ناساندن و هەڵسەنگاندنێکی خێرای پەرتووکی برایەتی مرۆڤەکان و گەلان
پەرتووکی “برایەتی مرۆڤەکان و نەتەوەکان” کە لە خوارەوە لینکەکەم داناوە لە ساڵی ۱۹۱٨ واتە دوایین ساڵی شەڕی یەکەمی جیهانی نووسراوە. جۆن دی ڕاکفلێر لە سەرەتای پەرتووکەکەیدا دەڵێت ئێستاکانێ ئەم شەڕە هەموومانی سەرقاڵی خۆی کردووە. بۆیە کاتی ئەوەیە پرسیار بکەین کە چیمان پێ دەکرا بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ڕوو نەدات؟ ئایا هیچ ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا شەڕێکی گەورەی لەو جۆرە هەرگیز ڕوو نەداتەوە؟ دەڵێت نازانم ئایا وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە هەیە یان نا، بەڵام خۆم دەمەوێت بە زمانێکی خۆماڵی و خۆمانە بە وشەیەک پێشنیارەکەی خۆم بخەمە ڕوو کە بریتییە لە “برایەتی”. لە درێژەدا هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە مەبەستی لە برایەتی چییە؟
ڕاکێفلێر دەڵێت برایەتی لە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا سەرچاوە دەگرێت. دەڵێت هەستکردن بە برایەتی لەگەڵ کەسێکدا کە هەرگیز نەتبینیوە ئەستەمە، بەڵام هەستکردن بە برایەتی لەگەڵ ئەوانەی بینیوتن و هاوڕێیەتیت لەگەڵیاندا هەبووە ئاسانە. لەمەوە دەگاتە ئەو ئاکامە کە هۆکاری بەشێکی زۆری ناکۆکییەکانی نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پەیوەندی لە نێوانیان. دەڵێت ئەگەر مرۆڤەکان پێکەوە پەیوەندییان هەبێت و لە دەور یەکتر کۆ ببنەوە و سەبارەت بە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانیان وتووێژ بکەن، جیاوازییەکان کاڵ دەبنەوە و مرۆڤەکان بە خێرایی لێک نزیک دەبنەوە. ڕاکێفلێر ڕستەیەک لە چارلێز لامب دەگێڕێتەوە کە دەڵێت “ناتوانم ڕقم لە کەسێک بێت کە دەیناسم”. مەبەستی لەم باسە ئەوەیە بڵێت ڕۆحییەتی برایەتی پێویستیی بە هەبوونی پەیوەندییەکان هەیە.
ڕاکفلێر دەڵێت ڕۆحییەتی برایەتی لە چەند بوار و کەرتێکدا ئێجگار گرینگە. واتە برایەتی لەو کەرتانەدا پێشمەرجە بۆ ئەوەی بەسەر جیهاندا باڵ بکێشێت. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوانەی خوارەوە دەکات:
-برایەتی لە کەرتی پیشەسازیی لە نێوان کرێکار و خاوەنکار
-برایەتی لە بازرگانی و کەسبوکاردا
-برایەتی نێوان دەسەڵات و حکوومەت لەگەڵ بازرگانان و کەرتی بازرگانی
-برایەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لە نێو کۆمەڵگەدا
-برایەتی لە نێوان ئایینەکان
-برایەتی گەلان
پاشان بە وردی باس دەکات کە مەبەستی لە برایەتی لە هەر یەک لەو بەشانەدا چییە. بۆ نموونە سەبارەت بە برایەتی لە کەرتی پیشەسازیدا دەڵێت لە دەستپێکی چاخی پیشەسازیدا بە هۆی ژمارەی کەمی خاوەنکار و کرێکارانەوە ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان تێکەڵ بوو و کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا نەبوو. بەڵام وردە وردە بە هۆی پەرەسەندنی پیشەسازی و فراوانبوونی کارگە و کارخانەکان و هەروەها زۆربوونی خاوەنپشک و کرێکاران ئەو ڕۆحی هاوڕێیەتییە لە نێوان خاوەنکاران و کرێکاراندا نەما و کەلێنێکی قووڵ کەوتە نێوانیان. بەدگومانی بەرامبەر یەکتر، مانگرتن و یاسا و ڕێسا وشکەکان جێگای برایەتییان گرتەوە. ئەمەش وای کرد زۆر کەس بانگەوازی ئەوە بکەن کە هێزی کار و سەرمایە لێکدژن و بەرژەوەندییەکانیان ناتەبایە و پێویستە هەر کامیان بیر لە بەهێزکردنی خۆی بەرامبەر ئەویدی بکاتەوە. نووسەر دەڵێت ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە؛ لەبنەڕەتدا سەرمایە و هێزی کار بەرژەوەندییەکانیان یەک دەگرنەوە. هێزی کار پێویستی بە سەرمایە هەیە و سەرمایەش بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی خۆی لە پیشەسازیدا بگێڕێت پێویستی بە هێزی کارە. ئەو دووانە تەواوکەری یەکترن. بۆیە پێویستە پەیوەندی نێوان خاوەنکار و کرێکاران بگۆڕدرێت و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەران و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کارمەندان و کرێکاران و خاوەنکاران کۆتایی بەو دۆخە ناسرووشتییە بێت. دەڵێت من دڵنیام تەنیا ئەو پەیوەندیانە دەتوانن برایەتی لە پیشەسازیدا بەدی بێنن. بەمجۆرە ئیتر هەرگیز مانگرتن و کێشەی تر لەو کەرتەدا نابینین.
هەروەها پێی وایە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لە کەرتی بازرگانیدا دەبێتە هۆی درووستبوونی هەستی برایەتی. دواتر هاوکاری و پەیوەندی نێوان دەسەڵات لە شار و ئەیالەتەکان و لە ئاستی نیشتمانیدا لەگەڵ بازرگانانیش وا دەکات ڕۆحی برایەتی زیاتر باڵا بکات. دەڵێت جەنگی جیهانی لە ئەمریکا بووە هۆی پێکەوە کارکردن و هاوکاری نێوان حکوومەت و بازرگانان و ئەو ئەزموونەش دەتوانێ ببێتە دەسمایەی هاوکاری زیاتر بۆ بەدیهاتنی ڕۆحییەتی برایەتی. هەروەها برایەتی لە نێو کۆمەڵگە و لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا بە پێویست و گرینگ دەزانێت. دەڵێت بە هۆی گەشەکردنی کۆمەڵگەکان ژمارەی توێژ و چینەکانیش زۆر بوون و مرۆڤەکان بە جۆرێک لێکدابڕاون کە باس لە شەڕی چینایەتی دەکرێت. دەڵێت ئەمە ڕاست نییە، بۆ نموونە لە کاتی شەڕدا ئەو جیاوازیانە لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا وەلانران. لە بەرەکانی شەڕدا نەدەگوترا فڵانی لە کوێوە هاتووە و دایکوبابی کێن و چی هەیە و چی نییە، بەڵکوو پرسیار دەکرا ئایا چەکدارێکی باشە؟ بە ورەیە؟ بەرگەی بارودۆخە سەخت و ناخۆشەکان دەگرێت؟ ئەمەش بە خێرایی بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕۆحییەتی برایەتی لە کۆمەڵگەدا.
برایەتی گەلان و نەتەوەکان تەوەرێکی سەرەکی باسەکەی ڕاکفێلێرە. دەپرسێت ئەگەر برایەتی لە نێوان تاکەکان ممکین بێت و بکرێت، ئەدی برایەتی گەلان بۆچی نەکرێت؟ دەڵێت هەر ئێستا (وەک وتم کتێبەکە لە ساڵی ۱۹۱٨ نووسراوە بۆیە لێرەدا ئاماژە بە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی دەکات) ئێمە بەردەوام بینەری برایەتی لە نێو وڵاتانی هاوپەیمەنداین (مەبەستی لە وڵاتانی هاوپەیمان ئەمریکا و فەڕانسا و ئینگلیز و باقی هاوپەیمانەکانیانن کە دژی وڵاتانی بەرەی میحوەر واتە ئاڵمان و عوسمانی و ئۆتریش-مەجارستان شەڕیان دەکرد). دەڵێت برایەتی نێوانیان بەردەوام پەرەی سەندووە و ڕێژەی هاوکارییەکان زیادیان کردووە و پەیتا پەیتا پێکەوە کۆ دەبنەوە و زیاتر لێک تێدەگەن. هەر ئەوەش وای کردووە فەرماندەیەکی تایبەت بۆ سوپای هاوپەیمانان دەستنیشان بکرێت. ڕۆحی برایەتی لە نێوان سەرکردەکان و سوپاکان و خەڵکیشدا دەبینرێت. ڕاکفلێر دەڵێت پێویستە ئەم ڕۆحی برایەتییە نەک هەر لە نێوان هاوپەیمانان بەڵکوو لە نێوان هەموو گەلان و بە تایبەت ئەو گەلانەی وەک هاوپەیمانان لە بەرەی حەق ڕاوەستاون نەک لە بەرەی ناحەق و ئەهریمەن پەرەی پێ بدرێت.
بە گشتی ڕاکفلێر دەڵێت وەک چۆن هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بە تەنیا بۆ خۆی بژیێت، گەلانیش هەر بەو جۆرەن. هەر چۆن خۆشبژێوی و ئاشتی نەتەوەیەک گرێدراو و بەستراوەی خۆشبژێوی و ئاشتی هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیە، ئاشتی و خۆشبژێوی جیهانیش بەستراوەی ئاشتی و خۆشبژێوی هەموو گەلانە و هیچ هێزێک هێندەی ڕۆحی برایەتی نێوان مرۆڤەکان و گەلان توانای پاراستنی ئاشتیی جیهانی و چاکەخوازی لە سەردەمی پاش شەڕدا بەتوانا و کارامە نییە.
