وانەکانی فەلەستین بۆ کورد: سیستەمی نێونەتەوەیی و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان
بەبۆچوونی من هەرکەس کوژرانی زیاتر لە ٤۰ هەزار خەڵکی فەلەستین لە ماوەی یەک ساڵدا تێکەڵ بەو شادی و خوشحاڵیە دەکات کە لە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و بە گشتی لاوازبوونی ئەوەی پێی دەوترێت بەرەی موقاومە کە بەشێکیان دەستیشیان هەبووە لە دژایەتی کورد و کوردکوژی هەیەتی، بیر لە دیوە ترسناکەکەی تری ئەو کوشت و کوشتارەی فەلەستینییەکان ناکاتەوە. تاکی کورد هەیە ڕەنگە توندتر لە جووەکان تێکڕا هەموو فەلەستینییەکانیش بە زبڵ و پۆخڵەوات ناو دەبات و تەنانەت ئەوەش ئەو کوشتارەی پێ باش نەبێ بە لایەنگری بەرەی موقاومە دەزانێت، بێ ئاگا لەوەی لە سیستەمی جیهانی دەوڵەت-تەوەردا هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتە بێ دەنگەکان بە زەحمەت وەک مرۆڤ سەیر دەکرێن. خۆ ئەوەش نییە بڵەی کورد وەک نەتەوە پرۆژە و سیاسەتێکی ڕوونی هەیە کە لانیکەم دڵخۆشە بە لەنێوچوونی فەلەستینییەکان جێبەجێ بکرێت! دیارە من لە ڕوانگەیەکی ئایینی و تەنانەت لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقیشەوە ناڵێم، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی پوختی سیاسییەوە پێم وایە دۆخی فەلەستینی ئێستا لانیکەم ئەو چوار وانە (یان وەبیرهێنانەوەیە) بۆ کورد تێدایە:
١. لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەردا لە هەر کات و ساتێکدا ئەگەری ئوپەراسیۆنێکی کوشندە، خوێناوی و مەرگهێنەر لە دژی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و تەفروتووناکردنیان هەیە. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت دەبێ لە دوورەدیمەندا ئەو تایبەتمەندییەی سیستەمی جیهانی وەک هەڕەشەیەکیش لەسەر خۆی ببینێت. هەر هیچ نەبێ یەکێک لە زەقترین گلەیی و گازەندەکانی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەیە لانیکەم لە سەردەمی ئوپەراسیونی ئەنفالدا کەوتنە پەراوێزی بەرژەوەندی زلهێزەکان!
۲. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زۆربەی کاتەکان مافەکانی مرۆڤ دەکەونە پەراوێزی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتان. لەکۆتاییدا بەرژەوەندییەکانن کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دیاری دەکەن نەک مافەکانی مرۆڤ!
۳. شێوازەکانی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس جۆراوجۆرن، بەڵام نموونەی فەلەستین جارێکی تر سەلماندی دامەزراندنی دەوڵەت لە سەرەوەی هەموویان و گونجاوترینیانە. دەوڵەت کارامەترین و بەهێزترین کەرەسەی دەستەبەرکردن و گەرەنتیکردنی مانەوەی نەتەوەییە. لە چارەنووسی سوورپێستەکانی ئەمریکاوە تا چارەنووسی فەلەستینییەکان دەیان نموونەی تر هەن کە پێمان دەڵێن نەتەوەی بێ دەوڵەت بەردەوام مەترسی و هەڕەشەی پاکتاوکردنی لەسەرە.
٤.ئەگەر سیستەم و پێکهاتەی سیاسەتی جیهانی بە بنەما بگیرێت ، هیچ زەمانەتێک نییە ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان لە سات و کاتێکدا دەست بدەنە کۆمەڵکوژی کورد، سیستەمی نێونەتەوەیی و وڵاتانی زلهێز لەوەی زیاتر بۆ فەلەستینییەکانیان کرد بۆ کوردی بکەن. بۆیە هەمیشە باشە دەرفەت و هەڕەشەکان پێکەوە ببینرێن! سیاسەتی جیهانی هێشتا لەسەر چەرخی ڕابردوو دەگەڕێ!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!