هیچ ئایدئۆلۆژییەک لەمپەر نییە بۆ ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەرایی
یەکێک لە توخمەکانی پێکهاتنی “نەتەوە” هەستکردنی ئەندامانی کۆمەڵگەیە بە یەکانگیری و یەکبوون. پێویست ناکات و ناشکرێت ئەندامانی نەتەوەیەک هەموویان یەکتر بناسن بۆ ئەوەی هەست بە یەکبوون بکەن، ئاساییە ئەندامانی نەتەوەیەک باقی ئەندامانی تر نەناسن بەڵام هەر ئەوەندەی کە هەست بە یەکانگیری و یەکبوون دەکەن یەکێک لە فاکتەرەکانی بەنەتەوەبوون بەدی دەکرێت. بۆیە زۆر جار دەوترێت نەتەوە کۆمەڵگەیەکی خەیاڵییە؛ بەم پێیە ئەندامانی نەتەوەیەک هەست دەکەن هەندێ تایبەتمەندی هەن کە ئەوان پێکەوە گرێ دەداتەوە و لە باقی نەتەوەکان جیایان دەکاتەوە. هەست دەکەن چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە کە جیایە لە چارەنووسی باقی نەتەوەکانی تر. ئەمە یەکێک لە توخمەکانی ناسنامەیەکی هاوبەشە کە ئەندامان هەست بە بەرپرسیاریەتی و وەفاداری دەکەن بەرامبەری. هەر ئەمەش بنەمای ناسیونالیزم یان نەتەوەگەراییە.
هەڵبەت ناسنامەی نەتەوەیی بەهێزترین ناسنامەی تاکێکی ناسیونالیستە نەک تاکە ناسنامە. دەمەوێت بڵێم کاتێک دەڵێن کەسێک ناسیونالیستە بەو مانایە نییە کە ئیتر موسڵمان یا لیبراڵ یا سۆسیالیست نییە. بەو مانایەش نییە کە جگە لە نەتەوە سەر بە هیچ ڕێکخراوە یان حیزبێک نییە. تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە جیهاندا ناسنامەگەلی جیاوازیان هەیە. لە کوردستان تاکێک دەتوانێت کورد بێت، موسڵمانی شیعە یان سوننە یان سەر بە هەر ئایین و ڕێبازێکی تر بێت، لیبرال یان سۆسیال بێت و سەر بە ڕێکخراو و حیزبێکیش بێت. لەوەش زیاتر دەتوانێ خۆی بە کەسێکی کوردستانی سەر بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات هاووڵاتییەکی جیهان پێناسە بکات. ئەمانە هەموویان ناسنامەن. بەڵام کاتێک دەبێتە ناسیونالیست کە لە نێو ئەو ناسنامانەدا زیاترین وەفاداری بۆ نەتەوە بێت. واتە لە کاتی پێکدادانی ئەو ناسنامانەدا هەمیشە زیاترین وەفای بۆ نەتەوە و زیاترین پابەندی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت. کاتێک دەوترێت ناسیونالیزم لە جیهاندا زاڵە بەو واتایە دێت کە زۆرینەی نەتەوەکان زیاترین ڕێژەی وەفادارییان بۆ نەتەوەیە.
بۆ سەلماندنی ئەوە نموونەی زۆر هەن: لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا هەندێ لە بیرمەندانی مارکسیست بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کرێکاران دژ بە یەکتر شەڕ ناکەن و وەفایان بۆ چینی کرێکار لە ئاستی نێونەتەوەییدا زیاترە لە وەفایان بۆ نەتەوەکەیان، بەڵام کرێکاران بە کردەوە شانبەشانی هاونیشتمانیانی خۆیان دژ بە باقی نەتەوەکان شەڕیان کرد. ۷٥ ساڵ دواتر ناسیونالیزمی نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ناوچەی قەقاز یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو کە ئاڵاهەڵگری مارکسیزم بوو لە جیهاندا. هەر ئێستاکانێ ئەوەی کە زیاترین ڕێژەی هاووڵاتیانی ئازەربایجان و ئێران سەر بە مەزهەبی شیعەن هەرگیز وای نەکردووە لە ڕێژەی ئەو ناکۆکیانەی نێوانیان کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناسیونالیزمی فارسی و ئازەری کەم ببێتەوە. دوای کۆتاییهاتی شەڕی نێوان ئێرانی شیعە و عێراقی سوننە، ئیسلام ڕێگر نەبوو لەوەی عێراق کوەیت داگیر بکات. ڕەنگە زۆرینەی وڵاتانی موسڵمان بڕوایان بە ئومەتی یەکانگیری ئیسلام هەبێت، بەڵام هاوکات هەمووشیان بڕوایان بە ام القری هەیە؛ موسڵمانانی هە وڵاتێک پێیان وایە وڵاتی ئەوان دایکە. مان و نەمانی ئەوان بە واتای مان و نەمانی هەموو جیهانی ئیسلامە. ئەمە سەرکەوتنی ناسیونالیزمە. پێدەچێت وڵاتانی لیبراڵ دێموکرات کەمتر دژ بە یەکتر شەڕیان کردبێت، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نایەت کە لەو وڵاتانەدا وەفاداری بۆ لیبرالیزم زیاترە لە وەفایان بۆ ناسیونالیزم. هۆکاری جیاواز هەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی لیبراڵ دێموکرات پێکەوە شەڕ ناکەن؛ قازانجی ئابووری، هاوبەشی و هاوجۆری بەها و بایەخەکان و هاوچەشنی کلتووری و گرینگتر لەوانەش جێگیربوونی دێموکراسی کە تێیدا دەرکردنی بڕیاری شەڕ دژ بە باقی وڵاتانی دێموکرات ئەگەر ناممکین نەبێت لانیکەم ئێجگار دژوارە، بەشێکن لەو هۆکارانە. تیۆری “ئاشتی دێموکراتیانە” لەسەر ئەم گریمانانە دانراوە. ئەوە باسێکی پڕمشتومڕە و لێرەدا مەبەستم نییە بپرژێمە سەری؛ دەگەڕێمەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی کوردستان.
قسەی من ئەوەیە نە دژایەتیکردنی ئیسلام و نە موسڵمان بوون، نە دژایەتیکردنی سوسیالیزم و نە سۆسیال بوون، نە دژایەتیکردنی لیبرالیزم و نە لیبراڵ بوون خۆی لە خۆیدا بە مانای نەتەوەیی و نانەتەوەییبوون نییە. ئەندامبوون لە حیزب و ڕێکخراوەگەلێکیشدا کە ئامانجی دواڕۆژیان جێگیرکردنی ئەو ئایدیایانەیە بە هەمان شێوە. وەک پێشتریش باسم کردووە ئەوانە بەرنامەی ژیانن بە پێچەوانەی ناسیونالیزم کە ئایدۆلۆژیای مانەوەیە. مرۆڤ تا نەمێنێتەوە ناتوانێ هەڵبژێرێت چۆن ژیان بکات. ئەمەیە ئەو لۆژیکە کە پێمان دەڵێت بۆچی زۆرینەی نەتەوەکان ناسیونالیستن. بە کورتی، وەفاداری زیاتر بۆ ناسنامەی نەتەوەیی بە بەراورد لەگەڵ باقی ناسنامەکان ناسیونالیزمە. دوورە لەمە ئاسانتر ناسیونالیزم پێناسە بکرێت!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!