من لێرەدا هەر مەبەستم ناساندنی ئەو ڕوانگەیە بوو بۆ پرسی برایەتی بەو هاوڕێیانەی حەزیان لەو بابەتانەیە. بەبۆچوونی من ئەوەی لەو پەرتووکەدا هاتووە ڕوانگەیەکی سادە و ساکارە بە نیسبەت پرسی برایەتی. هەر بە گشتی ڕوانگەیەکی ناڕاستیوازانە و ناواقێعی سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان بە تایبەت لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەیە. هەندێجار پرس و بابەتەکانی زۆر سادە و بچووک نیشان داوە کە دیارە لەبنەڕەتدا زۆر ئاڵۆزترن لەوەی ئەو باسی دەکات. بۆ نموونە کاتێک دەڵێت جەنگی جیهانی بووە هۆی پێکەوە کارکردن و هاوکاری نێوان حکوومەت و بازرگانان لە ئەمریکا و ئەو ئەزموونەش دەتوانێ ببێتە هەوێنی هاوکاری زیاتر بۆ بەدیهاتنی ڕۆحییەتی برایەتی، دیار نییە مەبەستی برایەتی لەگەڵ کێیە؟ ئەگەر تایبەت بە ئەمریکایە کە ئەوە دیاردەیەکی ناسیونالیستییە و لەبنەڕەتدا دژی تێزی برایەتی گەلانە. ئەسقەزا هەر ئەو ڕۆحییەتە لە کۆمەڵگەی وڵاتە جیاجیاکاندا بوو کە بووە هۆی سەرهەڵدان و هەروەها درێژبوونەوەی شەڕەکان!
بەڵام ئەوەش سەرنجڕاکێشە کاتێ نووسەر باس لە برایەتی گەلان دەکات، هێندەش پەپوولەئاسا قەڵەم ناگەڕێنێت. ئەو دەڵێت پێشمەرجی برایەتی گەلان پانکردنەوەی سەری مارەکەیە. دەڵێت پێکەوەژیان و برایەتی لەگەڵ شەیتانەکان وەهم و خەیاڵە. لێرەدا وەک پێشمەرجێک بۆ بەدیهێنانی برایەتی گەلان بانگەوازی شەڕ دژ بە گەلانی دڕندە و ئەهریمەن دەکات. ڕاکفلێر گەلان و وڵاتان بەسەر حەق و ناحەقدا دابەش دەکات و وڵاتەکەی خۆی دەخاتە بەرەی حەق و ئەوانیتریش دەکاتە شەیتان (هەڵبەت ئەوەی کە ئاڵمانیا لە هەردوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا دەستپێشخەر بوو نکۆڵی لێ ناکرێت). ئەمە ڕەنگە بۆ خوێنەری کورد سەرەنجڕاکێشتر بێت کە نووسەر بە ئاشکرا دەڵێت هەندێجار پێویستە برایەتی وەلا بنرێت تا بەرەی حەق سەر بکەوێت. دەڵێت لە ئێستادا وەحشیگەری تەحەدای شارستانییەت دەکات و چیدیکە ئەو دووانە ناتوانن لەم هەسارەیەدا پێکەوە هەڵبکەن تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی هێزەکانی دوژمن و ئەو کەسانەی یارمەتیدەرین لەم کۆمەڵکوژییەدا و ئەو کەسانەی کە هەوڵی گەڕانەوەی ڕۆژگاری بەڕبەڕیزم days of barbarism دەدەن لەنێو بچن. ڕاکفلێر دەڵێت هەڵبەت ئەوانە توانای جێبەجێکردنی نییەت و ویستە شەیتانیەکانیان نییە، بەڵام تا هەبن و مابێتن ئاشتی جێگیر نابێت. دەڵێت باشترە ئەوانەی لە بەرەی حەقدان لەپێناو سەرخستنی ئەو پڕەنسیپانەی شەڕیان بۆ دەکەن بمرن تا ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی هێزێکی دڵڕەقدا بژین. باشتر وایە ژنانی شارستانییەتی ئێمە لەم شەڕەدا تێدا بچن نەوەکوو لە لایەن براوەیەکی دڕندەوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر. باشترە منداڵە بێ تاوانەکانمان هەروا بە دەستی دوژمنێکی دڕندە بکوژرێن تا ئەوەی لەژێر دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و نامرۆڤانەدا بن. نەک هەر پێویستە سوپای ئەڵمانیا بۆ هەمیشە و بە تەواوەتی تەفروتوونا بکرێت، بەڵکوو پێویستە زۆرێک لە بنەماکانی فەلسەفەی ئاڵمان دیسان بونیاد بنرێتەوە و پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت. ئەو دەڵێت هیچ پەیوەندییەکی ئاشتیخوازانەی نەتەوە خاوەن شارستانییەتەکان لەگەڵ خەڵکانێک کە بەو پڕەنسیپە دڕندانانە ڕاهێنراون مومکین نییە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!