پێشمەرجەکانی سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی / نیشتمانی
ئەگەرچی شانس و بەختیش هەندێجار و تا ڕادەیەک لە سیاسەت و تەنانەت چارەنووسی نەتەوەکاندا ڕۆڵ بگێڕێت، بەڵام بە گشتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی/ نیشتمانی بۆ ئەوەی سەربکەوێت پێویستی بە هەندێ پێشمەرج هەیە. هەر وەک چۆن لە ئاستێکی ورددا هەر تاکێک بیەوێت لە ڕووی کەسایەتییەوە گۆڕانکارییەک لەخۆیدا درووست بکات یاخود گەشە بە کەسایەتی خۆی بدات پێویستی بە پلان و هەندێ پێشمەرج هەیە و وەک چۆن لە ئاستێکی باڵاتردا وڵاتێک بیەوێت لە ڕووی ئابووری یان لە ڕووی پەروەردە یاخود هەر بوارێکی تردا لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەشە بکات پێویستی بە هەندێ پێشمەرج هەیە، هەر بەو جۆرەش نەتەوەیەکی خاک و نیشتمان داگیرکراو بیەوێت خۆی لە کولاڤە و ڕکێفی داگیرکەران ڕزگار بکات پێویستی بە هەندێ پێشمەرج هەیە. ئەمە بەو واتایە دێت کە بەبێ پلان و لەبەرچاوگرتنی هەندێ پێشمەرج ڕزگاری و ئازادی بەدی نایەت. بەو مانایەش دێت کە ڕزگاری بە هەڵکەوت نییە و لە ئاسمانیشەوە دانابارێت. هیچ نەتەوەیەک بە چاوەڕوانیش ڕزگاری نەبووە.
ڕەنگە نەکرێت لێرەدا بە وردی باس لە هەموو پێشمەرجەکان بکرێت، بەڵام بە گشتی ئەزموونی خەباتە بە ئاکامگەیشتووەکان پێمان دەڵێت سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک بەرهەم و دەرئەنجامی هەندێ فاکتەرە وەک:
– ناسیونالیزمی پەرەسەندوو بە جووتبوون لەگەڵ هەر ئایدۆلۆژیایەک (چەپ، ڕاست، ئیسلامی)
– ڕابەرایەتی تێگەیشتوو، پێگەیشتوو، بەتوانا، کارامە، بوێر و پشتبەستوو بە کۆمەڵگە کە توانای ڕێکخستن و یەکخستنی هەبێت
– داڕشتنی ستراتیژی توکمە و تاکتیکی گونجاو
– گرتنەبەری ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات
– دوژمنناسی و هەڕەشەناسی زانستیانە
– دەستنیشانکردن و ڕوونکردنەوەی ئامانجەکانی دواڕۆژ
– ئایدۆلۆژیای قەناعەتپێهێنەر سەبارەت بە پێویستی و قایلکردنی ئەندامانی کۆمەڵگە بە گۆڕانکارییەکان
– خۆیەکلاییکردنەوە لەگەڵ جیهانی دەوروبەر بەمەبەستی قۆستنەوەی دەرفەتەکان یاخود خۆئامادەکردن بۆ بەرەنگاری بەرامبەر فشارەکانی سیستەمە ناوچەیی و جیهانییەکان
– گرتنەبەری سیاسەتی خۆیارمەتی بە شێوەی سەرەکی و وەک ئەولەوییەت
– پاڵپشتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئەکتەری سیاسی پێشڕەو کە پێشەنگایەتی خەبات و نوێنەرایەتی زیاترین ڕێژەی داواکاری و داخوازی زۆرترین بەشی ئەندامانی کۆمەڵگە دەکات
– و هەروەها بەردەوامی لە خەبات
هەڵبەت ئەوەش بڵێم پێناچێت کەس هەبێ ئەوەندە بوێر بێت گرەو لەسەر ئەوە بکات کە تەنانەت هەبوونی ئەوانەش سەرکەوتن تەزمین دەکەن؛ بێگومان هەندێ فاکتەری دەرەکیش وەک هێز و توانا، چۆنێتی سیاسەتکردن و بارودۆخی نێوخۆیی و دەرەکی لایەنی دوژمن/ داگیرکەر، سیستەمی جیهانی و بە تایبەت سیاسەتی وڵاتانی زلهێز لە شکست یان سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن.
بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەندامانی نەتەوەیەکی نیشتمان داگیرکراو کە:
– لە قۆناغی پێش ڕزگاریدا بۆ نموونە حەفت حیزبی سەرەکی و حەفتا وردیلە حیزبیان هەبێت
– لە نێو هەمووشیاندا ئینشیقاق و دابڕان هەبێت
-بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ئایدۆلۆژیاکاندا دابەش کرابێتن
– سیاسەتی سیاسەتوانانیان بریتی بێت لە کاردانەوەی غەریزی و سەرگەردانی بەرامبەر ڕووداوەکان نەک بەرپەرچدانەوەی پێشبینیکراو بەپێی ستراتیژی پێشتر داڕێژراو
– گوێیان لە لایەنێک بێت ڕزگاری لە چاکسازی لە دەسەڵاتی داگیرکەراندا دەبینێتەوە، لایەنێک خوازیاری فیدرالیزمە، هێزێک خودموختاری بە کلیلی چارەسەر دەزانێت، بەرەیەک مەیلی بۆ سەربەخۆیی و بوون بە بەشێک لە سیستەمی نێودەوڵەتی هەیە، لایەنێک بە کردە دژایەتی دەوڵەتی خۆیی و بە قسان ڕووخاندنی سیستەمی دەوڵەتتەوەری جیهانی بە تاقە ڕێگای ڕزگاری دەزانێت
– نوخبە سیاسی و فیکرییەکانیان تەنانەت توانای پێناسەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و لانیکەم هێڵە سوورە نیشتمانییەکانیان نییە
– خاوەن حیزبگەلێکن کە بەرامبەر یەکتر هێز و زمانی هەڕەشە و بەرامبەر دوژمن و داگیرکەر دروشمی برایەتی و پێکەوەژیان بەکاردێنن
– هێزە بەناو پێشەنگەکانیان دوای دەیان خەبات تەنانەت لەسەر شێوازێکی بەردەوامی خەبات نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی
– بینەری قەیرانی گوتاری پێشەنگەکانیان هەر لە قۆناغی پێش ڕزگاریدا بن
– ببینن هێشتا هیچ نەبووە باس لە “ڕانتی خەبات” دەکرێت
-بۆیان دەرکەوتبێت کێبڕکێی ناتەندرووست و لێدان لە خۆ بووەتە بەشێک لە چالاکی ڕۆژانەی سیاسیکاران
– نوخبە سیاسییەکان نامۆ بە ئاریکاری و هاوکارین
-حیزبەکانیان خاوەن دیپلۆماسی و گوتارێک ڕوون لانیکەم بەرامبەر ئەکتەران و چاودێرانی دەرەکی نین
ئەندامانی ئەوا کۆمەڵگەیەک دوور و مەحاڵە بە سەرەکیترین ئاواتی نیشتمانی -ڕزگاریی- بگەن. ڕزگاربوون لە ژێرچەپۆکەیی بە هەڵکەوت نییە؛ لە دۆخی هەرکەس هەرکەس و پاشاگەردانیدا دەتوانیت جاڕی جووڵانەوەی درێژخایەن لێ بدەیت، بەڵام ناکرێت باسی ڕزگاری و ئازادی بکەیت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!