ئاشتیی دێموکراتیانە
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسەت دەڵێن وڵاتانی لیبراڵ- دێموکرات پێکەوە شەڕ ناکەن. هەڵبەت خۆیان دوو دەستەن: دەستەیەکیان دەڵێن دێموکراسییەکان لە سرووشتی خۆیاندا ئاشتیخوازن و هەمیشە بەو جۆرەن. دەستەیەکی تریان دەڵێن ئەو وڵاتانە تەنیا بەرامبەر باقی هاوتاکانی خۆیان (بەرامبەر دێموکراسییەکان) ئاشتیخوازن دەنا بەرامبەر وڵاتانی نادێموکرات جیاوازیەکی ئەوتۆیان نییە. ڕەنگە بەرامبەر وڵاتانی نادێموکرات شەڕخوازتریش بن چونکە دەیانەوێت بە بیانووی پەرەپێدان بە لیبرالیزم و دێموکراسی لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا دەستێوەردان بکەن و شەڕ هەڵگیرسێنن.
ئیمانۆئێل کانت بۆ یەکەم جار باسی لەوە کرد کە بۆ بەدیهاتنی “ئاشتی هەتاهەتایی” لە جیهاندا پێویستە ژمارەی کۆمارەکان زیاد بکرێن. کانت پێی وابوو کۆتایی مێژوو بریتییە لە ئاشتی نێوان وڵاتانی دێموکرات. دواتر جۆزێڤ شۆمپیتەر ئابووریناسی نەمسایی وتی سیستەمی سەرمایەداری و قازانجی ئابووری ڕێگرە لەوەی وڵاتانی دێموکرات پێکەوە شەڕ بکەن. لە کۆتاییەکانی شەڕی سارددا مایکل دویل یەکێک لە سەرەکیترین بیرمەندانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بوو کە پەرەی بەو تیۆرییە دا. فۆکۆیاما کە پێی وابوو سەرکەوتنی لیبراڵ دێموکراسی ئەمریکا و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت ئاماژەیە بۆ کۆتایی مێژوو و لیبراڵ دێموکراسییەکان وا دەکەن چیدیکە شەڕ و پێکدادانی گەورە لە ئاستی جیهانیدا ڕوو نەدەن، بە جۆرێک لایەنگری ئەو تیۆرییە بوو.
بەڵگەی بەهێزی لایەنگرانی ئەو تیۆرییە ئەوەیە کە دەڵێن لە ماوەی ۲۰۰ ساڵی ڕابردوودا لیبراڵ دێموکراسییەکان دژ بە یەکتر شەڕیان نەکردووە. ئەوەش وای کردووە ئەو تیۆرییە زۆر بە جیدی وەربگیرێت.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی دێموکراسییەکان پێکەوە شەڕ ناکەن بۆچوونی جیاواز هەیە: دەستەیەک دەڵێن هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بەها ئەخلاقییەکانی سیستەمە دێموکراتەکان. هاووڵاتیان هەر بەو جۆرەی کە لە وڵاتانی خۆیاندا گرینگی بە ڕێزگرتن لە ئەوانی تر و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان دەدەن دەیانەوێت لەگەڵ خەڵکی باقی وڵاتانی دێموکراتیشدا بەو شێوەیە مامەڵە بکەن. ئەمە وا دەکات حەز بە شەڕ کردن لەگەڵیان نەکەن. ئەمە دەوڵەتەکانیشیان ناچار دەکات ڕێز لە یەکتر بگرن و پێکەوە شەڕ نەکەن. دەستەی دووەم دەڵێن هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوە دێموکراتییەکان و شێوازی حوکمڕانی و بریاردان لەو وڵاتانەدا. لەبەر ئەوەی لە وڵاتانی دێموکراتدا بڕیاردان بۆ شەڕکردن پرۆسەیەکی کاتگیرە و پێویستی بە ڕەزامەندی هاووڵاتیان هەیە و لەبەر ئەوەی کە هاووڵاتیان دەزانن کە ئەنجامەکانی شەڕ داوێنی ئەوان دەگرێتەوە ڕازیکردنیان بۆ پشتگیری لە شەڕ بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دێموکراتدا ئێجگار دژوازە. دەستەی سێیەم دەڵێن هۆکاری ئەوەی کە دێموکراسییەکان پێکەوە شەڕ ناکەن پەیوەندییە بازرگانییەکان و قازانجی ئابوورییە. واتە وڵاتانی لیبراڵ دێموکرات بە جۆرێک پێکەوە بەستراونەتەوە کە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان زیاترین قازانجی بۆ دەوڵەتەکان و زۆرترین ڕێژەی خۆشبژێوی بۆ هاووڵاتیان بەرهەم هێناوە و تێچووی شەڕکردنی ئەو وڵاتانە دژ بە یەکتر زۆر زیاترە لە قازانجەکانی. بۆیە دوورە وڵاتانی دێموکرات ئامادە بن پێکەوە شەڕ بکەن.
تیۆری ئاشتی دێموکراتیانە ورد و باسهەڵگرە و ئەوەی ئاماژەم پێدا پوختەی ئەو تیۆریەیە. هەڵبەت ڕەخنەشی لێ گیراوە. ڕەنگە ڕیالیستەکان توندترین ڕەخنەیان لێ گرتبێت. ئەوان دەڵێن پرسی”مانەوەی نەتەوەیی” هەم لە مافەکانی مرۆڤ و هەم لە بەها لیبرالییەکان و هەم لە خۆشبژێوی هاووڵاتیان گرینگترە. ئەو کاتانە کە مانەوەی نەتەوەیی مەترسی لەسەر بێت سەرکردەکان خێرا و بە ئاسانی بڕیاری شەڕ دەدەن و هاووڵاتیانیش بێ دڕدۆنگی پشتگیری دەکەن، بۆیە هەموو ئەو باسانەی لیبراڵەکان تا کاتێک بڕەویان هەیە کە مانەوەی وڵاتانی لیبراڵ مسۆگەر بێت دەنا زۆر توندتر پێکەوە شەڕ دەکەن و گرینگی بە بەهاکانیش نادەن. ڕیالیستەکان دەڵێن ئاشتی جیهانی و هەتاهەتایی وەهمە، چونکە هەرگیز هەموو جیهان نابێتە لیبراڵ دێموکرات. ڕەنگە ئاشتی لە ناوچەیەکی جیهان (وەک ئەورووپای ئێستا) جێگیر بێت بەڵام نە مانەوەی مسۆگرە و نە پەرەسەندنی. هەندێ لە ڕیالیستەکان دەڵێن شەڕی ئەمریکا و ئیسپانیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و شەڕی جیهانی یەکەم لە نێوان ئاڵمان، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا شەڕی لیبراڵەکان بوو. زۆر جاریش هەبووە وڵاتانی زلهێزی دێموکرات دژ بە سەرکردەی دێموکراتی باقی وڵاتان هەڵوێستیان وەرگرتووە. ئەمە نیشان دەدات کە لە سیاسەتدا بەرژەوەندییەکان گرینگترن لە بەهاکان. ڕیالیستەکان دەڵێن ئەو تیۆرییە قەناعەتپێهێنەر نییە و پەرەسەندنی لیبراڵ دێموکراسییەکان تەنانەت ئەگەر ڕوو بدات، ڕێگر نابێت لە هەڵگیرسانی شەڕەکان. هەر لە سەرەتاوە هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە لیبراڵ دێموکراسییەکان خۆی دەبێتە هۆی زیادبوونی شەڕەکان!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!