ناسیونالیزم وەک چەکی بەهێزی دژ بە داگیرکاری

بێ هۆ نییە کە بەردەوام دەوترێت ناسیونالیزم هێشتا بەقەوەتترین و کاریگەرترین ئایدۆلۆژیای سەر گۆی زەوییە. لە هەرسووچێکەوە سەیری شانۆی سیاسەتی ئەم  گەردوونە بکەیت سەنگ و شەوکەتی ئەو ئایدۆلۆژیا بەبڕشتەت بۆ دەردەکەوێت. بۆ وڵاتانی زلهێز، وڵاتانی مام ناوەند، وردە وڵاتان و تەنانەت نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ڕێز لە ناسیونالیزم نەگرن؛ سەختتر لەوەش ئەوەیە کە لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتەکانی خۆیاندا، حسێب بۆ ناسیونالیزمی “ئەوانی تر” نەکەن!

لێرەدا باسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم؛ تەنانەت بەشێکی زۆر لە بڕیادەرانی سیاسی ئەو زلهێزە بەو ئاکامە گەیشتوون کە ڕەنگە نەتوانن بەرامبەر ناسیونالیزمی باقی وڵاتان و بگرە وڵاتانێکی لاواز و شکستخواردوو خۆڕاگری بکەن. ئەوان بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا خوێندنەوەیان ئەوە بووە کە “ناسیونالیزم” چەکێکی بەهێزە کە دەتوانێ بە ئاسانی دژ بە داگیرکاری سوودی لێ وەربگیردرێت و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێجگار دژوارە. ڕەنگە ئەمەش یەکێک بێت لەو هۆکارانە کە دوای ئەزموونی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق لە سەردەمی بۆش و لە لیبی لە سەردەمی ئۆبۆمادا ئیتر سیاسەتوانانی ئەو وڵاتە بە دەگمەن باسیان لە دەستێوەردانی دەرەکی کردووە. ئەوە هیچ، بایدن بە کردە لە ئەفغانستانیش کشاوە و ئەو وڵاتەی ڕادەستی ئەو هێزە کردەوە کە دوو دەیە پێشووتر بە هێرشی سەربازی وەلای نابوو.

ڕابەرانی ئەمریکا ئاگادارن کە توانای ئەوەیان هەیە شکست بە ملهۆڕترین ڕکابەری خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە بهێنن، بەڵام دەشزانن دواجار ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ناسیونالیزمەی لە دژی هێزی دەرەکی سەر هەڵدەدات، پڕتێچوویە. وەک پێشتر وتم هۆکارەکەی ئەوەیە کە ناسیونالیزم هێشتا گەورەترین و بەهێزترین ئایدۆلۆژیای سیاسی ئەم هەسارەیە. هەر نەتەوەیەک وەک باقی نەتەوەکان حەزی لە سەربەخۆیی و بڕیاردانە بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. ئەمە بە تایبەت لە وڵاتانێکدا کە جیاوازی کلتوورییان لەگەڵ ئەمریکادا زۆر بێت دەتوانێ پڕدەردیسەرتر بێت. نموونەی ئەفغانستان لەبەردەم سیاسەتوانانێکی وەک کامالا هریسی دێموکرات و دۆناڵد ترامپی کۆماریخوازە بۆیە سەیر نییە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی جۆرج  بۆش و تەنانەت سەردەمی ئۆباما نەک باسی هەناردەکردنی دێموکراسی و دەستێوەردانی دەرەکی ناکرێت بەڵکو هەوڵ دەدەن دژ بەو سیاسەتانەش هەڵوێست بگرن. وای دەنوێنن کە زۆرینەی کێشەکانی وڵاتەکەیان پەیوەندییان بە سیاسەتەکانی یەک دەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە هەیە. مانایەکی ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو ڕیالیزمێکی توند و تۆڵتر دەچێت. ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە لیبرالیزم کە مەیلی زیاتری بۆ دەستێوەردانی دەرەکی  – تەنانەت مرۆڤدۆستانە- هەیە دوورتر دەکەوێتەوە، مەگەر ئەوەی بەرژەوەندییە سەرەکییەکان یان هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بکەونە مەترسییەوە. دیارە ئەمە بە دڵی کورد و هەر نەتەوەکی تر کە لە چوارچێوەی وڵاتانی فرە نەتەوەی نادێموکراتدا بژیت، نابێت؛ ڕەنگە یەکێک لەو هۆکارانەش کە بەشێک لە کوردەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم ساڵانەی دوایی ئەمریکا ناڕازین، هەر ئەوە بێت. زۆر دەبیستین کە بە زمانێکی عامیانە دەوترێت بایدن و ترامپ هەر یەک شتن. ئەمە ڕاستی تێدایە: خاڵی هاوبەشیان لە ئێستادا گرینگیدانە بە ڕیالیزم!

هەڵبەت نامەوێت بڵێم ناسیونالیزم تاقە هۆکارە بۆ ڕووتێکەری زیاتری ئەمریکا لە ڕیالیزم  و ڕووهەڵگەڕانی لە دەستێوەردانی لیبرالیانە؛ بێگومان هۆکارەکان زۆرن، لەوانە:  ڕووتێکردنی سیستەمی جیهانی بەرەو چەندجەمسەری و بەتایبەت مەیلی وڵاتانێکی ملهۆڕی وەک ڕووسیا، ئێران و چین بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی، تێچووی گیانی و ئابووری دەستێوەردانەکان، ترس لە شەپۆلی پەنابەران بە تایبەت لە نێو هاوپەیمانانی ئەورووپایی، ناسەقامگیری ئەو وڵاتانەی کە دەکرێنە ئامانج و ئەگەری ڕەخسانی دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان.

من لێرەدا تەنیا تەرکیزم لەسەر ناسیونالیزم بوو وەک فاکتەرێکی گرینگ. لەم بارەوە ڕیالیستەکانی ئەمریکا تا جێگایەک دەچنە پێش کە دەڵێن لەکۆتاییدا ئەگەر ئەمریکا لەوەشدا سەرکەوتوو بێ کە دوای دەستێوەردانێک، دێموکراسی لە وڵاتی ئامانج جێگیر بکات دیسان دەرفەت بۆ پەرەسەندنی ناسیونالیزم لە ژینگەیەکی کراوەدا دەڕەخسێت و  ڕۆژێک دادێت کە خوازیاری ماڵئاواییکردن لە ئەمریکا دەبن. هۆکار ئەوەیە کە ناسیونالیزم توانای جووتبوونی لەگەڵ هەموو ئایدۆلۆژیا و سیستەمێکدا هەیە. ئامانجی سەرەکیشی لەبنەڕەتدا مانەوە و دواتر سەربەستی نەتەوەییە. سەرکردەکەکانی وڵاتانی ئیسلامی، سۆسیالیستی و لیبرال جیاوازییان زۆرە، بەڵام هەموویان لەوەدا هاوبەشن کە ناسیونالیستی پڕخڕۆشن.

بەم نموونەیەش ویستم بڵێم، ناسیونالیزم هەمیشە چەکێکی بەهێزی دژ بە داگیرکاری بووە. تەنانەت زلهێزانیش ناتوانن وەک توخمێکی بەهێزی یەکلاکەرەوە لەبەرچاوی نەگرن. باسکردن لە “کۆتایی سەردەمی ناسیونالیزم” جارێ وەهمە…

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *