دەوڵەت، ناسیونالیزم و ڕیالیزم

لە بەراورد لەگەڵ مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتی دەوڵەت-نەتەوە دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە. ڕاستە لانیکەم لە ٦ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە ڕێکخراوی سیاسی گەورە و بچووک وەک دەوڵەت-شارەکان، ئیمپراتوریەتەکان و میرنشینەکان هەبوون، بەڵام دەوڵەت- نەتەوە بەرهەمی ڕێککەوتننامەکانی وێستڤالیایە لە ساڵی ۱٦٤٨دا. ئەو ڕێککەوتنە لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا واژۆ کرا کە بە شەڕی سی ساڵەی مەزهەبی ناسراون. بەرهەمی ڕێککەوتنی وێستڤالیا جگە لە ئازادی مەزهەبی بریتی بوو لە پێدانی دەسەڵات بە شازادەکان بۆ ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی. بەم شێوەیە درز کەوتە نێو ئیمپراتوریەکان و سەدان یەکەی سیاسی سەریان هەڵدا و مافی سەروەریان وەرگرت. وێستفالیا بووە خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی جیهانیدا. هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نییە کە دەوڵەت-نەتەوە بەشێوەیەکی کتوپڕ هەڵتۆقیبێت، بەڵکوو پێشتر زەمینەی ڕەخسابوو و بەرهەمی پرۆسەیەک بوو کە چەندین سەدە کاری بۆ کرابوو. سەرەکیترین هۆکار ڕەنگە لاوازبوونی کلێسا و کاڵبوونەوەی ڕۆڵی ئایین بووبێت. پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیش ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا. بە گشتی کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی، ئایینی و تەکنۆلۆژیی بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ۱٤٥۰ تا ۱٦٤٨ بەستێنی سەرهەڵدانی دەوڵەتیان فەراهەم کرد.

بەڵام دوای ساڵی ۱٦٤٨یش هێشتا کۆمەڵێک پاشای ملهۆڕ حوکمی وڵاتانیان دەکرد. “نەتەوە” گرینگییەکی ئەوتۆی نەبوو. شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵی ۱۷٨۹ ژیانەوەی “نەتەوە” بوو. بۆ یەکەمجار باس لە سەروەری نەتەوە کرا. خەڵک تا ئەو کاتە وەک مڵکی پاشا و خانەدانەکان بوون. وڵاتان بە پاشا و خانەدان و ئایینەکانیانەوە دەناسرانەوە. شۆڕشی فەڕەنسا بنەماکانی سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی سیاسی نوێی دانا و بەرەنگاری پێکهاتەی خانەدانی کۆن بووەوە. لەوە بەدوا “ناسیونالیزم” بووە ئایدۆلۆژیایەکی پیرۆز و لە پێوەندی لەگەڵ چەمکگەلێکی وەک دێموکراسی و یەکسانی ڕەوایی پەیدا کرد و بووە هۆی گۆڕانکارییە مەزنەکان. ناسیونالیزم ڕوانگەیەکی هێنا کایەوە کە دەیگوت حکوومەتەکان لەبەر ئەوە ڕەواییان هەیە کە نوێنەری نەتەوەن. ئەو گۆڕانکارییە سەرەتا ئەورووپا و دواتر هەموو ناوچەکانی جیهانی گرتەوە.

ناسیونالیزم لە ئەورووپا هاوکات لەگەڵ پەلهاوێشتنەکانی ناپلیۆن پەرەی سەند و بووە سەرەکیترین هۆکاری گۆڕانکارییەکانی سەدەی هەژدەهەم. سەردەمی سیاسەت و شەڕە نەتەوەییەکان دەستی پێکرد. تەنانەت کۆنگرەی ڤێینا (۱٨۱٥) نەک هەر نەیتوانی ڕێگری لە پەرەسەندنی ناسیونالیزم بکات، بەڵکوو لەوە بەدوا نەتەوەکان بە تین و گوڕێکی زیاترەوە پێشوازییان لێ کرد. هەر نەتەوەیەک هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی دەدا. لە ئەورووپا یۆنان، ئاڵمان، ئیتالیا و ئیرلەند پێشەنگ بوون. ناسیونالیزم دواتر دزەی کردە نێو ئێمپراتورییەتەکانی نەمسا-مەجارستان، ڕووسیا و عوسمانی. ئاڵمان و ئیتالیا دوای چەندین شەڕ و پێکدادان سەربەخۆ بوون. یونان لە ساڵی ۱٨۳۰، ڕۆمانی و سێربیا تا ساڵی ۱٨۷٨، بۆلغاریا لە ساڵی ۱۹۰٨ سەربەخۆییان ڕاگەیاند. لە ئامریکای لاتین لە نێوان ساڵانی ۱٨۱۰ بۆ ۱٨۲۰ ململانێکان بۆ سەربەخۆیی دەستیان پێکرد و دەیان ئەکتەری نوێ سەریان هەڵدا. شەڕەکان بۆ سەربەخۆیی شۆڕ بوونەوە بەرەو ئەفریقا.

دوای شەڕی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتورییەتەکان و جەختکردنەوەی هاوکاتی ویلسۆنی لیبرال و لینینی کۆمۆنیست لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، زۆرێک لە نەتەوەکان لە دەرەوەی ئەورووپاش دەوڵەتی خۆییان دامەزراند. دامەزراندنی دەوڵەت بووە دیاردەیەکی جیهانی و نەخشەیەکی نوێ داڕێژرا.

تا ساڵی ۱۹۱٤ سەرجەم ۳۲ دەوڵەت لە جیهاندا هەبوون. ساڵی ۱۹۲۱ کۆمەی گەلان ٤۲ ئەندامی هەبوو. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ۱۹٤٥دا جێگای کۆمەڵەی گەلانی گرتەوە ٥۱ ئەندامی هەبوو. لە ساڵی ۱۹۷۳ ژمارەیان گەیشتە ۱۳٥ و لە ساڵی ۱۹٨٨ گەیشتە ۱٥۹ دەوڵەت. تا ساڵی ۱۹۹۷ ژمارەی ئەندامانی ۱٨٥ دەوڵەت و لە ساڵی ۲۰۰٦دا ژمارەی ئەندامان ۱۹۳ وڵات بوو. لە ئێستادا زیاتر لە ۲۰۰ وڵات ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەن. کەوابوو باشترین پێناسە ئەوەیە کە بوترێت لە ئێستادا سیستەمی جیهانی، سیستەمی دەوڵەت-تەوەرە. دوڵەت گرینگترین ئەکتەری سیاسی سەر گۆی زەوییە.

مێرشایمێر بیرمەندی بەناوبانگی سیاسەتی نێونەتەوەیی پێی وایە ناسیونالیزم و ڕیالیزم دوو هۆکاری سەرەکی بنیاتنانی دەوڵەت بوون. مەبەستی ئەوەیە تەرکیزی سەرەکی ناسیونالیزم و ڕیالیزم لەسەر دەوڵەتە، گرینگترین ئامانجی هەردووکیانیش مانەوەی نەتەوەییە و مانەی نەتەوەییش ئامانجی سەرەکی هەموو نەتەوەکانە. ئەمە بەبۆچوونی من ڕێکوپێکترین ڕوانگەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو گۆڕانکارییە مەزنە سیاسیانە. دەزانین کە ڕیالیزم و ناسیونالیزم ئەو دوو فاکتەرەن کە ئێستاکەش لە سیاسەتی کوردیدا جێگایان نەبووەتەوە. ئەمە خۆی یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی شکستهێنانی کوردە لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆییدا.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *