پلانەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی و پەرتەوازەیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی (شعام: شورای عالی امنیت ملی) ناوەندێکە کە کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦٨ بە وتەی خۆیان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان، پاراستنی شۆڕشی ۱۳٥۷ (واتە بۆ پاراستی خودی ڕژێم) و پاراستنی یەکپارچەیی وڵات دایمەزراند و جێگای ئەنجومەنی باڵای بەرگری(شورای عالی دفاع)ی گرتەوە. بە پێی ماددەی ۱۷٦ی یاسای بنچینەیی ئێران ئەنجومەنی باڵای ئاسایش گرینگترین ناوەندە بۆ بڕیاردان سەبارەت بە کاروباری سیاسەتی دەرەوە و دەستنیشانکردنی سیاسەتەکانی ڕژیم لە بوارەکانی سەربازی وئەمنییەتدا.
ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێکهاتوون لە بەرپرسی باڵای سیاسی، سەربازی و هەواڵگریی ڕژێم (سەرۆکی مەجلیس، سەرۆکی دەزگای داد، وەزیری نێوخۆ، وەزیڕی دەرەوە، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەی گشتیی ئەرتەش، فەرماندەی گشتیی سوپا، وەزیری پەیوەندیدار بەو بابەتەوە کە دەکەوێتە بەر باس، ئەندامێکی کاتیی، دوو نوێنەری خامنەیی و سکرتێری ئەنجومەن). سەرۆک کۆمار ئەرکی سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنەی لە ئەستۆیە. تەنها ڕێبەر [لە ئێستادا خامنەیی] دەتوانێ بڕیارەکانی ئەو ئەنجومەنە ڤیتۆ بکات. کەوابوو وەک وتم ئەنجومەنی باڵای ئاسایش سیاسەتە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کاروباری سەربازی و ئەمنییەت دەستنیشان دەکات کە دیارە هەمان ئەو سیاسەتانەن کە لە چوارچێوەی ویست و خواستەکانی ڕێبەری ئەو ڕژێمەدان. هەر ئەو ئەنجومەنەیە کە بڕیار دەدات کە چۆن و چلۆن ئورگان و ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شتەی وەک مەترسی و هەڕەشەی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پێناسەی دەکەن کار بکەن.
هەر پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەو چوار پێشمەرگەیەی کۆمەڵە کە لەم دواییانەدا لە سێدارە دران و شەهید بوون لێکدانەوەی ڕاپۆرتەکانی ماڵپەڕی “نور نیوز”ی سەر بەو ئەنجومەنە بە ڕوونی دەری دەخست کە دەیانەوێت بە تایبەت بە گەورەکردنەوەی بابەتی پەیوەندی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ مووسادی ئیسرائیل زەمینەی فشاری هەمەلایەنە و لێدان لە حیزبەکان ئامادە بکەن. درووستکردنی فیلم و بەڵگەی ساختە و چەواشاکارانە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حیزبەکان و مووساد، ڕاگەیەندراوی مەجلیس بە واژۆی ۲۰۲ نوێنەری مەجلیس سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە لە دژە شۆڕش (ضد انقللاب) و هەڕەشەی وەزیری ئیتلاعات سەبارەت بە تۆڵەکردنەوە لە حیزبەکان لە میانەی سەفەرێکیدا بۆ سنە هەموویان ئاماژە بوون بۆ پیلانێکی نوێی کۆماری ئیسلامی. هاوکاتیش ئاماژەیان بەوە دەکرد کە عێراق وەک وڵاتێکی دراوسێ پابەندی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان و بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە پاراستنی سنوورەکان نییە.
هەم ئەو کات و هەم دوای شۆڕشی ژیناش لەچەند نووسراوەیەکدا ئاماژەم بەوە کرد کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ بە شێوازێکی جیاواز لە پێشوو لە مەترسییەکانی ئەم جارە بڕوانن. چونکە فایلەکەیان چووەتە ئەنجومەنی ئاسایشی باڵا و هەموو هەوڵی کۆماری ئیسلامی و ئەو ئەنجومەنە ئەوەیە کە حیزبەکان وەک هەڕەشەیەکی “ڕاستەقینە” بنوێنێت و ڕەوایی بەو بیرۆکەیە بدات کە پێویستە لە ڕێگای ئوپەراسیونێکی “پێشدەستانە” هەڕەشەکان پووچەڵ بکاتەوە. دواتریش بینیمان کە سوپای پاسداران دوابەدوای مووشەکبارانەکان زۆر جار لەو نامانەیدا کە وەک ڕوونکردنەوە و بەمەبەستی ڕوایی پێدان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەناردن ئاماژەی بە ئۆپەراسیونی “هێرشی پێشگیرانە لە دژی تیرۆریستان” دەکرد. دواتریش واژۆکردنی گرێبەستی ئەمنییەتی نێوان بەغدا و تاران لە ڕۆژی یەکشەممە ۲٨ی ڕەشەمەی ۱٤۰۱ هەر لەو چوارچێوەیەدا و دوای سەفەری عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ بەغدا بوو. دیسان لە کورتە نووسراوەیەکدا ئاماژەم بەو بابەتە کردەوە. ئامانجی ئەو گرێبەستە وەک ڕاگەیەندرابوو بریتی بوو لە پاراستنی “ئاسایشی سنوورەکان”، بۆیە چاوەڕوانکراو بوو لەوەبەدوا هەموو جۆرە فشارێکی ورد و دروشت بکەوێتە سەر حیزبەکان. بۆیە ئێستاش هەندێ هەواڵی وەک درووستکردنی دیوار بە دەور کەمپەکان و تەنانەت پووچەڵکردنەوەی پاسپۆرتی کەسایەتییە سیاسیەکان زۆر سەرسووڕهێنەر نییە. ئەمانە هەنگاوی کردەیین بۆ بەئەنجامگەیاندنی سیاسەتێکی پێشتر داڕێژراو نەک دەستپێک.
ئەوەی ئێمە ئاواتمان دەخواست گرتنەبەری سیاسەتی “خۆیارمەتی” بوو لە لایەن حیزبەکانەوە کە پێشتر باسم کردووە. لانیکەمی دەیانتوانی لە ڕاستای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی باڵا پێکهاتوو لە باڵاترین بەرپرسان بۆ بڕیاردان سەبارەت بە گونجاوترین شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ڕژێم هەنگاو هەڵ بگرن. مەخابن هیچ نیشانەیەک نییە سەلمێنەری ئەوە بێت کە ئاوا هەوڵێک درابێت. بەپێچەوانەوە نیشانەکانی پەرتەوازەیی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر و زەبەندن.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!