دەربارەی فارسیزم و دەوڵەتی ئێرانی فارسی

هەندێجار ئەو پرسیارەم لێ کراوە کە بۆچی زۆر جار لە نووسراوەکانمدا ئاماژە بە “فارس” دەکەم. ئەو ئاماژەکردنەی من بە “فارس” هەندێجار ئەو تێگەیشتنەی لای هەندێ لە هاوڕێیان درووست کردووە کە من کەسێکی دژە فارسم. دیارە ئەوەش وەک هەڵوێستێکی هەستەکی یان ڕوانینێکی هاوشێوەی “پانفارسەکان” دێتە بەرچاو.

بەڵام لەڕاستیدا من کەسێکی دژە فارس بەو واتایە کە بە شێوەیەکی هەستەکی قین و نەفرەتم لە “نەتەوەی فارس” بێت نییە. بە بۆچوونی من و هەڵبەت ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریشە کە “دەوڵەتی ئێرانی” نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس دەکات، بەو واتایە کە لە وڵاتی فرەنەتەوەی نادێموکراتی ئێرانی ئێستادا دەوڵەت پارێزەری بەرژەوەندییە سەرەکییەکان و پەرەپێدەری دەسەڵات و کلتوور و ناسنامەی فارسەکانە و لە ماوەی نزیک لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە کولتوور و ناسنامەی باقی نەتەوەکان لە ناسنامەی فارسدا بتوێنێتەوە. بۆیە من زۆرجار پێم باش بووە بنووسم دەوڵەتی فارسی-ئێرانی .

جگە لەوەش، هۆکارێکی تر هەیە. هەرچەند من خۆیشم زۆر جار دەستەواژەگەلی پان-ئێرانی یان ناسیونالیزمی ئێرانیم بەکار هێناوە، بەڵام بە حەقیقەت ناسیونالیزمی فارسی و پانفارسیزم درووستترە. چونکە خودی دەستەواژەگەلی پانئێرانیزم و ناسیونالیزمی ئێرانی هەڵگر یان ساختەی ئایدۆلۆژیای پانفارسیزمن. پانئیرانیزم ئەگەر ئاماژە بێت بۆ سنوورە [دەستکردە] جوغرافیاییەکانی ئێرانی ئێستا لەڕاستیدا ئەوە درۆیەکی گەورەیە و شتێک بەناوی پانئێرانیزم و تەنانەت ناسیونالیزمی ئێرانی بوونی نییە. ئەمە سەرپۆشێکە بۆ ئایدۆلۆژیای پانفراسیزم و ناسیونالیزمی فارس. پانئێرانیزم ئەگەر ئاماژە بۆ نەژادی ئاریاییش بێت دیسان هەندێ نەتەوە نەک لە دەرەوە تەنانەت لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای ئێرانیشدا هەن کە ئاریایی نین و خۆیان بە ئاریایی نازانن، لەم ڕووەوەش پانئێرانیزم ڕاست نییە.

داهێنانی پانئێرانیزم و ناسیونالیزمی ئێرانی لە جیاتی پانفارسیزم و ناسیونالیزمی فارسی فێڵێکە بۆ تواندنەوەی باقی نەتەوەکانی ئێران لە پانفارسیزمدا. فارسەکان هەر لە سەردەمی ڕەزا خانەوە تا ئێستا هەوڵیان ئەوە بووە وای بنوێنن پانفارسیزم هەمان پانئێرانیزمە و هەموو ئەوانەی لە ئێستادا لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا دەژین بەشێکن لە پانئێرانیزم. بێگومان کاتێ دەڵێم پانفارسیزم ئێرانشارییەکانیش دەگرێتەوە کە لە باسەکانی ئەواندا زۆر ئاماژە بە دەرەوەی سنوورەکانیش لەژێر ناوی ئێرانی کولتووریدا دەکرێت.

بە کورتی پانئێرانیزم  داسەپاندنی ناسنامەیەکی درۆیینەیە و جۆرێکی دیکەیە لە ئاسیمیلاسیون. “ئێرانیزم” ئایدۆلۆژیای “فارسیزمە” کە بڕوای بە یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک دەوڵەت هەیە. ئەمە هۆکاری ئەو پێداگرییەی منە لەسەر بەکارهێنانی فارس یان پانفارسیزم و جۆرێک تەقەلایە بۆ دوورکەوتنەوە لەو تەڵەیەی پانفارسەکان.

ئەمە وەک کورتە ڕوونکردنەوەیەک…

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *