ئێران و داڵانی زەنگەزۆر
ئێرانییەکان دیسانەوە باس لە خەیانەتی ڕووسیا دەکەن و دەڵێن پۆتین لە پشتەوە خەنجەری لێ داون. بۆچی؟ چوونکە ڕووسیا بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئازەربایجان ڕەزامەندی خۆی نیشان داوە بۆ کردنەوەی ڕێڕەو یان داڵانی زەنگەزۆر. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی ئێران و خامنەای لە باڵاترین ئاستدا بە ڕوونی ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ کردنەوەی ئەو داڵانە نین و گۆڕینی سنوورەکانی ناوچە بە هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی خۆیان دادەنێن. لە بەرامبەردا تورکیا و ئازەربایجان لەگەڵ کردنەوەی ئەو داڵانە بوون.
پێشتر لە سەرەتای پاییزی ساڵی ۱۳۹۹دا ئازەربایجان توانی بە یارمەتیی تورکیا و ئیسرائیل، ناوچەی قەرەباغ بخاتەوە ژێر هەیمەنە و کۆنتڕۆڵی خۆی. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی بە فەرمی پشتیوانی لە کۆماری ئازەربایجان کرد، بەڵام هاوکات دەسەڵاتگرتن و بەرزبوونەوەی پێگەی تورکیا و نفوزی زیاتری ئیسرائیل لەو ناوچە بووە هۆی نیگەرانیی ئەو وڵاتە. لە هاوینی ساڵی ١٤٠١دا، دیسانەوە پێکدادانێک لە نێوان ئەرمەنستان و باکۆ ڕووی دا. کۆماری ئیسلامیی ئێران خێرا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئازەربایجان دەیەوێت پارێزگای “سیونیک” کە ٤٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە داگیر بکات و دوای ئەوە هەوڵی درووستکردنی داڵانی “تورانی” یان “زەنگەزور” بدات. ئەم ناوچەیە هەم ئەرمەنستان گرێ دەداتەوە بە قەرەباغی کوێستانی و هەم دەتوانێت ئازەربایجان گرێ بداتەوە بە نەخجەوانەوە. نەخجەوان لە باشووری قەفقاز و باکووری ڕووباری ئەرەس هەڵکەوتووە. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی ئەرمەنستانە و لە باشوورەوە لەگەڵ ئێران هاوسنوورە و لە ڕۆژائاواشەوە سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا هەیە. هەرچەندە بەشێکە لە خاکی ئازەربایجان بەڵام لە خاکی سەرەکی ئەو وڵاتە دابڕاوە و باکۆ لە ڕێگای زەمینییەوە دەستڕەسی پێ نییە. ئێران دەیەوێت ئازەربایجان لە ڕێگای ئێرانەوە دەستی بەوێ بگات. لە سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەتدا لە ڕێگەی داڵانێکەوە ڕووسیا، ئازەربایجان، ئەرمەنستان و نەخجەوان پێکەوە گرێ دەدرانەوە، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆیی وڵاتانی ناوچەی قەفقاز ئەو ڕێگایە داخرا. ئێستاکە ئازەربایجان دەیەوێت داڵانی زەنگەزور بکاتەوە. دەوترێت بڕیارە ڕووسیاش کۆنتڕۆڵی بکات. ئەمە بۆ ئێران تۆقێنەرە!
بەرپرسان کۆماری ئیسلامی دەڵێن ئەوە پیلانێکە بۆ دەوردانەوەی ئێران. پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکیا لەگەڵ نەخجەوان هاوسنوورە، کردنەوەی داڵانی زەنگەزور بە واتای پێکەوەلکانی تورکیا، نەخجەوان و ئازەربایجانە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت ڕێگەی ترانزیتی ئێران دەور بدەنەوە. جگە لەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو داڵانە لەلایەن ڕووسیا یان ئازەربایجانەوە بەمانای کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ ئەرمەنستان. ئەمە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگای وڵاتی چین هەبێت کە بەشێکی لە ئێرانەوە تێ دەپەڕێ و دەتوانێت داهاتێکی زۆری بۆ ئێران هەبێت. جگە لەوە تورکیا دواتر دەتوانێت بەشێکی زۆر لە وزە و بەتایبەت نەوتی خۆی ڕاستەوخۆ لە ئازەربایجان هاوردە بکات و پێویستیی زۆری بە وزەی ئێران نەمێنێت.
بێ هۆ نەبوو کە ئەو کات کە ئەو هەواڵانە بڵاو بوونەوە “ئەمیر عەبدوڵاهییان” وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی خێرا سەردانی ئەرمەنستانی کرد و کونسولگەریی ئێرانی لە پارێزگای سیونیک کردەوە. لە سەرەتای پاییزی ١٤٠١شدا، هێزی زەمینیی سوپای پاسداران مانۆڕێکی سەربازیی بە ئامادەبوونی حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپا و هەندێ لە فەرماندە باڵاکانی ئەو هێزە لە نزیک ڕووباری ئەرەس بەڕێوە برد. میدیاکانی ئێران پەیامی ئەو مانۆڕەیان وەک هۆشدارێک بە بەرپرسانی باکۆ سەبارەت بە گۆڕینی سنوورەکانی ناوچە گواستەوە. سەرۆکی ئازەربایجان وتی کۆماری ئیسلامی و ئەرمەنستان زیاتر لە سی ساڵە مادە هۆشبەرەکان هەناردەی ئەورووپا دەکەن. وەک کاردانەوەی کردەییش سوپای وڵاتەکەی جارێک بە بەشداری پاکستان و تورکیا و جارێکیش لەگەڵ تورکیا مانۆڕی سەربازیی بەڕێوە برد. ئەوەش، کۆماری ئیسلامی نیگەرانتر کرد.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەو باسە تا ڕادەیەک پەراوێز کەوتبوو، بەڵام لەم دواییانەدا دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان بۆ ئێران و دیدار لەگەڵ خامنەیی و سەفەری پوتین بۆ ئازەربایجان، دیسان باسەکە گەرم بووەوە. پوتین بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیلهام عەلی یێف و بەبێ لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی تاران، پشتیوانی خۆی بۆ کردنەوەی ئەو داڵانە دەربڕیوە. ئێرانییەکان کە ئەوە لە دژی خۆیان و بە پرۆژەیەکی دژە ئێرانی دەزانن تووڕەن و وەک خەیانەتی ڕووسیا ناوی دەهێنن. ڕووسیا دەڵێت ئەوە واقێعە و پێویستە ئێران ددانی پێدا بنێت.
هەندێک لە چاوەدێران دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە ئێران و ئەمریکا لە ڕێککەوتنێک نزیک بووبێتنەوە و ئەوەش هۆکاری ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا بێت! دوور نییە!
بۆ بینینی ئەم ڕاپۆرتە بە شێوەی ڤیدیۆ کلیب کلیک لێرە بکە
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!