دەوڵەتخواز و فیدراڵخواز: کێ ڕیالیستە و کێ ئایدیالیست؟

دەوڵەت و سیستەمی فیدراڵ دوو فۆرمی جیاوازی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسن. فورمگەلی خوارتر لە فیدرال هەن بەڵام سەرتر لە دەوڵەت نا. واتە دەوڵەت مەزنترین فۆرمی جێبەجێکردنی ئەو مافە و دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە. دەزانین مانەوە [survival] یەکەمین ئامانجی هەموو نەتەوەکانە. ڕیالیزم و ئایدیالیزمیش دوو قوتابخانەن کە گریمانەی جیاوازیان سەبارەت بە بنەماکانی سیاسەت هەیە. لایەنگریی لە هەر یەک لەوانە وا دەکات کە سیاسەتوانێک بە ڕیالیست یان ئایدیالیست ناو ببرێت.

زۆر جار دەبینین کە لە شانۆی سیاسەتی کوردستاندا باس لە ڕیالیستبوون و ئایدیالیستبوونی سیاسەتوانان یان کەسایەتییەکان دەکرێت. بە تایبەت دەوترێت فیدراڵخوازەکان [ زیاتر حیزبەکان] ڕیالیست یان واقێعگەران. لە بەرامبەریشدا سیفەتی ئایدیالیست [کە مەبەست دووربوون لە واقێع و خەیاڵاویبوونە] دەخرێتە پاڵ دەوڵەتخوازەکان.  بێگومان هەموو ئەوانە (دەوڵەت، فیدرالیزم، ڕیالیزم و ئایدیالیزم) چەمکگەلی زانستیی سیاسین، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەیەکی زانستیدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. واتە کاتێک بە لایەن یان کەسێک دەوترێت ڕیالیست یا ئایدیالیست دەبێ بزانین بەپێی چ پێوەر و پێودانگێک ئەو سیفەتانەیان پێ بەخشراوە.

بۆچوونی من کە پێشتریش باسم کردووە ئەوەیە کە بێ هۆکار سیفەتی ڕیالیزم خراوەتە پاڵ فیدراڵخوازەکان یان خۆیان بە بێ بنەما ئەو چەمکەیان زەوت کردووە. من هەتا ئێستا هیچ نووسراوەیەکم لە هیچ لایەنێکی فیدراڵخواز و لەوانەش کە فیدرالخوازەکان بە واقیعگەرا دەناسێنن نەبینیوە کە باس لە هۆکارەکانی ڕیاڵیستبوونیان بکەن. من دەڵێم هەر لە بنەڕەتدا ئەو شتەی کە فیدرالخوازەکان ناویان ناوە ڕیالیزم، ڕیالیزم نییە. ئەوان تەنیا دەڵێن “ئێمە فڵانە سیاسەت یا ئامانجمان دەستنیشان کردووە لەبەر ئەوەی کە هەر ئەوەندە هێزمان هەیە”. ئەمە خوێندنەوەیەکی یەکجار کرچ و کاڵە بۆ ڕیالیزم. دەتوانم بڵێم جگە ڕیالیزمی کوردی لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بەرینەدا لە هیچ دەوڵەت و ڕێکخراوەیەکدا ڕیالیزم بەو جۆرە پێناسە نەکراوە. ئەوە هەر خۆی واژۆی تەسلیمبوونە بە “دۆخی ئێستا” کە لەگەڵ هەر شتێک بخوێنێتەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا ناخوێنێتەوە. ڕیالیزم لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا دەبێ “پێداچوونەوەخوازییەکی زیرەکانە” بێت نەک پاساوێک بۆ بەردەوامیبوونی “دۆخی ئێستا”. هەڵبەت حاشاهەڵنەگرە کە ئەوە یەکێکە لە ئامۆژگارییەکانی ڕیالیستەکان کە دەڵێن پێویستە ئامانجەکانتان لەگەڵ تواناکانتان هاوسەنگ بن، چونکە ئەگەر ئامانجەکان گەورەتر لە ئاستی تواناکان بن ئەوا ئەو ڕێژە کەمە توانایەش هەتانە بەفیڕۆ دەچێ و ئەگەر ئامانجی بچووکتریش دەستنیشان بکەن ئەوا تواناکانتان دەگەنێن و بەفیڕۆ دەچن. بەڵام ڕیالیستەکان وەک پێشمەرجی ئەوە دەڵێن پێویستە ئەکتەرەکان لە هەموو دەرفەتەکان بۆ خۆبەهێزکردن و کەڵەکەکردنی هێز کەڵک وەربگرن دواتر بەپێی “هێزی بەردەست” ئامانجەکان دیاری بکەن. پرسیار ئەوەیە ئایا فیدراڵخوازەکان هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە داوە؟ لە هەموو دەرفەتەکان لە کوردستان بۆ خۆبەهێزکردن کەڵکیان وەرگرتووە؟ بێ گومان نا!

جگە لەوە، ڕیالیستەکان تا ئەم دووایانە هیچیان دەربارەی نەتەوەی بێ دەوڵەت پێ نەبووە. ئەوان هەر لە بنەڕەتدا نەتەوەی بێ دەوڵەتیان بە ئەکتەر هەژمار نەکردووە و وەک بوونەوەری سیاسی سەیریان نەکردووە. لەم دوایەنەدا ڕیالیستە نوێیەکان و ئەوەش من ئاگادار بم جان مێرشایمێر وەک بەناوبانگترین بیرمەندی ڕیالیستی زیندووی سەر گۆی زەوی باسی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەکات کە هەموو باسەکانیشی شایستەی ئەوەن دەوڵەتخوازانی کورد [نەک فیدراڵخوازان] وەک بەڵگەی ڕیالیستبوونی خۆیان پشتیان پێ ببەستن. زۆر بە کورتی، مێرشایمێر دەڵێت ناسیونالیزم بەڕێزترین ئایدۆلۆژیا و دەوڵەتخوازیی مەزنترین خواستی هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە، چونکە نیگەرانی تەفروتونابوونی فیزیکی و ئاسیمیلاسیونی ناسنامەیین و باشترین کەرەسەی گەرەنتیکردنی مانەوە لە جیهانی نەتەوە دژبەرەکاندا بێگومان دەوڵەتە. لەم ڕوانگەوە ناسیونالیزم و ڕیالیزم دووانەی لێکدانەبڕاون. ئەمە بەڵگەیەکی باشە بۆ ڕیالیستبوونی دەوڵەتخوازان و لە ڕووی تیۆرییەوە گومانێک لە ڕیالیستبوونی دەوڵەتخوازاندا نییە کە پێیان وایە دەبێ لە “هەنگاوی یەکەمدا” خەبات بۆ چەسپاندنی فورمێک لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بکرێت کە زیاترین ڕێژە و بەرزترین ئاستی ممکین لە سەربەخۆیی نەتەوەیی دەستەبەر بکات.

سەرەڕای ئەوانەش، ڕیالیستبوون لە خۆیدا بە مانای توانستی جێبەجێکردنی خواستەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکان لە کردەوەدا نییە، هەر وەک چۆن فیدرالخوازەکانیش تا ئێستا نەیانتوانیوە لەژێر ناوی ڕیالیزم بە ئامانجەکانیان بگەن. بۆیە هەوڵ دەدەم دواتر باس لە ڕیالیستبوون و ئایدیالیستبوون لە شانۆی سیاسەتی کردەییدا بکەم.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *