دۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات: پێکهاتە و کارگێڕ
لە لێکدانەوەی بابەت و دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکاندا باشتر وایە هەم ڕۆڵ و کاریگەری بەستێن و پێکهاتە (structural) و هەم کارگێڕ (agency) لەبەرچاو بگیرێت. هەر ئەم ڕستەیە دەکەمە پێشەکی و ڕاستەوخۆ دەچمە سەر ئەو بابەتەی لەم ڕۆژانەدا بووەتە ڕۆژەڤ و منیش دەمەوێ لە سۆگەیەکەوە باسی بکەم: دۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.
دەبینین کەسانێک هەن بە تاقی تەنیا خودی حیزبەکان و بڕیاردەرانی حیزبی بە هۆڕەخسێن و هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە دەزانن کە لە ئێستادا تێی کەوتوون. هەندێک پێیان وایە هۆکاری سەرەکی حیزبەکانی باشوورن و وەک دەڵێن تاقە هۆ و هەگەر خەیانەتی ئەو حیزبانە لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆمەڵێکیش هەن کە دەڵێن ئەو دۆخە پەیوەندی بە سیاسەتی وڵاتانی داگیرکەری ئێران و عێراقەوە هەیە و ئەو فشارانەی ئێستا لەسەر حیزبەکان هەیە درێژەی سیاسەتە شۆڤێنییەکانی ئەو وڵاتانەیە.
بە بۆچوونی من تێکەڵاوێک لە هەر سێی ئەو فاکتەرانە باشترین ڕوونکردنەوە دەخاتە بەردەست. لەو بڕوایەدام تاوانبارکردنی حیزبەکان بەوەی کە خۆیان، خۆیان خستووەتە ئەو دۆخە ئاسانترین کارە. بە خایینکردنی یەکێتی و پارتی ئاسوودەترین ڕێگایە و ئاماژەکردن بە سیاسەتی داگیرکەران وەک تاقە هۆکار خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی نێوخۆییە. تێکەڵاوێک لەوانە ڕەنگە باشترین وەڵام بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو فشارەی لەم قۆناغەدا لەسەر حیزبەکانە.
وەک کایگەری بەستێن و پێکهاتە، دەبێ سەرەتا ددان بەوەدا بنێین کە عێراقی ئێستا لە عێراقی سەردەمی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن جیاوازە. سەدام ڕکابەرێکی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بوو و سەرباری هەموو گرفت و کێشەکانی هەوڵی دەدا هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بپارێزێت. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە نەتەوەی کورد لە هەرێمی باشووری کوردستان بە یارمەتی و بڕیاڕی وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتووەکان کاروباری خۆی بەڕێوە دەبرد، سەدام بە نیسبەت سنووربەزاندنی کۆماری ئیسلامی هەستیار بوو. هاوکات هەر وەک چۆن کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە نەیاران و دژبەرانی ڕژێمی سەدام دەکرد، بەغداش هەوڵی دەدا تا ڕادەیەک ئاسانکاریی بۆ نەیاران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بکات.
دوای ڕووخانی سەدام ئەو هاوکێشەیە بە تەواوەتی گۆڕدرا و کۆماری ئیسلامی هێدی هێدی هەژمونی خۆی لە عێراقدا چەسپاند. گەرچی ئەمریکاش ڕۆڵ دەگێڕێت بەڵام ئێستا ئیتر دەسەڵاتی بەغدا زیاتر گوێڕایەڵی کۆماری ئیسلامییە و بگرە بەشێکی زۆر لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆماری ئیسلامی دەستنیشانی دەکات. ئەو دوو قۆناغەی باسم کردن دوو قۆناغی زۆر جیاوازن . ئاساییە ئەم دوو پێکهاتە جیاوازە هەڵگری هەڕەشە و دەرفەتی جیاواز بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بن. نائاسایی ئەوەیە کاریگەری ئەو بەستێنە جیاوازانە لەبەرچاو نەگریت و بەردەوام هەموو شتێک کورت بکەیتەوە بۆ حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات!
لەم بەستێنە نوێیەدا، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەو دەرفەتە زێڕینە کە بۆی ڕەخساوە بقۆزێتەوە و هەم نەیاران و دژبەرانی لەو وڵاتە لاوازتر بکات و هەم پەرە بە نفوزی زیاتر و جێگە و پێگەی خۆی بدات. پشتی بە ئەزموونێکی سەرکەوتووش بەستووە کە موجاهدین بوون! هەر بۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا “فشارێکی هەمەلایەنە”ی خستووەتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ لانیکەم دوو ئیدیعا هێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاستی نێونەتوەییشدا شەرعییەت و ڕەوایی تەنانەت بە کردە تیرۆریستییەکانی خۆی لە ئاستی ناوچەییدا بدات. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتدارانی تاران کە خۆیان گەورە تیرۆریستی ناسراون بۆ جیهان، دەڵێن بە پێی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی وڵاتانی درواسێ ناتوانن ڕێگا بە دژبەرانی چەکدار بدەن کە لە خاکیانەوە لە دژی وڵاتێکی تر چالاکی بکەن. دەبینین هاوکاتیش کە هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە ئاستی نێونەتەوەیی و لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “ئوپەراسیونی پێشوەختە”یان لە دژی هەڕەشەیەکی حەتمی و مەترسیدار بۆ سەر تیرۆریستان [بە وتەی ئەوان] ئەنجام داوە. کەوابوو لە ئاستی جیهانیدا پشتی بەو ئیدیعایانە بەستووە کە بە ڕەواڵەت ڕەوا دەنوێنن بەڵام بە ناوڕەۆک پووچن. لە ئاستی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ عێراق، مادام دۆستەکان و گرووپە پاشکۆکانی لە بەغدا دەسەڵاتدارن، هیچ ترسێکیشی لە بەزاندنی سنوور و پەلاماردان بە شێوازی جۆراوجۆر نییە. هەر بە گەڕانەوە بۆ ئەو ئیدیعایانەش بوو کە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ بەغدا واژۆ کرد بەمەبەستی چەک کردن و هەڵبەت دواتریش لەنێوبردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.
سەبارەت بە دەسەڵات و حیزبەکانی هەرێمی باشووری کوردستان وەک فاکتەرێکی دیکەی پەیوەندیدار بە پێکهاتە، من بۆچوونم وایە کاتێک بەغدا و تاران وەک دوو دەوڵەت پێکەوە دەسازێن، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە توانای مانۆڕدانی زۆری نامێنێت و ناچارە پێمل بێ بە بڕیارەکان. ئەمە یاسایە و پەیوەندی بە حەز و ئاواتە تاکەکەسی و نەتەوەییەکانەوە نییە. دەکرێ من وەکوو تاکێکی کورد ئاواتەخواز بم سیاسەتوانانی هەرێم هەستی کوردایەتییان بجووڵێت و جیاواز لە تاران و بەغدا مامەڵە بکەن، بەڵام دوو کێشە هەیە: یەکەم، کوردایەتی بەو شێوەیە منی ڕۆژهەڵاتی ئاواتی دەخوازم شۆڕشگێڕانەیە. ئەمەش ناکرێ بچێتە قاڵبی دەسەڵاتی هەرێمەوە کە دەبێ بەپێی یاسا و ڕێساکانی عێراق و یاسا نێونەتەوەییەکان وەک ئەکتەرێکی سیاسی ئاسایی ڕەفتار بکات نەک وەک ئەکتەرێکی شۆڕشگێڕ. کێشەی دووەم و سەرەکی تر ئەوەیە کە کێشە و گرفتەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی هەرێمی باشووری کوردستان بە ئاقارێکدا ڕۆیشتوون کە “کوردایەتی” کەمترین گرنگی و کاریگەری هەیە. بگرە پەلاماردانی هێما نەتەوەییەکان بووەتە جۆرێک لە خۆنمایشکردن و لانیکەم کەرەسەیەکی بەرهەڵستیکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان. هۆکارەکانی ئەمە جیاوازن و لێرەدا دەرفەتی باسکردنیان نییە. هەر ئەوە بڵێم کە حیزبگەلێک کە لەبەر کێشە و ناکۆکی و جیاوازی بیروڕا ئامادە بن بەشێک لە خاکی هەرێم ڕادەست بکەن و کۆمەڵگەیەک کە بەنیسبەت ئەو ڕادەستکردنەی خاک بێ تەفاوت و کەمتەرخەم بێ، دژوارە بە بیانووی کوردایەتی لە پارچەکانی تر پشتیوانی بکات. ئەویش لە کاتێکدا کە بزانێت ئەو کوردایەتییە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی و دەستێوەردانی زیاتری وڵاتانی دڕندەی دەوروبەر! ئەم دۆخەی باشووریش وەک فاکتەرێک بۆ کارامەیی فشارەکانی داگیرکەران کاریگەڕە. لەم سۆنگەیەوە لانیکەم من خۆم تەنیا بە وتنی ئەوەی کە باشوور بە تێکڕایی خایینن ناتوانم خۆم قانیع بکەم کە هاوکێشەکانم بۆ ڕوون بووەتەوە. من وای بۆ دەچم تەنانەت ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش باش بەوە دەزانن کە پرسەکە کورت ناکرێتەوە بۆ خایین بوون و نەبوونی حیزبەکانی هەرێم. هەموومان دەزانین لە ماوەی دامەزرانی ئەو هەرێمەوە تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆریش یارمەتی حیزب و بەشێ لە چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیش دراوە. حاشاهەڵنەگرە کاری خراپ، هەڵە و نانەتەوەییشیان کردووە.
دێمە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە وەک کارگێڕ ناویان دەهێنم. خودی ئەم کارگێڕانەش فاکتەرێکن بۆ ڕوونکردنەوەی هاوکێشەکە. لەڕاستیدا بەشێکی ڕەنگە زۆری هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان. لانیکەم وەک ئیدیعا دەکەن ئەوان خۆیان لە بڕیاردانی سیاسیدا سەربەخۆن. بۆیە پێویستە وەک فاکتەرێکی سەربەخۆش سەیر بکرێن. نایشارمەوە من بەو جۆرە بیر ناکەمەوە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەموو خەباتی خۆیان قوربانی بەرژەوەندییەکانی باشوور کردبێت و ئەو دۆخەی ئێستایان نەتیجەی ئەو بژاردە بێت. نا! لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەو شێوازە خەباتەی ئەم چەند دەیەی ڕابردووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەندی بە فشارەکان و تەنگوچەڵەمەکان و ناهاوسەنگی هێز و هەروەها ویست و بڕیاری ڕابەرایەتی خودی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بووە. دواتر بێگومان بەشێکیشی دەمێنێتەوە بۆ ڕەچاوکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هەرێم. بەرگری لەم خوێندنەوەیەم دەکەم، چونکە سەختە وێنای ئەوە بکەم کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات توانیویانە دەستکەوتی باشتریان بۆ ڕۆژهەڵات هەبێت بەڵام تەنیا لەبەر بەرژەوەندییەکانی باشوور دەستیان لێ شۆردبێتەوە. ئەمە خۆی بەرپرسیاریەتی سیاسی- ئەخلاقی دەخاتە سەرشانی بەرپرسان. بێننە بەرچاوتان بەشێک لە ڕەخنەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کەسایەتییەکی وەک ئەحمەد تۆفێق هەر ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووەتە قوربانی شۆڕشی باشوور! جا بۆیە لانیکەم بۆ من “بەرژەوەندییەکانی باشوور” تاقە فاکتەری ڕوونکەرەوەی دۆخی ئێستای حیزبەکان نییە. جاریش هەیە بیانووی کەمکارییە!
نموونەیەکی تازەتری پەیوەندیدار بەم ساڵانەی دوایی و دیسان لە حیزبی دێموکرات دێنمەوە. “ڕاسان” لە ڕووی سیاسییەوە دەستپێشخەرییەکی گونجاو و ستراتیژیانە و لە ڕووی زەینی و مەعنەوییەوە هیوابەخش و ورەبەخش بوو. ئایا داڕێژەران و داهێنەرانی ئەو دەستپێشخەرییە هەر لە سەرەتاوە نەیاندەزانی کە بە تایبەت جێگیرکردنی هێز لەسەر سنوورەکان بابەتێکی زۆر هەستیار و بۆ ڕژێمی داگیرکەری تاران بڤەیە و زوو یان درەنگ پیلانی فشاری هەمەلایەنە و لێدانی بۆ دادەڕێژێت؟ ئەگەر پێش بینی کرابوو بۆچی دوای فشارەکانی کۆماری ئیسلامی پلانێکی ئەوتۆ بۆ کاردانەوە بەرچاو نەکەوت؟ ئەگەر پێشبینی نەکرابوو کە زۆر خراپتر! وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرینگە چونکە بەشێک لە فشارەکانی ئەم دواییانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە “ڕاسانی حیزبی دێموکرات” و سیاسەتی “ئوپەراسیونی پێشدەستانە”ی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.
کۆی ئەوانەی سەرەوە پێمان دەڵێن کە نابێ تەنیا دەست بخەینە سەر تاقە پێوەرێک و تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی تاقە فاکتەر یان لایەنێک هەوڵی لێکدانەوە بدەین. باشتر وایە هاوکات سیستەمیی ناوچەیی، پەیوەندییەکانی وڵاتانی داگیرکەر، دۆخی باشوور و خودی حیزبەکانیش لەبەر چاو بگیردرێن. من لێرەدا زۆر بە کورتی باسم کردووە و ئەمە پێویستی بە کات و نموونە بوو شیکاری زیاترە.
بەڵام لە درێژەدا و ڕەنگە کەمێ جیاوازتر لە بابەتە سەرەکییەکە و بە تەرکیزکردن لەسەر حیزبەکانی باشوور دەمەوێت ئاماژە بەو خاڵەش بکەم کە سەرباری هەمو فشارەکانی بەغدا و تاران، سەرەڕای هەموو ڕکابەرایەتی و تەنانەت دوژمنایەتییە نێوخۆییەکانی نێوان-حیزبی لە هەرێم ئەگەر مسقاڵە زەڕەیەک عەقڵانییەتی سیاسی و بیرکردنەوەی ستراتیژیانە و دووربینانە لە نێو بڕیاردەرانی باشووری کوردستاندا هەبووایەت، دەیانزانی چەندە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بن، بە هەمان ئەندازە ئاسایشی هەرێمەکەی ئەوان لە ڕووی ستراتیژییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە. پێشتر وتم نامەوێت بڵێم ئەوان دەبێ کوردایەتی بکەن. لەو دۆخەدا بۆیان ناکرێت، چونکە هەر خۆیان وێژمانی کوردایەتییان لە باشوورێک کە خەڵکەکەی هێندەی هەرسێ پارچەکەی تر بۆ کوردایەتی شەهیدیان دابوو، ئەگەر کۆتایی پێ نەهێنابێت، لانیکەم وایان کردووە کەمترین کاریگەری هەبێت. ڕاستە بەشێکی سەرکەوتنی پیلانی داگیرکەران بووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی تر پەیوەندی بە شێوازی حوکمڕانی حیزبەکانەوە هەیە. بەم پێیە، لەبەر کوردایەتی نا، لەبەر گەرەنتیکردنی “مانەوە”ی خۆیان دەبوایە ئەوپەڕی هەوڵیان بۆ مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بدایەت.
ئەوەش بڵێم خوێندنەوەی من بۆ هەڵوێستی حیزبەکانی باشوور بۆ ئەو پرسە ئەوەیە کە “پارتی دێموکراتی کوردستان” لە هەڕەشە، دەستتێوەردانەکان و فشارەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانە بۆیە هیوادارە بە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئێمە بەشێکین لە عێراق و یاسای نێودەوڵیتش ڕێگا نادات لە خاکمانەوە دژی دراوسێکان چالاکی بکرێت تا ڕادەیەک چالاکی حیزبەکان بەرتەسک بکاتەوە بەو هیوایە کە کۆماری ئیسلامی “ڕازی” بکات. بە باشی دەزانم سیاسەتی پارتی ناو بنێم “سیاسەتی ڕازیکردن یان دەمبەسکردن”. “یەکێتی نیشتمانی کوردستان” پێ دەچێت بڕێک توندتر بێت. یەکەم لەبەر پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ تاران. دووەم لەبەر دۆخی نالەباری ئێستای ئەو حیزبە. سێیەم لەبەر دەسەڵاتگرتنی نەوەیەکی نوێ کە وا دەردەکەوێت تەنانەت شارەزای مێژووی حیزبەکەی خۆیان نین و بە ئاسانی و بە شێوەیەکی ناگونجاو بەشێکی دادەماڵێن. چوارەم و گرینگتر لەوانە ئەوەیە کە ئەو حیزبە زیاتر لەوەی بەدوای “ڕازیکردنی” کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان بێت، خوازیاری پەلکێشکردنی زیاتر بە هیوای وەرگرتنی “غەنیمە و دەستکەوتە”. ئەم سیاسەتە لەسەر ئەو بڕوایە هەڵچنراوە کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت دۆستێکی هەتاهەتایی بێت. لەو لاوە، نزیکایەتی پارتی لە تورکیا دەتوانێت ئەم باوەڕە پتەوتر بکاتەوە!
هەر دووی ئەو ڕوانینانە وەهم و هەڵەن. لاوازکردن و بگرە لەنێوچوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هاوکات هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پ.ک.ک لە لایەن تورکیاوە، لەڕاستیدا نەک هیچ خزمەتێک بە هەرێم ناکات بەڵکوو، سەرەتای داپاچینی ئەو هەرێمەیە. ئەگەر ئەو سیاسەتەی داگیرکەران سەر بکەوێت، ڕۆژێک دا دێت هەرێمێکی بێ چنگاڵ خۆی ڕووبەڕووی دڕندە چڕنۆکتیژەکان دەبینێتەوە. شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شانۆی جێبەجێکردنی یاسا و گوێدان بە ڕێککەوتنەکان نییە، شانۆی سیاسەتی هابزیییە: وەک چۆن مرۆڤ گورگی مرۆڤە بە هەمان شێوە ئەکتەرە سیاسییەکان وەک دوژمنی دڕندە و گورگی برسی سەیری یەکتر دەکەن. هەستی کوردایەتی نا، بەڵکوو عەقڵانییەتی سیاسی دەڵێت حیزبەکانی باشوور دەبێ ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدایەت خەلەلیان بۆ ئەو ڕێککەوتنانە درووست بکردایەت جا بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەلوا. بە زێدەڕۆیی نازانم ئەگەر بڵێم حیزبانەکان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هێندەی چەکێکی ئەتۆمی لە ڕووی ستراتیژییەوە دەتوانن خزمەتی “مانەوەی هەرێم” لە ڕۆژە چارەنووسسازەکاندا بکەن.
گرینگیدان بەو فاکتەرانە بیرکردنەوە و عەقڵی ستراتیژیانەی دەوێت! کە پێ ناچێ ببێت. هیچ بوونەوەرێکی سیاسی وەک کوردی هەرێم ناکات کە لەکاتێکدا چەندین گورگی دڕندە دەوریان داوە، یەکە یەکە ددانەکانی خۆی بکێشێت! هاوکاریکردنی داگیرکەری فراوانخواز بەو هیوایە کە یان “ئیمتیاز و غەنیمە”یەک بدات یان لە “ڕێژەی هەڕەشەکانی” کەم بکاتەوە، لە سیاسەتدا وەهمە. بەپێچەوانە بە لاوازکردن و تەنانەت لە نێوبردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نیەتی دوژمنکارانە و تەماحی تاران بەرامبەر هەرێم زیاتر دەبێ و ئەو هەرێمە دەبێتە تیکەیەکی ئامادەتر بۆ هەڵلووشان. کە کارتی گەمە نەما، ئەوەی لەلایەن بەهێزەکانەوە فەرمان دەدرێت دەبێ باشتر و خێراتر لەلایەن بێ هێزەکانەوە ئەنجام بدرێت!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!