ئێران و مێکانیزمی پەلەپیتکە

کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا، سێ وڵاتی بەریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە ڕایانگەیاند کە خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا و مۆڵەتیان بە تاران دا تا کۆتایی ئەم مانگە (ئووت) بچێتە نێو ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمییەوە، دەنا ئەو وڵاتانە دەست دەکەن بە چالاککردنەوەی مێکانیزمی پەلەپیتکە ( مکانیزم ماشه / Trigger Mechanism) و وەگەڕخستنەوەی خۆبەخۆی هەموو سزا و گەمارۆ پێشووەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا کۆتایی وەرزی هاوین. ئەمە ڕوونترین کاردانەوەی ئەو وڵاتانە بوو بە بڕیاری ئێران بۆ هەڵپساردنی بەشێک لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی. جارێ هەر سەرەتا ڕەنگە پرسیار بێت کە بۆچی نێوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا نییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا خۆی پێشووتر لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتووەتە دەرەوە و بەپێی ئەو ڕێوشوێنە یاساییە کە دانرابوو چیدیکە مافی سکاڵاکردنی نییە، بۆیە ئەو وڵاتە ئەورووپیانە ئەمجارە ئەرکی ئەم گوشارەیان بۆ سەر ئێران گرتووەتە ئەستۆ.

ئەی مێکانیزمی پەلەپیتکە چییە؟

مێکانیزمی پەلەپیتکە ڕێوشوێنێک بوو بەپێی بەندەکانی ۳٦ و ۳۷ی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشووی نێوان تاران و واشنتۆن لە ساڵی ۲۰۱٥ لە سەردەمی باراک ئۆباما کە بە ڕێککەوتنی بەرجام ناسرا. ئەو ڕێوشوێنە کە بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندی هەردوو لا بە بەڵێنەکان واژۆ کرا، ڕێگا بە ئەندامانی هەتاهەتایی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدات لەئەگەری پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لە لایەن ئێرانەوە، سزا و ئابڵۆقە و گەمارۆ پێشووەکان کە بە هۆی ڕێککەوتنەکەوە هەڵپسێردرابوون دیسان بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێننەوە. لەبەرئەوەش ناوی نراوە مێکانیزمی پەلەپیتکە چونکە بە یەک بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش هەموو سزا و گەمارۆکان وەک پێشوو کارا دەکرێنەوە و دەسەپێنەوە. بۆ ئەوەی ئەم بابەتەش لە ئەنجومەن بڕیاری لەسەر بدرێت، کارێکی سەخت و دژوار نییە و تەنیا پێویستە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەن ئیدیعای ئەوە بکات کە ئێران پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی. ئەوسا بڕیار دەدرێت و لە ماوەی مانگێکدا گەمارۆکان دەگەڕێنەوە.

جا ئەگەر بێتوو ئەو مێکانیزمە کارا بکرێتەوە چ دەبێ؟

ئەگەر ئەو مێکانیزمە بڕیاری لەسەر بدرێت، هەموو سزا و گەمارۆکانی سەر بانکەکان و داراییەکان، سزاکانی کەرتی کەشتیوانی و نەوت و گاز و قەدەغەکردنی فرۆشتن و کڕینی چەکوچۆڵ کارا دەکرێنەوە و ئەوەش وا دەکات سەرمایەکان زیاتر بچنە دەرەوە و دۆخی ئابووری ئێران شپرزەتر لەوەی ئێستا بێت. بە کورتی ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن نابێ لەگەڵ ئێران پەیوەندی بازرگانی و ئابووری و مامەڵەی چەکوچۆڵیان هەبێت. هەڵبەت ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە ئەمە تەشەنە دەکات بۆ بوارەکانی دیکە و ڕەنگە وەک پێشوو تەنانەت پەیوەندییە ئاکادێمییەکان و تەنانەت هاوردەکردنی دارو و دەرمانیش بگرێتەوە. وێرای ئەوەی کە ئێران جارێکی دیکە لە ڕووی سیاسییەوە وەک وڵاتێک هەژمار دەکرێت کە مەترسییە بۆ سەر سەقام و ئاسایشی جیهان. بۆ تاران هەواڵی خراپتر ئەوەیە کە لە ئەگەری کاراکردنەوەی ئەو مێکانیزمە ئەو وڵاتانەش کە ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە لە شەڕی ئەگەری داهاتووی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا یارمەتی ئێران بدەن، کاریان زەحمەت و قورستر دەبێتەوە، چونکە یارمەتی وڵاتێک دەدەن کە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی گەردوون.

دەزانین کە ساڵی ۲۰۱٨ دۆناڵد ترامپ دوای ئەوەی کە ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی پابەند نەبووە بەو بەڵێنانەی کە داویەتی لە ڕێککەوتنی بەرجام کە پێشتر بە “نەگونجاوترین ڕێککەوتنی مێژوو” وەسفی کردبوو هاتە دەرەوە و سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرتەبەر. کۆماری ئیسلامیش وردە وردە ڕێژە و ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەرز کردەوە. هەژدە هێندەی ئەو ڕێژەیە کە بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام ڕێگەی پێدرابوو. بەڵام ئەو کات وڵاتانی ئەورووپا هاودەنگی ترامپ نەبوون و پێیان وابوو ترامپ بە شێوەیەکی تاک لایەنە ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە. بەتایبەت کە دۆناڵد ترامپ لە هەندێکی تر لە پەیمانە جیهانییەکان و بەتایبەت پەیمانی کەشوهەوای پاریس کشابووەوە و ئەوەش ببووە مایەی نیگەرانی وڵاتانی ئەورووپا. بۆیە لە چوار ساڵی خولی یەکەمی سەرۆک کۆماریی ترامپدا سیاسەتی ئەورووپا بریتی بوو لە پابەندی بە بەرجام. ڕەنگە بەشی زۆری لەبەر ئەوەی کە ئەوان لە پێکدادانی سەربازی ئێران و ئەمریکا بە هۆکاری فراوان و بەتایبەت بە هۆی ترس لە شەپۆلی پەنابەران دەترسان. دەزانین کە پرسی پەنابەری لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە پرسێکی ئەمنییەتی بۆ ئەورووپا. واتە وا بیردەکەنەوە کە دیاردەی پەنابەری ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکانیانەوە هەیە. بۆیە ساڵی ۲۰۲۰ تەنانەت شکستیان بە هەڵمەتێکی ئەمریکا بۆ کاراکردنەوەی مێکانیزمی پەلەپیتکە هێنا.

بەڵام پێدەچێت دەستێوردانی ئێران لە شەڕی ئوکراینا و یارمەتیدانی ڕووسیا و بە تایبەت دەرکەوتنی لاوازی کۆماری ئیسلامی دوای هێرشەکانی ئەم دوواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە و بە تایبەتی تر بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە ئەورووپییەکانی گەیاندبێتە ئەو قەناعەتە کە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی لە ڕێگای گوشاری ئابووری-سیاسییەوە و بەبێ دەستوەردانی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتایی بە چالاکی و چیرۆکی ئەتۆمی ئێران بێنن.

لەو لاوە ئێرانییەکان وەک هەمیشە فرە دەنگن؛ دەستەیەکیان وەک بڵێی ئامۆژگاری ئەمریکا و ئەورووپا دەکەن و دەڵێن بۆیان نییە مێکانیزمی پەلەپیتکە کارا بکەنەوە. هەر ئەوەندە و بەس! تاقمێکیان دەڵێن نیگەران نین و بگرە گەمارۆکان وەک پێشوو نیعمەتیشن؛ دوای ئەوە هیچ نەماوە کە تەحریمی بکەن! بەڵام دەستەیەکیش هەن هێشتا وزەی هەڕەشەیان ماوە و دەڵێن بێ وەڵام نابین. ئەمانەیان دەڵێن بەکارهێنانی ئەو میکانیزمە نادادپەروەرانەیە و کاری مەزنە-شەیتانە و دەشڵێن ئەوە خودی ترامپ بوو کە سەرەتا لە ڕێککەوتنەکە چووە دەرەوە و وڵاتەکەی پابەند نەبوو بە مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکە. ئەمانە هەر ئەوانەن کە ساڵانی پێشوو هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر مێکانیزمی پەلەپیتکە چالاک بکرێتەوە لە پەیمانی ئێن.پی.تی دەکشێنەوە. بەڵام دوای هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو کارتەشیان بۆ بابەتێکی دیکە بەکارهێنا و دوور نییە دیسان بگەڕێنەوە سەر ئەو کارتەکەی هەمیشەیان: واتە گەرووی هۆرمۆز! ئەویش هێندەی ناو دەهێنن دوور نییە ئاخری ڕۆژێک بێ دەنگ لە چنگیان دەربهێنن و ئیتر بەتەواوەتی بێ چنگ و ددانیان بکەن!

بەهەرحاڵ، ئەگەر ئێران ئامادەی گفتوگۆ نەبێت، ئەگەری کاراکردنەوەی مێکانیزمی پەلەپیتکە زۆرە، چونکە کۆتا مۆڵەتی کاراکردنی ئەو مێکانیزمە بەپێی دەقی ڕێککەوتننامەکەی دە ساڵ پێش، مانگی ئوکتۆبەری ئەمساڵە و دوای ئەوە ئەو چەکەیان بەرامبەر ئێران بەدەستەوە نامێنێت.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *