تۆڵەکردنەوە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا مانای چییە؟

خوێندنەوەی دەوڵەتەکان بۆ سیاسەتی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە سیاسەتی نێونەتەوەیی گوڕەپانێکی ئانارشیکە. ئانارشیک بە واتای پاشاگەردانی و کارکردن بە یاسای دارستان نییە، بەڵکو بەو مانایە دێت کە بە پێچەواەی سیستەمی نێوخۆیی وڵاتان دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەکتەرەکان بوونی نییە. بۆیە دەوڵەتەکان ناچارن بۆ پاراستنی خۆیان زیاتر لە هەموو شتێک پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. بەمە دەوترێت “خۆیارمەتی” کە گرینگترین ستراتیژییە بۆ دابینکردنی ئاسایش. دەڵێم گرینگترین نەک تاکە ستراتیژی، چونکە چەندین ستراتیژی دیکە هەن (وەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ باقی ئەکتەرەکان)، بەڵام هیچیان هێندەی خۆیارمەتی بۆ پشت پێ بەستن نابن!

مادام هیچ دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان نییە کە پارێزەری ئاسایش و ئەمنییەتیان بێت و دادپەروەری جێبەجێ بکات و ئەکتەرەکان لە کاتی تەنگانەدا پەنای بۆ ببەن، زۆرینەی دەوڵەتەکان تۆڵەساندنەوە بە شێوازێکی گونجاوی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی دادپەروەری دەزانن. هەڵبەت تۆڵەکردنەوە بۆ چاوترسێنکردنیش باشە. دەوڵەتێک کە بسەلمێنێت توانای تۆڵەساندنەوەی هەیە ئەوا لەسەر بڕیاری باقی ئەکتەرەکان کاریگەری دادەنێت و لە دەستپێشخەری بۆ گورزوەشاندن پاشگەزیان دەکاتەوە.

بەم هۆکارانە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا بایەخێکی زۆر بە تۆڵەساندنەوە دەدرێت.

کۆماری ئیسلامی تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە دەکاتەوە؟

ئەگەر تۆڵە نەکاتەوە نائاساییە. هۆکار زۆرن کە کۆماری ئیسلامی ناچار بە تۆڵە ساندنەوە دەکەن. لێرەدا زۆر بە کورتی تەنیا ئاماژە بە  چوار هۆکار دەکەم:

۱. لەبەر لەدەست نەدانی متمانەی هاوپەیمانان و گرووپە میلیشیاکان: دەزانین کە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان “متمانەکردن” یەکێک لەو توخمانەیە کە ڕۆڵێکی یەکجار زۆر دەگێرێت. بە تایبەت بەهێزترین ئەکتەرەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکان ناچارن هاوپەیمانە بچووکترەکانیان لەوە دڵنیا بکەنەوە کە لە کاتی تەنگانەدا بەدەمیانەوە دەچن. لە حاڵەتێکی لەم جۆرەی ئێستادا کە هەموو هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی کاردانەوەی ئەو ڕژێمەن، ئەگەر بێتوو تۆڵە نەکاتەوە لەسەر متمانەی باقی هاوپەیمانان و  گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە کاریگەری دەبێت و ئەمەش لە درێژخایەندا بۆ نفوز و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا باش نابێت.

۲. ئابڕووکڕینەوە و پاراستنی پرستیژ: پێگە و پرێستیژ ڕۆڵێکی بەرچاو لە سیاسەتدا دەگڕێت. ڕەنگە بە ڕەواڵەت وا دەرکەوێ کە دەوڵەتەکان گرینگی پێ نادەن بەڵام لە ڕاستیدا هەندێ جار “پاراستنی پرێستیژ” هێندەی سەرچاوەکانی وزە و پرسی خاک بەستێنی شەڕ فەراهەم دەکات. لێدان لە سەرکردەی ئەکتەرێکی هاوپەیمان لە پایتەختی تاران لێدانە لە جێگە و پێگەی ئەو وڵاتە. بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی وای بۆ دەچن کە لەئەگەری تۆڵەنەکردنەوە جێگە و پێگەیان لە ئاستی نێونەتەوەیی زیاتر دادەبەزێت. ئەوەش مەترسی زۆری بە دواوەیە.

۳. سەلماندنی کارامەیی ستراتیژی چاوترسێنکردن:  کۆماری ئیسلامی و  ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی بەرپەرچدانەوە یان چاوترسێنکردنیان بەرامبەر یەکتر گرتووەتە بەر. سیاسەتی چاوترسێنکردن بە زمانێکی سادە بەو واتایە دێت کە هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بەرامبەرەکەی تێ بگەیەنێت کە لە ئەگەری دەستپێشخەری لە شەڕێکی هەمەلایەنە یان گورزوەشاندنی پێشدەستانەدا، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی تۆڵەیەکی جەرگبڕ بێت. بۆیە ئیسرائیل لە کاتی دامەزرانییەوە تا ئێستا هەوڵی داوە وەک تۆڵە و چاوترسێنکردنێک دەرگای ماڵی ئەوانە بشکێنێت کە بەردێکی بچووک دەگرنە پەنجەرەی ماڵەکەی. کۆماری ئیسلامیش هەموو هەوڵی ئەوەیە توانایەکی لەو جۆرە بنوێنێت؛ بەم هۆکارە تۆڵەنەکردنەوە نیشانەی لاوازییە!

٤. بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتیی و لایەنگرانی نێوخۆیی. ئەمەیان ڕوونە و پێویستی بە وردەکاری نییە.

ئێران چ جۆر تۆڵەیەک دەکاتەوە؟

بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو ئاستدا کە لەم کورتەیەدا جێی باس نین، ئەو ڕژێمە خوازیاری شەڕێکی هەمەلایەنە نییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دەست بۆ بژاردەیەک ببات کە وێرای ئەوەی هاوپەیمانانی دەرەکی و لایەنگرانی نێوخۆیی ڕازی بکات و کارامەیی سیاسەتی بەرپەرچدانەوە بسەلمێنێت، بەڵام ئەوەندەش نەبێت کە ئیسرائیل ناچار بە وەڵامێکی توندتر بکاتەوە و بە تایبەت ئەمریکاش ناچار بکات ڕاستەوخۆ بێتە نێو ململانێکەوە. ئەگەرنا دەبێ  پێش بینی شەڕی مان و نەمان بکات.

ئەگەری شەڕی هەمەلایەنە؟

تۆڵەساندنەوە بە واتای بڕیاردان بۆ شەڕی هەمەلایەنە نییە، بەڵام دەتوانێ دەرگاکان بە ڕووی شەڕێکی نەخوازراویشدا بکاتەوە. سیاسەت شانۆی ئەگەرەکانە و هەمیشە هەندێ توخمی چاوەڕواننەکراو ڕۆڵ دەگێڕن. بۆیە وڵاتان هەوڵ دەدەن لە پرسی تۆڵەکردنەوەدا زۆر بە وریایی بجووڵێنەوە. بەو حاڵەش، خۆشیان ناتوانن هەموو داهاتوو پێش بینی بکەن.

بۆ بینینی ئەم دەقە بە شیوەی کلیپ لێرە کلیک بکە

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *