دەربارەی لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکان
“نادیاری” و “ناڕوونی” لە تایبەتمەندییەکانی دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکانی بە تایبەت ئەم سەردەمەن. “دوودڵ بوون” و “نادڵنیایی” لە تایبەتمەندییە دیارەکانی لێکۆڵەر و شرۆڤەکارانی وریای سیاسین.
لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان خۆی لە خۆیدا تەنانەت بۆ لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی سیاسی ئاکادێمیک زەحمەتە. ئەگەر ڕووداوەکان ئەمنییەتی و سەربازی بن و پەیوەندییان بە کاروباری هەواڵگری و سەربازی و ئەمنییەتی وڵاتانەوە بێت ڕوونکردنەوەیان زۆر زەحمەتتر و قورسترە. یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان نەبوونی زانیاریی تەواو یان زانیاری ڕاست و درووستە. ڕەنگە لەم نموونەهێنانەوەدا لەگەڵم هاوڕا بن کە هەموو شوێنێک وەک هەرێمی کوردستان نییە لە کاتی پەلاماری دوژمنان (داعش وەک نموونە) و مووشەکباران ( هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک نموونە) و باقی ڕووداوە ئەمنییەکاندا لە ڕێگەی کەناڵ و تیڤییەکانەوە ڕاستەوخۆ هەموو زانیارییەک بخاتە بەر دەستی دۆست و دوژمن. وڵاتان تا بۆیان بکرێت ڕووداوەکان پەردەپۆش دەکەن مەگەر ئەوەی هەندێجار بیانەوێت لەسەر ڕای گشتیی وڵاتەکەیان یان ڕای گشتی جیهان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتێک لە داهاتوودا کاریگەری دابنەن. بۆیە یەکێک لە کێشە و ئاستەنگە بەردەوامەکانی لێکۆلەران و شرۆڤەکارانی سیاسی نەبوونی زانیاری ورد و تەواوە. دوور نییە هۆکارەکانی ڕووداوێکی ئەمنی-سیاسی بۆ هەمیشە شاراوە بمێننەوە و هۆکارە ڕاستەقینەکان پەردەپۆش بکرێن. زۆر جاریش بەڵگەکان دوای دەیان ساڵ و بەپێی یاسا و ڕێسایەک کە هەر وڵاتێک بۆ خۆی دیناوە بڵاو دەکرێنەوە و دەخرێنە بەر دەستی لێکۆڵەران.
ئەوەی دەمێنێتەوە یان لێکدانەوە و شرۆڤە و ڕوونکردنەوەیە بەپێی تیۆرییەکان یان دەربڕینی بۆچوون و هەڵێنان و حەدس و گومانەکانە بەپێی تێڕوانینی تاکەکەسی یان پەنا بردنە بۆ تیۆری پیلانگێڕی. پەنا بردن بۆ تیۆری پیلانگێڕی ڕەنگە ئاسانترین لێکدانەوە بێت. تیۆری پیلانگێڕی باسی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام بە کوردی و کورتی دوترێت: “کاری خۆیانە”. جا دەکرێت ئەمە بۆ ڕووداوێکی سرووشتی لە ناوچەیەکدا (بومەلەرزە) بەکاربهێنرێت یان بۆ نەخۆشییەک (کۆرۆنا وەک نموونە) یان بۆ ڕووداوە سیاسییەکان (یازدەی سیپتەمبر لە ئەمریکا وەک نموونە یان ئەو گورزانەی لەم ساڵانەدا بە شێوازی جۆراوجۆر لەنێوخۆی ئێران لە کۆماری ئیسلامی دەدرێن). ڕەتکردنەوەی ئەم ڕوانگەیە لە دۆزینەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان دژوارترە. ڕەت ناکرێتەوە چوونکە زۆربەی جارەکان پشت بە بەڵگە نابەستێت و زیاتر “بڕوا” و “باوەڕ”ە. ئەمە جگە لەوەی کە بە جۆرێکیش سادەکردنەوەی پرسە دژوارەکانە. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە کە لە سیاسەتدا پیلانگێڕی هەیە و باوە، بەڵام ئەمە ڕێگە بۆ ئەوە ناکاتەوە هەموو شتێک بخەیتە قاڵب و چوارچێوەی پیلانگێڕییەوە.
ئەوانە و ناوەڕۆک و تایبەتمەندی دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکان و لە سەرەوەی هەموویانەوە ڕووداوە ئەمنییەکان وا دەکەن بە “دڵنیایی” و “حەتمییەت”وە باسی هۆکار و ڕووداوەکان نەکەیت. هەر لە بنەڕەتیشدا لێکدانەوە و شرۆڤەی سیاسی لەگەڵ دەربڕینی بیر و بۆچوون بە “بڕشتی و مسۆگەری”، “حەتمییەت”، “خاترجەمی” و “دڵنیابوون” و لەو جۆۆرە شتانە نێوانێکی ئەوتۆی نییە. بۆیە زۆرجار دەبینن زیرەکترین و بەئەزموونترین لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی سیاسی زیاتر پەنا بۆ وشەگەلی “نازانم”، “بە تەواوەتی نازانم”، “ڕەنگە”، “لەوانەیە”، “وێدەچێ”، “بەبۆچوونی من”، “تا ئەو شوێنەی من بەدواداچوونم کردووە”، “بۆی هەیە”، “دەکرێت…”، “وای وێنا دەکەم”، و لەم جۆرانە دەبن.
هەر خۆی “ئاڵۆزی”، “دژواری”، “شاراوەیی” و “لێڵی” کە تایبەتمەندییەکانی دیارە و ڕووداوە سیاسییەکانن وایان کردووە کە دەیان تیۆری و چوارچێوەی بیرکردنەوە بە گریمانەی فرەچەشن و جیاوازەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان بێنە ئاراوە. بۆیە کەم ڕووداو هەن نەکرێت بیانخەیتە چوارچێوەیەکەوە و لێکدانەوەیان بکەیت. ئەوەی هەرگیز ناتوانی بیکەیت سوێندخواردنە بۆ ڕاستی و درووستی ڕەها و بێئەملاوئەولای لێکدانەوەکان. هەر کەسێک بەپێی تێڕوانینی خۆی کە ئەویش پشتی بە خوێندنەوە بستووە، سەرپشکە ڕووداوەکان لە چ چوارچێوەیەکدا و بەپێی چ تیۆرییەک لێک دەداتەوە. بۆیە لە بواری لێکدانەوەدا هیچ کەس جێ بەوی تر تەنگ ناکات. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو ڕوونکردنەوە و لێکدانەوە ئەگەری زاڵبوون و پشت پێ بەستنی هەیە کە گریمانەکانی زیاترین نزیکی لەگەڵ واقێعی ڕووداوەکان هەبێ. لۆژیکییە ئاوا لێکداەوەیەک -نەک کەسێک- بە شێوەیەکی لۆژیکی لە کۆتاییدا تەنگ بەوانی تر هەڵدەچنێت و دەستی باڵا بگرێت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!