سێ ڕوانگەی جیاواز لە ئەمریکا سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی

سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتنی وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بە گشتی سێ دەستە یان سێ ڕوانگە لە ئەمریکادا بەرچاو دەکەون. دەکرێت زیاتریش بن و من زانیاریم نەبێ. لێرەدا زۆر بە کورتی باسی ئەو سێ ڕوانگەیە دەکەم:

ڕوانگەیەک کە زیاتر لە نێو بەشێک لە بیرمەندانی ڕیالیستی سیاسەتی نێونەتەوەییدا باوە ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان نەک هەر مەترسی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی جێگیربوونی زیاتری ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا. کێنێت والتز  و مێرشایمێر کە لە بەناوبانگترین بیرمەندانی سیاسەتی نێونەتەویی بە هەژمار دێن لایەنگری ئەو ڕوانگەیەن. ئەوان دەڵێن چەکە ئەتۆمییەکان کۆمەڵکوژ و کاولکەرن. ئەگەر هەمووان هەیانبێت هیچ لایەنێک بەکاریان ناهێنێت. چونکە ئەوەی هێرشی دەکرێتە سەر ئەوەندە توانای ئەتۆمی بۆ دەمێنێتەوە کە بتوانێت تۆڵەی مەرگهێنەر بکاتەوە و هێرشبەر سزای جەرگبڕ بدات. بۆیە لەجیهانێکدا کە تێیدا هەر ئەکتەرێک خاوەن چەکی ئەتۆمی بێت هیچ کەس ئەوەندە بێ عەقڵ نییە دەستپێشخەری شەڕ بکات. هەرچۆن چەکی ئەتۆمی نەیهێشت یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا لە ماوەی ٤٥ ساڵ شەڕی سارددا بیر لە شەڕ بکەنەوە و جۆرێک لە “سەقامگیری و ئاشتی لەژێر سێبەری چەکە ئەتۆمییەکاندا” چەسپا، ئاوەهاش دەتوانێ لە ئاستێکی بەربڵاوتردا کاری پێ بکرێت. بۆ نموونە سەبارەت بە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی یاخود کۆریای باکوور و باشوور.  لەم ڕووەوە ئەمانە لایەنگری پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکانن؛ پێیان وایە نابێ ئەمریکا نیگەرانی ئەو بابەتە بێت. ئەمە لانیکەم بە ئاشکرا لەنێو سیاسەتوانانی ئەمریکادا لایەنگری زۆری نەبووە.

ڕوانگەی دووەم پێی وایە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان مەترسیدارە و نەک نابێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری بەڵکوو پەرەسەندنیان هەڕەشەیە بۆ سەر نەزم و ئاسایشی نێونەتەوەیی. ڕەوایە ئەمریکا نیگەران بێت، بەڵام نابێ ئەو نیگەرانییە پەلکێشی بکات بۆ نێو شەڕە بێ کۆتاییەکان. خۆی زلهێزی ئەتۆمییە و نابێ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان پێشوەختە بکەوێتە شەڕ. ئەوان دەڵێن ستراتیژی بەرپرچدانەوە یان پێشگیری (deterrence) وەک چۆن توانی ڕێگری لە پەلاماری یەکێتی سۆڤیەت بکات دەتوانێ بە ئاسانی بەر بە مەترسییەکانی وڵاتانی نوێی ئەتۆمیش بگرێت. هەڵکردن لەگەڵ ئەتۆم باش نییە بەڵام ڕەنگە ناچارەکی بێت. ئەمە لە نێو دامودەزگای سەربازی و ئەمنییەتی ئەمریکادا تا ڕادەیەک لایەنگری هەیە.

ڕوانگەی سێیەم هەم دەڵێت چەکە ئەتۆمییەکان بۆ ئاسایشی ئەمریکا و جیهان مەترسیدارن و هەم پێویستە ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی باقی وڵاتان و بە تایبەت وڵاتانی شەڕانگێز بەو چەکانە پەنا بۆ زۆر ببات. لایەنگرانی ئەو ڕوانگە دەڵێن ستراتیژی دیترێنس لەنێو وڵاتانێکدا کارایی هەیە کە بە شێوەیەکی عاقڵانە سیاسەت دەکەن. مەبەست ئەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ تێچوو و دەستکەوتەکان دەکەن و سیاسەتێک دەگرنە بەر کە دەستکەوتەکانی لە تێچووەکانی زیاتر بێت. بەڵام هەندێ وڵات و سەرکردەی ئایدۆلۆژیک هەن کە لەپێناو ئارمانەکانیان ئەمادەی خۆکوژین. بە شێوەیەکی عاقڵانە سیاسەت ناکەن.  ئامادەن بۆ بەدیهێنانی ئەو بەهەشتەی بەڵێنیان داوە  بکوژن. لانیکەم خۆیان دەچنە بەهەشت. کۆماری ئیسلامی نموونەی ئەو وڵاتانەیە، بۆیە پێناچێت بەرپرچدانەوە بەرامبەر ئەو وڵاتە کاریگەر بێت. بۆیە ئەمریکا بەرپرسیارە تەنانەت بە پەنابردن بۆ زۆر ڕێگری بکات لە دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکە ئەتۆمییەکان. ئەم ڕوانگەیە بە تایبەتی لە سەردەمی جۆرج دەبلیۆ بۆشدا باڵی بەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا کێشابوو. بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەرامبەر ئەفغانستان و عێراق لەو کاتەدا ئەوەندە ترسناک بوو کە وڵاتی ئێران بە ئاسانی بەپێی ڕێککەوتننامەکانی سەعداباد و پاریس ملکەجی خواستەکانی ڕۆژاوا بوو. لە لیبیا مەعمەر قەزافی ئامادە بوو بە بێ هیچ ئیمتیازێک درگای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دابخات. دواتر لەگەڵ فراوانبوونی کێشەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق کۆریای باکوور بیری لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگا بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە هەموو جۆرە فشارێک قەبووڵ بکات بە مەرجێک پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات و بە کردەش وای کرد. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وای نواندووە کە نە دەیەوێت ببێتە کۆریای باکوور و نە دەیەوێت ڕێگاکەی قەزافی بپێوێت. گەرچی بە کردە نیشانی داوە پێی باشترە هەمان ڕێگەی کۆریای باکوور تاقی بکاتەوە. واتە ئاسایش و ئەمنییەت لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیدا دەبینێتەوە نەک لە خۆچەککردندا. ئەوەی لەو نێوەدا نادیارە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆشکی سپیە. لە لایەکەوە نیشانیان داوە کە ئامادەن بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی هەموو جۆرە گوشارێک بخەنە سەری، بەڵام دیار نییە کە ئایا دەرئەنجام ئامادەن هێزی سەربازی بەرامبەری بەکاربهێنن یان نا؟!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *