کایەی جووچکە
یەکێک لە گرینگترین مودێلەکان لە تیۆری کایەکاندا مودێلی جووچکە یان هەرزەکاری ترسنۆکە. داڕێژەرانی ئەم مودیلە دەڵێن وای وێنا بکەن دوو کوڕە لاو یان هەرزەکار بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازێک یان هەر شتێک کێبڕکێ دەکەن. با من لێرەدا نموونەی کچێک بهێنمەوە. کەوابوو وای دابنێن دوو هەرزەکار دڵیان بە کچێکی شۆخ و شەنگەوە هەیە و دەیانەوێت بیهێنن. هەر یەک لەو دوو هەرزەکارە دەیەوێت شکست بەوی تر بهێنێت و خۆی کامڕەوا بێت و بە مرادی دڵی خۆی بگات.
ئەگەر ئیمتیازەکە بە جۆرێک بێت کە دابەشکردنی سەخت یان ناممکین بێت، دوور نییە کار بەرەو “دۆئێل” بڕوات. جا ئێستا وێنای بکەن ئەو دوو عاشقە هەرزەکارە لە جادەیەکدا بە ئۆتومبێلەکانیان بە خێرایی تەواو بەرەوڕووی یەکتر دەچن و هەر یەکەیان وای دەنوێنێت کە بە هیچ جۆرێک نایەوێت لا بدات و بڕیاری داوە ڕێگای خۆی بچێت و لەوی تر بدات. هەر کامەیان دەیەوێت ئەوی تر بتۆقۆنێت بۆ ئەوەی لا بدات و دەست لە کێبڕکێ هەڵبگرێت. تەنانەت دوور نییە یەکێکیان یان هەردووکیان واش بنوێنن کە فەرمانی ئۆتۆمبێلەکەیان وا لێ کردووە کە ئیتر ئیمکانی لادانی نییە و هەر ڕاستەوخۆ دەڕوات. ئەنجام و ئاکامی ئەم کێبڕکێ و دوئێلە یەکێک لەم سێ حاڵەتەی خوارەوە دەبێت:
-یەکەم، ئەگەری ئەوە هەیە یەکێکیان بترسێت و لا بدات و دەست لە کێبڕکێ هەڵگرێت. ئەو کەسە دۆڕاوە و لایەنی بەرامبەر هەموو ئیمتیازەکان دەچنێتەوە و دەبێتە پاڵەوان و لە نموونەکەی مندا دڵی کچە دەبات و دەیباتەوە. لایەنی دۆڕاو وەک جووچکە یان لاوێکی ترسنۆک سەیر دەکرێت. هەر لە کوردیشدا زۆر جار دەبینن و دەبیستن کاتێک دوو کەس پێکەوە دەکەونە دەمەقاڵە یەکیان دەڵێت “تۆ هێشتا جووجەڵەیت”. واتە بۆ من “هیچ” نیت و دەبێ لێم “بترسیت”. بە هەر حاڵ، لەم حاڵەتەدا لایەنێک بە تەواوەتی شکست دەخوات هەموو ئیمتیازەکان بۆ لایەنی بەرامبەر دەبێت. هەڵبەت ئەمە ئاسان قەبووڵ ناکرێت چونکە پەیوەندی بە ئابڕووەوە هەیە. دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەم خاڵە.
– دووەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە هیچکامیان لا نەدەن. ئەنجامی ئەم حاڵەتە کە هەر دووکیان پێداگرن لەسەر ئەوەی حەتمەن براوەی گەمە و کایەکە بن و هیچ ئیمتیازێک بەوی تر نەدەن، کارەساتبارە: ئۆتۆمبێلەکان شاخ بە شاخ لێک دەدەن و هەردووکیان دەدۆڕێن و دەمرن. هەر نەبێ مرۆغەیان دەپچڕێ و ئیفلیج دەبن. واتە هیچیان هیچ دەستکەوتێکی نابێت. ئەم خراپترین حاڵەتە ئەنجامی پێداگری هەر لایەنێکە بۆ باشترین حاڵەت و دۆخ و دەستکەوت تەنیا بۆ خۆی. هەر کامیان بڕیاری کۆتایی داوە شکستی یەکلاکەرەوە و ئابڕووبەرانە بەوی تر بهێنێت.
– سێیەم حاڵەت، ئەو ئەگەرەیە کە هەردووکیان لا بدەن. لەم حاڵەتەدا کەسیان دەستی بە ئیمتیازەکان یان لە نموونەکەماندا بە کچە ناگات، بەڵام ئەوەی هەیە زیندوو دەمێننەوە و نادۆڕێن و ژیان بەردەوامە. ئیمتیازەکانیان یەکسانە. ئەم زیندوو مانەوە بەرهەمی ئەوەیە کە هەردووکیان حەزیان لە ژیانە و نایانەوێ ڕیسک بکەن و کۆی ژیانیان قوربانی تاقە شتێک بکەن. لادان بڕیارێکی دڵخواز نییە بەڵام ئەنجامەکەی باشتر لە فەوتانی دوو لایەنە.
ئەم مودێلی کایە بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی زۆرێک لە ڕەفتار و ڕووداو و دیاردە سیاسییەکان لە سیاسەتی ئەتۆمی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیاوە بگرە تا ناکۆییە گرووپی و حیزبییەکان دەکرێ بەکار بهێنرێت. لە سەردەمی شەڕی سارددا بەتایبەت بۆ بواری ئەتۆمی زلهێزان بەکار هێنرا. هەوڵدان بۆ بالاترین پێگەو و کۆکردنەوەی زیاترین دەستکەوت و ئیمتیاز ڕەنگە خراپترین ئەنجام و بگرە فەوتانی دوولایەنەی لێ بکەوێتەوە. بەتایبەت لەو کاتانەدا کە ئەگەری ئەوە هەبێت حەیسیەت و ئابڕوو و ئیحتوباری لایەنێک بکەوێتە مەترسییەوە. لەو کاتەدا ئەگەری بڕیاردان بۆ مەرگی هاوبەش یان پێکەوە فەوتان زیاترە. ئەمە ژیانە و هەیە حەز ناکات پێی بڵێن مردنت باشتر بوو لە قەبووڵکردنی ئەو سووکایەتییە. لە ژیانی ئاساییشدا ئابڕوو و حەیسیەت هۆکاری هەڵوەشانەی زۆرێک لە خێزانەکان و گرووپی هاوڕێیان، خۆکوژی و ڕکابەرکوژی بووە. کێشە ئەوەیە کە کاتێک سیاسەتوانان ئەم کایانە دەکەن ئەنجامی بڕیارەکانیان هەر خۆیان ناگرێتەوە بەڵکو چارەنووسی کۆمەڵێک مرۆڤ و بگرە نەتەوەیەک دیاری دەکەن. تەنانەت لە نێو دوژمنانیشدا لادان و گەڕانەوە بۆ ستراتیژییە جۆراوجۆرەکانی دیکە باوە دەنا جیهان دەبووە شانۆی شەڕە بێ کۆتایی و نەپچڕاوەکان، چ جای کێبڕکێی نێوان ئەندامانی ئەو گرووپ و دستە و حیزبانە کە ئەگەری دابەشکردنی ئیمتیازەکان زۆر زیاترە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!