ستراتیژی بەرپەرچدانەوە لە سیاسەتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیدا

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا و بە تایبەت دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام باس لە پاراستن و سەلماندنی توانای بەرپەرچدانەوە [بازدارندگی]ی خۆیان دەکەن. نزیکەی دوو ساڵ پێش لە وتارێکدا لەژێرناوی “بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە؛ سیاسەتی مووشەکیی ئێران” هەوڵم داوە باس لە ناوەڕۆکی ستراتیژی بەرپەرچدانەوە بە گشتی و ستراتیژی بەرپرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی و ڕۆڵی جبەخانەی مووشەکی لەو ستراتیژییەدا بکەم. ئەو بەشەی لە خوارەوە دامناوە ڕوونکردنەوەیەکە سەبارەت بە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی. لینکی کۆی وتارەکە لە لە کۆتاییدا دانراوە بۆ ئەو هاوڕێیانەی حەزیان لە خوێندنەوەیەتی.
ستراتیژی بەرپەرچدانەوە لە سیاسەتی سەربازیی کۆماری ئیسلامییدا
ئەگەرچی وردەکاریی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی، وەکو بەڵگەیەکی نووسراو بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە لێکدانەوەی هەندێ وتار و ناوەڕۆکی لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، دەکرێت تا ڕادەیەک تێبگەین مەبەستیان لەو ستراتیژییە چییە؟
بە گشتی لە ئێراندا ئاماژە بۆ دوو جۆر بەرپەرچدانەوەی ڕیک یا هاوخشت (Symmetric) و ناڕێک یاخود ناهاوخشت (Asymmetric) دەکرێت. بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی دوو جۆر هەڕەشەی هاوخشت و ناهاوخشتە. هەڕەشەی هاوخشت وەکو ئەو هەڕەشانەی لە لایەن دەوڵەتێکی ئاسایی وەکو ئیسرائیلەوە لێیان دەکرێت و هەڕەشەی ناهاوخشت وەکو ئەوانەی خۆیان بە هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەکان و هەڕەشی نەرم و کلتووری ناوی دەبەن. بەم پێیە باس لەوە دەکرێت کە ستراتیژی سەربازی ئێران لەسەر بنەمای ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنە دانراوە، کە بەرەنگاری هەر دوو جۆرە هەڕەشەکە ببێتەوە. بۆ نموونە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ناهاوخشتی سایبەری ڕێکخراوی ئەرتەشی سایبەری دامەزراوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی هاوخشت، جۆرە جیاوازەکانی چەک هاوردە دەکرێن یان بەرهەم دەهێنرێن.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی گرنگییەکی فراوان بەو ستراتیژییە دەدەن، بە چەشنێک کە لە هەندێ لە بەڵگە ستراتیژییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە. بۆ نموونە “بەڵگەنامەی ئاسۆی ١٤٠٤” [سند چشم انداز ١٤٠٤]ی کۆماری ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات سیاسەتی ئەو وڵاتە بریتییە لە “بەرگری لەسەر بنەمای بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنەیە”. محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت، سیاسەتی سەربازی ئێران بریتییە لە “بەرگریی و بەرپەرچدانەوە لەسەر بنەمای وەشاندنی گورزی یەکلاکەرەوە، بەهێز و خێرا لە مەودای دوور و نزیکەوە لە دوژمن”. حەسەن فیروزئابادی سەرۆکی بنکەی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕایگەیاندبوو، دۆکترینی بەرگریکارانەی ئێران لەسەر بنەمای بەرپەرچدانەوە دانراوە. عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لەو بارەوە دەڵێت: ” ئەوەی تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی بەدەستیهێناوە… بۆ بەرپەرچدانەوە بەدەستیهێناوە. لەمەبەدواش بەو ئاقارەدا دەچێت… تا بۆمان بکرێت هەموو هەوڵیک دەدەین توانای بەرپەرچدانەوەمان بەرز بکەینەوە… بۆ ئەوەی دوژمن بیر لە هێرش نەکاتەوە و ئاگادار بێت کە ئەگەر پەلامار بدات، گورزێکی گەورەی بەر دەکەوێت”. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە “توانا و گورزی بەبڕشتی کۆماری ئیسلامیی لە بواری بەرگریدا، لەڕاستیدا توانای بەرپەرچدانەوەی ئێرانە”.
ئەم بەرپەرچدانەوە کە بەرپرسانی ئێران باسی لێدەکەن پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت، کە بریتین لە:
یەکەم: کۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە تایبەت سوپای پاسداران و ئەرتەش کە هەر یەک لەوانە خاوەن هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و هێزی زەمینی تایبەت بە خۆیانن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموو هەوڵەکانی ئەو هێزانە لە بواری بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنی چەکی جۆراوجۆر، لەوانە فڕۆکەی جەنگی، تانک، درۆن، سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی، تاقیکردنەوەی مووشەکە جۆراوجۆرەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنان و توانای شەڕکردنی هێزەکان، دروستکردنی کەشتی جەنگیی و بەلەمە خێراکان و ژێردەریایی و بۆمبهاوێژەکان و جۆرە جیاوازەکانی ڕادار و کەلوپەلی شەڕی ئەلکترۆنی و دروستکردنی بنکە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکان بۆ پتەوکردنی بەرپەرچدانەوەیە.
دووەم: توانای بەئامانجکردن و پەلاماردانی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە.
سێیەم: کەڵکوەرگرتن لە یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچە، ئەمەیان ئاماژەیە بۆ کاری تێکدەرانە لە لایەن گروپە میلیشیاکانی سەر بە تارانەوە،
چوارەم: هەڕەشەی داخستنی ڕیگاکانی هەناردەکردنی وزە، ئەمە بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە ئێران بەردەوام هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموز دەکات، بەرجەستەتر بووەتەوە و نیگەرانی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژاوای لێ کەوتووەتەوە.
پێنجەم: جەنگی ناهاوخشت کە ئاماژەیە بۆ لێدان و زیانگەیاندن بە شارەکانی دوژمن، دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا و بەنداو و، تێکدانی سیستەمی زانیاریی لایەنی بەرامبەر و شەڕی سایبەری.
شەشەم: تیرۆر، کە لە ئێراندا بە ئۆپەراسیۆنی ئیستیشهادی ناو دەبرێت. ئەمە بەئاشکرا ئاماژەیە بۆ بژاردەی تیرۆر. بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان هەم دەتوانێت بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی ئیستیشهادی بێت و هەم بەشێک لە شەڕی ناهاوخشت.
حەوتەم: بەکارهێنانی مووشەک.
لەناو ئەو فاکتەرانەدا کۆماری ئیسلامیی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو زۆرترین گرنگی بە دوایین فاکتەر، واتە بەرهەمهێنانی مووشەک بۆ پتەوکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوە داوە. ڕەنگە ئەوەش لەبەر دوو هۆ بێت، یەکەم، لەبەر کێشە و گرفتی کۆماری ئیسلامیی بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەر و پێکهێنانی هێزی ئاسمانی تەواو بەهۆی گەمارۆی ئەمریکا و دووەم، تێچووی کەمی بەرهەمهێنانی مووشەک کە بە چەکی هەژاران ناسراوە.
ڕۆڵی مووشەک لەو ستراتیژییەدا هێندە گرنگە کە هەندێ لە نووسەران و شارەزایان ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئێران دابەشدەکەن بۆ دوو جۆری بەرپەرچدانەوەی نەریتی و بەرپەرچدانەوەی مووشەکی. بۆیە کۆماری ئیسلامیی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکیی بنیات ناوە….

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *