سێ ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە دەوڵەت و دەوڵەتخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەکرێت ئەوانەی خوارەوە وەک سێ ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە دەوڵەت و دەوڵەتخوازی لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەیر بکرێن:
ڕوانگەی یەکەم، کە ڕەنگە زۆرینەیان لایەنگری پ.ک.ک و پژاک بن پێیان وایە کە ناسیونالیزم و دەرهاوێشتەکەی (دەوڵەتخوازی) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەسەلەی کورد و دۆخی پڕ لە کارەسات و قەیراناویی کوردستان. دەوڵەتخوازی هاوکات کە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە، دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی زیاتری نەتەوەی کورد. ڕێگەچارەی کورد بۆ دەربازبوون لەو دۆخە تراژیکە و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتووە دێموکراتیزەکردنی ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان تێدا دەژی. دێموکراتیزەکردن بە واتای ڕزگارکردنی هەموو نەتەوەکان لە ژێردەستەیی و هەبوونی مافی یەکسان و بەرابەرە لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستادا. چەقی باسی ئەم ڕەوتە دێموکراسی و ئیکۆلۆژییە و مودێلی خۆبەڕێوەبەری بە باشترین مودێلی حوکمڕانی و جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبینن. لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە لەبنەڕەتدا و بە پشتبەستن بە فەلسەفە و بیروبۆچوونەکانی ئوجەلان دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەت لە هەر قۆناغێکدا دەکەن و دەوڵەت بە شەڕی ڕەها دەزانن. پێیان وایە خەباتی ئەوان نەک هەر بۆ دێموکراتیزەکردنی ئەو وڵاتانەیە کە کوردی تێدا دەژی بەڵکو خەباتێکە دژ بە سیستەمی دەوڵەت-تەوەری جیهانی و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە لە عەقڵییەتی دەوڵەتی چەوسێنەر، پیاوسالار و خوێنڕێژ.
ڕوانگەی دووەم، دەوڵەت وەک ئامانج سەیر دەکات. بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکرات سەرباری ئەوەی حیزبەکانیان وەک بەرنامەی سیاسی و بە ئاشکرا فیدراڵخوازن، بەڵام دەڵێن لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت لە قۆناغی دوای دەستەبەرکردنی فیدرالیزمداین. ئەوان بە دەوڵەتخوازانی ئێستا دەڵێن ئێمە لە ئێوە سەربەخۆییخوازترین بەڵام “ئێستا کاتی نییە”. کەوابوو مەبەست لە دەوڵەت وەک ئامانج دەوڵەتسازی هەنگاو بە هەنگاوە. ئەمانە بەپێچەوانەی لایەنگرانی پ.ک.ک و پژاک دەوڵەتخوازی بە ئیدەیەکی خراپ نازانن. بگرە پێیان وایە هۆکاری سەرەکی تراژێدیا و کارەساتەکانی نەتەوەی کورد نەبوونی دەوڵەتە و پێیان وایە ئەگەر کورد خاوەن دەوڵەت بێت لە هەموو ئەو کێشانەی ئێستا ڕزگاری دەبێت. بەڵام وەک وتم ئەوان پێیان وایە لە قۆناغی ئێستادا دامەزراندنی دەوڵەت ڕوانگەیەکی خەیاڵاوی و ئایدیالیستییە و ڕیالیزمی سیاسی دەخوازێت خەبات لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا پێناسە بکەین. بەم چەشنە، ئەوان لەوەدا کە دەوڵەت بە کەرەسەیەکی باشی ڕزگاری دەبینن لە پژاک جودا دەبنەوە بەڵام لەبەر جەختکردنەوەیان لەسەر بەدیهێنانی مودێلی فیدرالیزم و خەبات لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا لە سیاسەتی کردەییدا لەگەڵ ئەوان یەک دەگرنەوە. هەندێ لە دەوڵەتخوازەکانیش کە ئەم لایەنانە دەخەنە تای تەرازوویەک ئەگەر سەرنج بدەن ئەم لایەنە هاوبەشەیان زەق دەکەنەوە. لەڕاستیدا ئەوانەی دەوڵەتخوازی وەک ئامانج سەیر دەکەن زۆر زەحمەتە لە ڕەخنەی سەربەخۆییخوازان ڕزگاریان بێت. بە تایبەت کە فیدراڵخوازان هەوڵ دەدەن وەک کاردانەوە بەرامبەر تۆمەتی “جوداییخوازی” لەلایەن دەسەڵات و ئەندامانی کۆمەڵگەی نەتەوەی سەردەستەوە بەردەوام باس لە ڕێزگرتن لە سنوورەکان و یەکپارچەیی و مێژووی هاوبەش و پێکەوەژیانی بێ کێشەی ڕابردوو و بە گشتی جەخت لە خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە کە ئەمە خۆی لێدانە لە ناسیونالیزم وەک ئایدۆلۆژیای دەوڵەتخوازیی کە پێویستی بە زەقکردنەوەی جیاوازییەکان هەیە. ئەوەی کە زۆر جار ڕێبەرانی حیزبەکان ناچارن بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەت و تاکتیکەکانی ڕۆژانەی خۆیان باس لە ئێرانیبوونی کورد بکەن بە توندترین شێواز دەکەونە بەر ڕەخنە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی باسم کرد.
ڕوانگەی سێیەم، باس لە دەوڵەتخوازی وەک دەستپێک دەکات. ئەمانە بە توندی هەڵدەکوتنە سەر گریمانە تیۆرییەکانی دەستەی یەکەم کە لە بنەڕەتدا دەوڵەت نەفی و ڕەت دەکەنەوە. هاوکات ڕەخنەی جیددی لە لایەنگرانی ڕوانگەی دووەم واتە لایەنگرانی بیرۆکەی “دەوڵەت وەک ئامانج” دەگرن. ئەمان دەڵێن سەربەخۆیی مافی نەتەوەی کوردە و هیچ کەس ئەو ڕەوایی و نوێنەرایەتییە بە هیچ لایەنێک [مەبەستیان حیزبەکانە] نەداوە کە لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات و مافەکەیان کورت و بەرتەسک بکاتەوە. ئەوان دەڵێن فیدراڵخوازان بە جەختکردنەوە لەسەر مێژووی هاوبەش و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و بەرتەسککردنەوەی کێشەی کورد لەگەڵ جۆرێکی تایبەتی سیستەمی سیاسی لە ناوەند، هەمووی گەمەکردنە لە چوارچێوەی گوتاری داگیرکەران و لێدانە لە دەوڵەتخوازی. ئەمان دەڵێن شتێک بە ناوی مێژووی هاوبەش و ژیانی ئاشتیخوازانە هەرگیز نەبووە و ئەوەی بووە پەلاماردانی نەتەوەی کورد و تەفروتووناکردنی فیزیکی و تواندنەوەی کلتوور و ناسنامەی بووە، بۆیە ڕێگەچارەی ڕزگاری و بەختەوەری تێکدانی سنوورە دەستکردەکان و سەربەخۆیی لە شکڵی دامەزراندنی دەوڵەتدایە.
لایەنگرانی “دەوڵەتخوازی وەک دەستپێک” وا بیر دەکەنەوە کە تێچووی خەبات بۆ چەسپاندنی فیدرالیزم لە وڵاتێکی فرە نەتەوەی نادێموکراتدا هیچ لە تێچووی دەوڵەتخوازی و خواست و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی دەوڵەت کەمتر نییە. دەشڵێن فیدرالیزم بژاردەی عەقڵانی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز نییە، واتە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز لە هەنگاوی یەکەمدا باس لە مافی سەرەکی خۆی واتە دەوڵەتخوازی دەکات، جا دەوڵەت ناچارە یان سەرکوتی بکات [وەک ئەوەی تا ئێستا بەرامبەر فیدراڵخوازان کردوویە] یاخود دەست بخاتە سەر بژاردەیەکی مام نێونجی بۆ دەربازبوون لە قەیران کە ئەو بژاردەیە فیدرالیزمە وەک بژاردەیەک لە نێوان سەرکوت و سەربەخۆییدا.
دیارە ئەم باسە زۆر بەربڵاوە و من تەنیا ئاماژەم بە هەندێ خاڵی سەرەکی کردووە. ئەوەش وەک بەبۆچوونی خۆم بڵێم کە گفتوگۆ و ئیمکانی نزکبوونەوەی دەستەی یەکەم و دەستەی سێیەم لەسەر پرسی دەوڵەت نامومکینە. بەڵام لەسەر سیاسەتی ڕۆژ بە تایبەت دەوڵەتخوازان پشتگیری هەر جۆرە هەوڵێکی پێشخەرانەیان دەکەن لە دۆخی ئێستای کوردستاندا. لەم ڕوانگەوە هیچ سەیر نییە کە زۆرینەی سەربەخۆییخوازان پشتگیری نیمچەدەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان دەکەن کە لەلایەن پێڕەوانی نزیکی دژە دەوڵەتەکانەوە دامەزراوە. ئیمکانی گفتوگۆی دەستەی دووەم و سێیەم لەسەر پرسی دەوڵەت زیاترە و بە کردەش ڕەخنە و گفتوگۆ لە نێوان ئەو دوو دەستەیەدا لە ئارادایە. ئەم ئیدیعایە بێ بەڵگە نییە؛ لەکاتێکدا کە ئەستەمە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی-حیزبیدا کەسانێک بۆ نموونە لە نێو پ.ک.ک و پژاک بە ئاشکرا باس لە پێویستی دەوڵەتخوازی بکەن و ناسیونالیزم و بنیاتنانی دەوڵەت وەک بژاردەیەک باس بکەن لە نێو حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵەدا بە ئاشکرا ڕەخنە لە بەرنامەی سیاسی و پێویستی گۆڕینی پلاتفۆڕم و بەرنامەی سیاسی لە ئاراستەی دەوڵەتخوازیدا دەکرێت. هەر بەم بۆنەوە دەستەیەک لە دەوڵەتخوازانی سەر بە ڕوانگەی “دەوڵەت وەک دەستپێک” هێشتا لە حیزبەکان بێ هیوا نین.
لە ئێستادا پێدەچێت لایەنگرانی “سەربەخۆیی وەک ئامانج” لە ڕووی سیاسەتی ڕێکخراوەیی و کردەییەوە لە ڕۆژهەڵاتدا باڵادەست بن. لایەنگرانی ڕەوتی دژە دەوڵەتیش تەنانەت لە ڕووی کاری ڕێکخراوەییەوە جێگە و پێگە و ژمارەیەکی بەرچاو لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم مەبەستی من لە “دژە دەوڵەت” دژە کورد یان دژە نەتەوەییبوونی ئەو ڕەوتە نییە، بەو هۆکارە سادەیە کە ئەو ڕەوتەش میکانیزم و پێشنیاری خۆیان بە گونجاوترین بۆ بەختەوەرکردنی گەلی کورد دەزانن. لایەنگرانی ڕوانگەی سێیەم، لە ڕووی چالاکی ڕێکخراوەییەوە ناسەرکەوتوو، لە ڕووی سیاسەتی مەیدانییەوە لاواز بەڵام لە ڕووی تیۆری و لەبەرچاوگرتنی پێویستی و پێشمەرجەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانە و گەڕانەوە بۆ ئەزموونی نەتەوە سەرکەوتووەکان لە بەدیهێنانی ڕزگاری نەتەوەیی سەرکەوتووترن بۆیە ژمارەی لایەنگرانیشیان ڕووی لە زیادبوونە و بەردەوام پەرەدەستێنن. هەموو ئەمانەش هۆکاری خۆی هەیە کە دەکرێ لە نووسراوەیەکی جیاوازدا باسی بکرێت.
پێموایە پێویست بە ڕوونکردنەوە نەکات کە مەبەستی من لە ڕەوتی دەوڵەتخواز ئەو کەسانە نین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە زمانی توند و تەنانەت جوێن هەڵدەکوتنە سەر هەموو لایەنەکان. من باسی ڕەوت و ڕوانگە دەکەم کە لانیکەم خاوەن چەند وتار و بەرهەمی نووسراوەن نەک مینبەر و موعیزە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!