دەربارەی مێژوونووسی شۆڤێنیانەی داگیرکەران و ڕێزگرتن لە سۆران حەمەڕەش
نەتەوە و بە شێوەیەکی تایبەتی نەتەوەسازی بەبێ مێژوو هیچ مانایەکی نییە. مێژوو ڕۆڵێکی دیار و بەرجەستە لە نەتەوەسازیدا دەگێڕێت. تەنانەت ئەو نەتەوانەش کە مێژوویەکی دەوڵەمەندیان نییە، لانیکەم ئەوانەیان کە توانیویانە دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن هەوڵێکی چڕوپڕیان بۆ ئوستوورەسازی و بەئووستوورەکردنی مێژووی خۆیان داوە.
داگیرکەرانی کوردستان و بە تایبەت دەوڵەتی فارس- ئێرانی نەک هەر مێژوویان چەواشە کردووە و دەستکەوتە مێژووییەکانی باقی نەتەوەکان و بە تایبەت نەتەوەی کوردیان دزیوە و بەنێوی خۆیانەوە کردووە و مۆرکی خۆیان لێ داوە، بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بچووککردنەوە و سووککردنی باقی نەتەوەکان لە ڕێگای دەستەواژەگەلێکی وەک “محلی”.
ئووستوورەسازی شۆڤێنی لە ڕێگای چەواشەکردن و گۆڕینی مێژووی واقیع بەمەبەستی چێکردن و جێخستنی مێژووی درۆیینەی کۆن [ باستانی] هەر لە سەرەتاوە پلانێکی تایبەت و تایبەتمەندییەکی سەرەکی دەوڵەتسازی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە و ئێستاش بەردەوامە. ئۆرووپای سەدەی نۆزدەهەم کە خۆی لەو سەردەمەدا مێژووی کردبووە ماکەی نەتەوەگەرایی، خزمەتێکی بەرچاویشی بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کرد بۆ درووستکردنی مێژووییەکی درۆ و ساختە. لەو کاتەوە چەواشەکردنی مێژوو، ئۆستوورەسازی، شۆڤێنیزم بە دەرکەوتەی ئاسیمیلاسیونی فەرهەنگی و پاکتاوکردنی جەستەیی هاتەریب و هاوکات کاریان کردووە.
بێگومان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی زۆر دراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو مێژووە. لەم ساڵانەی دواییدا زانایەکی وەک سۆران حەمەڕەش لە نێو کورددا هەڵکەوتووە کە خۆی وتنی بڕیاری داوە تەمەنی خۆی بۆ نووسینەوە و ڕاستکردنەوەی مێژووی کورد تەرخان بکات. ئەوانەی وەک من تەنیا بەشێکی لە بەرهەم و نووسراوەکانیشیان خوێندبێتەوە دان بەوەدا دەنێن کە چەندەی خوێندووەتەوە و چەندە کاتی داناوە و زەحمەت و شەونخوونی کێشاوە. خۆی دەڵێت ئەو مێژووەی سەبارەت بە کورد نووسراوە هیچ بنەمایەکی زانستیانەی نییە و تەنانەت بە گاڵتەجاڕیش ناوی دەبات. بۆیە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە چەندە پێی بکرێت ئەو مێژووە ڕاست بکاتەوە.
هیچ دەق و نووسراوە و بیرۆکە و بۆچوون و تیۆرییەک لانیکەم لە بواری ئاکادێمیکدا پیرۆز نییە و دەکرێ ڕەخنەیان لێ بگیردرێت و تەنانەت بە شێوەیەکی میتۆدیانە ڕەت بکرێنەوە. بەڵام گاڵتەپێکردن و هەوڵدان بۆ سووککردنی زەحمەت و کار و بەرهەمی کەسانێکی وەک سۆران حەمەڕەش بەبۆچوونی من ئەوپەڕی بێ ئینسافییە. نوخبەی لە جۆری سۆران حەمەڕەش لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەدا بێت ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتی لێ دەگیرێت، گەرچی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستانیشدا ژمارەیەکی زۆر هەن کە قەدردانی ڕەنج و بەرهەمەکانی ئەو بەڕێزەن.
بەدەر لە بواری ئاکادێمیک، هەموو بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ئۆستوورەسازی مێژووییان داوە. هەندێجار بەمەبەستی دەوڵەمەندنیشاندانی مێژووی نەتەوەی خۆیان و جاری واش هەبووە ڕەگی شۆڤێنیانەی بەخۆوە گرتووە و بەمەبەستی حاشاکردن و نکۆڵیکردن لە مێژووی باقی نەتەوەکان. وەک ستیڤان ڤەن ئێڤرا دەڵێت، ئەو کاتانەش کە بە ئاشکرا قەبووڵکردن و ددان پێدانان بە هەندێ ئۆستوورەدا زەحمەتە، ئەندامانی نەتەوەکان دیسان هەر بەرگرییان لێ دەکەن و دەڵێن “ڕاست و ناڕاست، ئەمە نەتەوەی من”ه و پێویستە بەرگری لێ بکەم! بەرهەمەکانی سۆران حەمەڕەش دەکرێ لانیکەم وەک کەرەسەیەکی ناسیونالیستی سەیر بکرێن. ئەمە وا دەکات بەپلەی یەکەم ناسیونالیستەکان پڕبایەخ سەیری بەرهەمەکانی بکەن!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!