارێکی دیکە مشتومڕی نێوان ڕیفۆرمخوازان و بناژۆخوازانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە چۆنێتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە پەرەی سەندەوە. بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا بە فەرمی داوایان کرد حکومەت بە مەبەستی مسۆگرکردنی مانەوەی خۆی و ڕێگریکردن لە داڕووخانی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانوستان بکات و هەروەها ئامادەیی نیشان بدات بۆ هەڵپەساردنی دڵخوازانەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەکەیان دوای پەلامارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاسایی ببێتەوە. بەڵام بناژۆخوازان بە توندی بەرامبەر ئەو داواکاریانە وەستانەوە و هاوشێوەی جارانی پێشوو ڕیفۆرمخوازانیان بە تابووری پێنجەمی ئیسرائیل و خیانەتکردن تۆمەتبار کرد و دەڵێن ڕیفۆرمخوازان خۆیان بەشێکن لەوانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەدەن. دیارە مشتومڕی نێوان بناژۆخوازان کە زۆرینەیان نوێنەرایەتی وێژمانی ڕێبەر دەکەن لەگەڵ ڕیفۆرمخوازان تایبەت بەم قۆناغە نییە و لانیکەم سێ دەیەیە ئەو مشتومڕە لە ئارادایە. سەرباری ئەوەش ڕوانگەی بناژۆخوازان بەردەوام بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا زاڵ بووە و ڕیفۆرمخوازان لە پەراوێزدا ماونەتەوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی بنچینەیی باس لە ڕوانگە و بنەما فیکرییەکانی ڕیفۆرمخوازانی ئێران بکات سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بەو جۆرەی کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها سەرەکیترین هۆکارەکانی شکست و نەزۆکی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی لە سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیدا بخاتە بەر باس.

بەرایی

سیاسەتی دەرەکی یەکێکە لە گرینگترین لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی- سیاسی هەر وڵاتێک، چونکە ژیان و مانەوەی وڵاتان بەستراوە بە چۆنی و چلۆنایەتی سیاسەتی دەرەوە. وەک پێناسەیەکی گشتی و سەرەتایی سیاسەتی دەرەوە بریتییە لە ڕێچکە و میتودێک کە دەوڵەتێک لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەیگرێتە بەر بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و بەرگریکردن لە بوون و مانەوە و بەرژوەندییەکانی خۆی. لە شانۆی پەیوەندییە نەتەوەییەکانیشدا، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان پێگە و جێگەیەکی تایبەتی هەیە. سەرچاوەی ڕەفتاری دەوڵەتان لە شانۆی نێونەتەوەییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوسیاسەتانەی کە پێشتر لە نێوخۆ داڕێژراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیان دابین بکەن. لەم نێوەدا، سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکیش لەسەر بنەمای هەندێک بەها و بایەخ دانراوە. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش کە لەم وتارەدا دەکەوێتە بەر باس، بەدەر لەم پڕەنسیپە نییە.

کاریگەری سیاسەتی دەرەوە لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئێران بە تایبەت لە نزیک بە ٢٥ ساڵی ڕابردوو کە چالاکییە نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرابوون و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران سەری هەڵدا، بە ڕادەیەک بووە کە باس و مشتومڕ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە بووەتە یەکێک لە مژارەکانی ڕای گشتی و تەنانەت باسی نێو هاوڵاتییان لە سەر شەقامەکاندا. لە نێو دەسەڵاتیشدا لانیکەم دوو بەرەی بناژۆخوازن و ڕیفۆرمخوازان بەردەوام سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە شەڕەچەقە و مشتومڕیان هەبووە. ئەگەرچی ڕوانگەی بناژۆخوازان کە بە تایبەت هێزی سەربازی و زۆربەی جۆمگەکانی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و نوێنەرایەتی ڕوانگەی سەید عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی دەکەن، تەنانەت ئەو کاتانەی کە سەرۆک کۆماری نزیک لە ڕیفۆرمخوازان لەسەر کار بووە بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا زال بووە و لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا باڵادەست بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش هەندێک گۆڕانکاری هەرچەند بە شێوەی کاتی بووبێت لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازاندا هاتووەتە ئاراوە یاخود لانیکەم هەوڵی گۆڕانکاری دراوە.([1]) ئەو گۆڕانکاریانە لە قۆناغی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماری سەید محەمەد خاتەمی و بە ڕێژەیەکی کەمتر لە قۆناغی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕۆحانیدا کە ئەمیش بە یارمەتی ڕیفۆرمخوازان دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و زۆر جار لە بەرەی ڕیفۆرمخوازان هەژمار دەکرێت، بەدی کراون.

لە ڕۆژانی دوای هێرشی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ستراتیژییەکانی ئێران و هەروەها هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە، دیسان هەرا و مشتومڕی نێوان ڕیفۆرمخوازان کە لە ئێستادا مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری نزیک لە خۆیان دەبینن لەگەڵ بناژۆخوازان سەری هەڵدایەوە. ئەم مشتومڕە بە تایبەت دوای ئەوە هات کە کەسانێک وەک میرحسێن موسەوی و مەهدی کەڕووبی لە ڕابەرانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوز، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامیی و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی سەردەمی ڕۆحانی باسیان لە پێویستی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی کرد. دواتر بەرەی ڕیفۆرمخوازان کە لە نزیکەی ٣٠ ڕێکخراو و گرووپ و کۆمەڵ پێکهاتووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، باسیان لە پێویستی گۆڕانکاری لە وێژمان و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی کۆماری ئیسلامیدا کرد وەک تاقە ڕێگەچارەی دەربازبوونی کۆماری ئیسلامیی لە قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان([2]). ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکی دەڵێن کە سیاسەتی ئێستای بناژۆخوازان هەنگاو بە هەنگاو کۆماری ئیسلامیی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات و دواجاریش وڵاتەکەیان بەرەو چارەنووسی لیبیا، عێراق و سووریا ڕادەکێشێت. بناژۆخوازان ئەوە ڕەت دەکەنەوە و لە کاردانەوەی تونددا ڕاگەیەندراوەکەی ڕیفۆرمخوازان بە هاوپێچی هێرشی ئیسرائیل، وەرگێڕدراوی لیدوانەکانی ناتانیاهۆ، بەڵگەی ملکەچکردن بۆ دوژمنی دەرەکی و ڕێگەچارەی دوژمنی دەرەکی وەسف دەکەن و واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە و بە گشتی بەرەی ڕیفۆرمخوازانیش وەک تابووری پێنجەم، وتەبێژی ناتانیاهۆ و خزمەتکارانی دوژمن ناو دەبەن. بناژۆخوازان دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانە ڕیفۆرمخوازان بانگەوازی بۆ دەکەن هاوشێوەی ڕێفورمەکانی سەردەمی گۆرباتشۆڤە لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە بوونە هۆی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت. تا ئێستا ئەمە وەڵامی داخوازییەکانی ڕیفۆرمخوازان بووە.

لەگەڵ ئەوەیدا کە لێکدانەوە و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو مشتومڕانە دەرخەری ئەوەیە کە هەم ئامانجی ڕیفۆرمخوازان و هەم بناژۆخوازان بە شێوەیەکی سەرەکی پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە نەک ئەوەی لە خەمی بەرژوەندییەکانی گەلی ئێراندا بن، بەڵام من لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم باس لە ڕوانگە و بنەما فکرییەکانی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی بکەم بەو شێوازەی خۆیان باسی دەکەن، هەروەها تێدەکۆشم وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەمەوە کە بۆچی بەرەی ڕیفۆرمخوازی بۆچوونەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەدا شکستیان هێناوە و نەزۆکن. ئەمە بەو واتایەش دێت کە خوێنەری ئەم وتارە نابێ چاوەڕوان بێت کە نووسەر بە شێوەیەکی ورد بپرژێتە سەر وردەکارییەکانی ئەم مشتومڕانەی دوایی یاخود ڕووداوەکانی ڕۆژ، بەڵکو مەبەستی سەرەکی بریتییە لە ڕوونکردنەوەی بنەما فیکرییەکان و هەڵوێستی ڕیفۆرمخوازان بەرامبەر دیاردە و بابەتە جیاجیاکانی سیاسەتی دەرەکی بەو شیوازەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. ڕەنگە سوودی ئەم هەوڵە ئەوە بێت کە خوێنەر خوێندنەوەیەکی وردتر و بنچینەییتری هەبێت لە بنەما هزرییەکان و دواتریش مشتومڕەکانی نێوان ئەو دوو بەرەیە لە داهاتووشدا لەمەڕ بابەتە جیاوازەکان.

بۆ ئەو مەبەستە ئەم وتارە لە سێ بەش پێکهاتووە: سەرەتا باس لە بنەما فکرییەکانی ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە. بەشی دووەم پرژاوەتە سەر ڕوانگە ڕیفۆرمخوازان سەبارەت بە پرسە جیاجیاکانی سیاسەتی دەرەوە. بەشی سێیەم تەرخانکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی سەرەکیترین هۆکارەکانی شکست و نەزۆکی ڕێفورمخوازی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا. لە کۆتاییدا ئەمجامی باسەکان پێشکەش کراوە…

بۆ داگرتن و خوێندنەوەی دەقی تەواوی وتارەکە لە وەرزنامەی ئێرانناسی، لێرە کلیک بکە

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *