دوو گریمانەی هەڵەی بڕیاردەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە سیاسەتی فشاری هەمەلایەنەی ئێران
بەبۆچوونی من دوو گریمانەی هەڵە بڕیاردەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کڕومات کرد. یەکەم، ئەوەی کە پێیان وابوو جووڵەکانی کۆماری ئیسلامی ( ئەوەی من پێشتر لە چەند وتارێکدا بە قۆناغێکی نوێ و “فشاری هەمەلایەنە” ناوم هێناوە) هەموویان شات و شووتن و لەبەر کێشە ناوخۆییەکانی بلۆف لێ دەدات و “فرافکنی” دەکات. لەبیرم دێ کاتێک پێش سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا لەگەڵ چەند هاوڕێیەک نووسیمان فشارەکانی ئەم قۆناغە جیاوازن لە قۆناغەکانی پێشوو، هەبوو لە ڕابەرایەتی یەکێک لە حیزبەکاندا دەینووسی هیچ نییە و تەنیا هات و هاواری سەرچاوەگرتوو لە کێشە نێوخۆییەکانە!
دووەم گریمانەی هەڵە ئەوە بوو کە گوایە فشارەکان لەگەڵ ڕاپەڕینی ژینا دەستیان پێ کرد. ئەمە بە ئاشکرا گریمانەیەکی هەڵە بوو. ڕاستە هێرشە مووشەکییەکان لەو کاتەدا بوون، بەڵام تێگەیشتن لە خۆئامادەکردنی پێشتری کۆماری ئیسلامی پێویستی بە ئای کیو و زیرەکی ئەنەشتاین نەبوو.
بەشێک لە سیاسەتی کردەیی لەسەر گریمانەی زەینی دادەڕێژرێت و گریمانەی هەڵە لێکەوتەی نابەدڵی دەبێت.
با ئەوەش بڵێم کە هەر لەو کاتەوەی کە کۆماری ئیسلامی فشاری هەمەلایەنەی خستە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کەمترین چاوەڕوانی ئەوە بوو کە پەیوەندی نێوان حیزبەکان هەندێ ئاڵوگوڕی بەسەردا بێت. هەست دەکرا خەمخۆرانی حیزبەکان بە تێکڕا ئەو چاوەڕوانییەیان هەبوو، بۆیە من ئەوکات لە چەند کورتە نووسینێکدا باسم لە پێویستی “خۆیارمەتی” کرد. خۆ ئەگەر نەڵەین بەپێچەوانەوە زیاتر لێکترازان و نەمانی ناوەندی هاوکاریش خۆی بەڵگەیەکی گرینگە بۆ ئەو بۆچوونە، لانیکەم کەس بە چاو نەیبینی و پێم وا نییە کەسیش بەڵگەیەکی هەبێت بۆ باسکردن لە شێوازێکی باشتر و گونجاوتر لە پەیوەندییەکان.
کە هاوڕێیەک لێم دەپرسێت بۆچوونت سەبارەت بەو فشار و هەڵسوکەوتە لەگەڵ “کۆمەڵە” دەکرێت چییە؟ هەست دەکەم لە سیاسەتدا کڵۆڵم و هیچم پێ نییە. دەزانم لە ئاستی چاوەڕوانی هەندێ لە هاوڕێیانیشدا نیم، چونکە ناتوانم بە ئاسانی بڵێم یەکێتی خایینە. ناڵێم خایینیش بێت هەر کوردە، دەڵێم تەنانەت خایینان و بگرە دوژمنانیش پێش ئەوەی پیلانێک جێبەجێ بکەن، سەیر دەکەن بزانن تۆ خۆت چیت و چیت پێ دەکرێت. کردەی سیاسی- سەربازی هەمیشە قۆناغێک دوای هەڵسەنگاندنی خەسار و دەستکەوتەکانە!
من ئەمڕۆ لە بری تیۆری و ڕوانگەی سیاسی هەر ئەم پەندەی “پیرەمێرد” لە مێشکمدا دەزرینگایەوە:
دنیا وەک ڕێوی بە فڕوفێڵە
هەر کەسەو لە دووی کاری خۆی وێڵە
ئێمەش وەک کەروێشک ڕۆژ نووستوو وکاسین
تا دیاری نەکەن لە خەو هەڵناسین
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!