ناسیونالیزم وەک بەهێزترین و بەڕەونەقترین ئایدۆلۆژیای جیهان
ناسیونالیسم گەورەترین ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتورییەتەکان و بنیاتنانی جیهانی مودێڕن و سیستەمی دەوڵەت-تەوەر لە دوو سەدەی ڕابردوودا گێڕا، بەڵام کۆتایی نەهاتووە. هێشتاش بەهێزترین، سەرەکیترین و بەڕەونەقترین ئایدۆلۆژیای سیاسییە لە هەموو جیهاندا کە قووڵترین کاریگەری لەسەر ڕووداو و دیاردە سیاسییەکان دادەنێت. چەقی ناسیونالیزم نەتەوەیە و دەوڵەتخوازی وەک گونجاوترین مودێلی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەرکەوتەی سەرەکی ناسیونالیزمە. لەڕاستیدا لە ئێستای جیهاندا هەموو نەتەوەیەک پێی خۆشە سنووری جیاواز و دەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەبێت و کاروباری خۆی بە بێ دەستێوەردانی “ئەوانی تر” بەڕێوە ببات. هیچ نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت ئامادە نییە دەست لەو ڕێکخراوە مەزنە سیاسییەی تایبەت بە خۆی هەڵبگرێت. هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش خوازیاری دەوڵەتن، گەرچی هەموویان ناتوانن بەو ئاواتەیان بگەن. بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و خاوەن دەوڵەتەکان هێشتا ئامادەن لەپێناو نەتەوە و خاک و نیشتمانی خۆیاندا خەبات بکەن و گیانیان بەخت بکەن. ناسیونالیزم ئایینی هاوبەشی هەموو نەتەوەکانە.
ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیای ڕزگاری و سەربەستییە و پەیوەندی بە مانەوەی نەتەوەکانەوە هەیە. باقی ئایدۆلۆژییەکان وەک لیبرالیزم و سۆسیالیزم و هتد مۆدیل و بەرنامەی ژیانن. ناسیونالیزم بنەماییتر و پێویستترە چونکە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بیر لە چۆنێتی و شێوازەکانی ژیانی بکاتەوە پێش ئەوەی مانەوەی فیزیکی و ناسنامەیی خۆی مسۆگەر بکات. لۆژیکی ئەم باسە ئاسانە: “بمێنەوە و پاشان چۆنت پێ خۆش بوو بژی!”. بۆیە ناسیونالیزم بەبەراورد لەگەڵ باقی ئایدۆلۆژییەکان پلەیەک سەرتر و سەروگەردنێک بەرزتر و نزیک لە هەمیشە براوەیە. ئەمە سەبارەت بە هەموو کۆمەڵگەکان ڕاستە. لەڕاستیدا هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا نییە ناسیونالیست نەبێ. نەتەوەیەک ڕەنگە لیبراڵ بێت یا سۆسیال یا ئیسلام یا بڕوامەند بە هەر ئایدیایەکی تر، بەڵام لیبراڵەکان، موسڵمانەکان و سۆسیالیستەکان لەوەدا هاوبەشن کە ناسیونالیستن. گەردوون تەنراوە بە ناسیونالیزم. هۆکارەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزم توانای جووتگیری زۆر و فراوانە: ناسیونالیزمی ئیسلامی، ناسیونالیزمی چەپ، ناسیونالیزمی لیبرال.
چەپەکان، ئیسلامییەکان و لیبرالەکان لە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر سەرناکەون مەگەر ئەوەی هەوڵ بدەن ناسیونالیزمێکی پتەو و نەتەوەیەکی فراوانخواز لە کۆمەڵگەی خۆیاندا بەرهەم بێنن. فراوانخواز لانیکەم بەو مانایە کە پێیان وابێت ئەوان شایستەیی ئەوەیان هەیە ڕێنما و ڕێنوێنی باقی گەلان و نەتەوەکان بن! هەر لەم چوارچێوەیەدا ئیسلامییەکان و مارکسیستەکان ناتوانن ئۆمەت و کۆمۆن پێک بهێنن و سنوورەکان بسڕنەوە مەگەر ئەوەی پێشتر دەوڵەت (دەرکەوتەی ناسیونالیستی) لە مەزنترین فۆرمی خۆیدا بنیات بنێن! تا ئێستا وڵاتانی موسڵمان گەلێک جار پێکەوە جەنگاون و لەوبەر چەم و کێو و سنوورەکانەوە بەمەبەستی بنیاتنانی خەلافەتی ئۆمەت تەوەر کۆمەڵکوژییان ڕێک خستووە. زۆرینەی کرێکارانی جیهان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی وڵات و نیشتمانی خۆیان خەباتیان کردووە و کوژراون نەک لە پێناو بەرژەوەندی کرێکارانی وڵاتانی تر! لەوە گەڕێین هەر ئێستاکە ترامپ و پۆتین و خامنەیی و ئەسەد و ئەردۆغان و نەتانیاهۆ و ئیسماعیل هەنیە و کیم جونگ ئون و زلێنسکی خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە لەژێر ناوی “نەتەوە” کار دەکەن. هیچ ڕکابەرێکی دێموکرات و نادێموکرات ناتوانێ جێی ئەوانە بگرێتەوە ئەگەر بە ناوی “نەتەوە” و بە “ناسیونالیزم”ێکی بەهێزتر و خەستتر بەرەنگاریان نەبێتەوە. ئەمە بە ڕوونی پێمان دەڵێ ناسیونالیزم هێزی بزوێنەری سیاسەتە؟
مزگێنی زۆر دراوە بەڵام چاوەڕوانی هیچ تیۆری، هزر و قوتابخانەیەک سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ناسیونالیزم هەتا ئەم ساتەوەختە وەڕاست نەگەڕاوە. دەستەواژەگەلێکی وەک ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ و ناسیونالیزمی ڕەش و ناسیونالیزمی نەفرەتی تەنیا ئەدەبیاتی پەراوێزخراوەکان و لاوازەکانە. ڕەنگە ئێستا وەک زۆرینەی قۆناغەکانی پێشووی مێژووی سیاسی کورد زۆرێک هەوڵی چڕ بدەن بۆ جێخستنی تێزی “جارێ زووە”، بەڵام لەکۆتاییدا هەر تاکێکی کورد لەوە تێدەگات کە چارەیەکی نییە و مەحکوومە بەوەی ناسیونالیست/ دەوڵەتخواز بێت. ئەزموونەکانی سەراپای عالەم پێمان دەڵێن ئەوە ئەگەر نا تاقە فاکتەر، لانیکەم گرینگترین توخمی ڕزگاریی و گونجاوترین میکانیزمی دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە لە بەرزترین ئاستدا. ڕزگاری نیشتمانی لە ناسیونالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ “ئیزم”ێکی تر سوودمەند نابێت مەگەر ئەوەی لە گێڕانەوەکانیدا گرینگی بە هەست و بیری نەتەوەیی و جێگە و پێگەی ناسیونالیزم بدات و لەگەڵی جووت بێت. ناسیونالیزمی کوردی شۆڕشی ڕاستەقینەیە دژ بە داگیرکەران. ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون؛ بێ هۆ نییە زیاترین پەلامارەکان دژ بە ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!