کاسبکارانی زیرەکتر لە سیاسیکاران!

تا ساڵی ۱۹٤۰ یەکێک لە پڕفرۆشترین جۆری جگەرە لە ئەمریکا جگەرەیەک بوو بە ناوی لاکیز ستریک کە کۆمپانیای بریتیش ئەمریکەن بەرهەمی دەهێنا. بەڵام ئەو جگەرەیە کێشەیەکی هەبوو ئەویش ئەوە بوو کە سەرەتا ڕەنگی سەوز بۆ پاکەتەکەی هەڵبژێردرابوو. دواتر دەرکەوت کە ڕەنگی سەوز یەکێکە لە خراپترین ڕەنگەکان بۆ پاکەتی جگەرە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆمپانیای بریتیش ئەمریکەن کە بەرهەمهێنەری جگەرەی لاکیز ستریکە توانای پێشبڕکێی لەگەڵ باقی کۆمپانیاکان نەمێنێت و لە بازردا بدۆڕێت. بەتایبەت کێشەی سەرەکی ئەوە بوو کە ژنان حەزیان لە ڕەنگی سەوز نەبوو چونکە لەگەڵ ستایل و جلوبەرگی ئەو سەردەمەیاندا نەدەهاتەوە. کۆمپانیاکە ساڵی ۱٨۷۱ دامەزرابوو بەڵام ژنان لە دوای ساڵانی ۱۹۲۰ وردە وردە دەستیان بە جگەرەکێشان کردبوو. هەڵبەت سەبارەت بە ڕەنگی سەوز ئێستاش هەروایە لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ توێژینەوە ئەنجام دراون کە دەریان خستووە ڕەنگی سەوز خراپترین و ناشیرینترین ڕەنگە لەسەر پاکەتی جگەرە. بۆیە هەندێ لەو کەسانەش کە دژی بەرهەمهێنانی جگەرەن داوایان کردووە دەوڵەتەکان گوشار بخەنە سەر کۆمپانیاکان کە ئەو ڕەنگانە بۆ بەرهەمەکانیان بەکار بهێنن.

ئەوکات جۆرج واشنتۆن هیل خاوەنی کۆمپانیای بریتیش ئەمریکەن ئامادە نەبوو بە ئاسانی ڕەنگی پاکەتەکە بگۆڕێت، چونکە پێی وابوو بووەتە برەندێک و پێشتر دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ ڕێکلام و ناساندنی خەرج کردووە. بۆیە لە بەرهەمهێنانی پاکەتی سەوز بەردەوام بوو و دۆلاری زیاتری خەرجی ڕێکلام کرد. بەڵام قەناعەتیشی بەوە هەبوو کە ڕەنگێکی باش نییە و ڕێگرە لە فرۆشتن و قازانجی زیاتر. لە ساڵی ۱۹۳٤وە هەوڵیشیان دا بە ڕیکلام و نمایشی هەندێ لە ژنان و کچانی شۆخ و شەنگ، ڕەنگی سەوز بکەنە ڕەنگی دڵخواز و مۆد بۆ ژنان بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕەنگی پاکەتەکان بێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. دیزانەرەکانی جلوبەرگ ڕەنگی سەوزیان بەکار نەدەهێنا.

ساڵی ۱۹۳۹ جەنگی دووەمی جیهانی دەستی پێکرد. ئەمریکا ساڵی ۱۹٤۱ بە فەرمی چووە نێو شەڕەکەوە، ئەویش دوای ئەوەی کە ژاپۆن هێرشی کردە سەر پرێل هاربێر و ژمارەیەک لە سەربازانی ئەو وڵاتەی کوشت. لە ساڵی ۱۹٤۲ کۆمپانیای بریتیش ئەمریکەن ئەو دەرفەتەی قۆستەوە. وتیان کاتی هاتووە و دەکرێت بەبێ ئەوەی کڕیارەکانمان لە دەست بدەین و ئەو پارەیەی پێشتر بۆ ڕیکلام خەرجمان کردووە بەفیڕۆ بچێ، ڕەنگەکە بگۆڕین. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند وەک ڕێزێک بۆ سەربازانی ئەرتەش کە ڕەنگی سەوز بۆ جلوبەرگەکانیان بەکار دەهێنن، چیدیکە ئەو ڕەنگە بۆ پاکەتی جگەرە بەکار ناهێنێت و  لەوە بەدوا ڕەنگی سپی بەکار دەهێنێت. ئەوەشیان دەگوت کە ئەو مادەیە بۆ بەرهەمهێنانی ڕەنگی سەوز بەکار دەهێنرێت بۆ سوپای وڵاتەکەیان پێویستترە. دروشمێکی نیشتمانیشیان بە شێوەیەکی بەربڵاو داهێنا و وتیان چیدیکە “ڕەنگی سەوز چووە بۆ بەرەکانی شەڕ” و لای ئێمە دەست ناکەوێت. ئەوە وای کرد ئەو جگەرەیە زۆرتر و زیاتر لە هەموو کات بفرۆشرێت. ئەوە ئێستا وەک یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین ڕیکلامەکانی ئەو سەردەمە ناسراوە.

بەو شێوەیە، کاسبکاران -زیرەکانەتر لە سیاسیکاران- هەم خۆیان وەک کەسانێکی نیشتمانپەروەر و سوپادۆست دەرخست و هەم کێشە سەرەکییەکەی خۆیان لە پشت دروشمە نیشتمانییەکانەوە چارەسەر کرد و هەم سوود و قازانجیان چەند قات بووەوە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *