چەند خاڵ دربارەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان
۱. نەتەوەی کورد ئەگەرچی خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نییە و خاکی داگیرکراوە، بەڵام وەک باقی نەتەوەکان خاوەن هەندێ بەرژەوەندییە لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکان کە دەتوانن وەک بەرژەوەندییەکانی کوردستان پێناسە بکرێن.
۲.بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هێشتا بە ڕوونی و بە شێوازێک کە کۆدەنگی نوخبەی سیاسی و نوخبەی فکری و هەروەها کۆدەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستانی لەسەر بێت پێناسە و دەستنیشان نەکراون.
۳. دەکرێت من ئاماژە بە هەندێ بەرژەوەندی وەک دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەیی، بەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتمانی، ڕزگارکردنی کوردستان، کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی جێگیرکردنی یەکێک لە مۆدیلەکانی ماڤی دیاریکردنی چارەنووس و دواتر پاراستنی سنوورەکان وەک نموونەگەلی بەرژەوەندییە نیشتمانیەکان بکەم، بەڵام تا ئەو کاتەی کۆدەنگیی زۆرینەی لەگەڵ نەبێت ناکرێت بڵێین بەرژەوەندییەکان پێناسە و دەستنیشان کراون.
٤. بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکان دادەنرێن، کەوابوو:
* لە نێوان بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان و بەرژەوەندییەکانی کوردستان هەمیشە ئەولەوییەت و یەکێمییەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە.
* لە نێوان بەرژەوەندییە حیزبییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەمیشە ئەولەوییەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە.
٥.هەموو ئامانجە نیشتمانییەکان دەبێ گرێدراو و تەنانەت پاشکۆی بەرژەوەندیی نیشتمانییەکان بن.
٦. بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ماک و جەوهەری سیاسەت و هەروەها چرای ڕێنوێنی سیاسەتی نیشتمانین. بۆیە بەبێ پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان سیاسەتی کوردستانی هیچ مانایەکی نییە. ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەت هیچ نییە جگە لە کاردانەوە و هەڵبەز دابەزێک.
۷. مەبەست لە داڕشتنی هەر جۆرە پلان و بەرنامە و ستراتێژی و هەروەها بنەمای هەموو چەشنە چالاکی و سیاسەتکردنێک دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. بۆیە بەبێ پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان دیار نییە پلان و بەرنامەی سیاسی بۆچی دادەڕێژرێت؟!
٨.ئەو نەتەوانەی کە توانیویانە هێز کەڵەکە بکەن و لە ئاست و بوارە جیاوازەکاندا سەرکەوتوو بن، ئەوانەن کە پێشتر توانیویانە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بە ڕێکوپێکی و بە شێوازێکی ڕوون پێناسە بکەن. کەوابوو هۆکارێکی سەرەکی بێ دەسەڵاتی و نەگەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی پێناسەنەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە.
۹. بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەوەندە گرنگ و پڕبایەخن کە هەموو سیاسەتوانان و دەسەڵاتداران ئیددیعای ئەوە دەکەن [ڕەنگە بە درۆ] کە هەوڵ بۆ دابینکردنی ئەو بەرژەوەندیانە دەدەن و بە ناو ئەو بەرژەوەندییانەوە پاساو بۆ کردەوە و بڕیارەکانیان دێننەوە.
۱۰. ئەوەی کە لە شانۆی سیاسی کوردستاندا هێشتا هەم سەربەخۆیی تەواو و دەوڵەتخوازی و خۆ هاوتەریبکردن لەگەڵ سیستەمی دەوڵەت-تەوەری جیهانی لەژێر ناوی جیاوازی گەلان، هەم دژایەتی دەوڵەتخوازی و تەنانەت دژایەتی سیستەمی دەوڵەت-تەوەری جیهانی لەژێر ناوی برایەتی گەلان، هەم شۆڕشی جیهانی-مرۆیی-مارکسیستی، هەم ئۆمەتگەرایی ئیسلامی، هەم فیدرالیزم، هەم خودموختاری و بگرە ڕیفۆرمخوازی لە نێو دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە و هەرکامەیان کەم و زۆر سەرنجی بەشێک لە کۆمەڵگەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە مانای ئەوەیە هێشتا ڕزگاری و مۆدیلی گونجاوی ڕزگاری وەک بەرژەوەندییەکی سەرەکی و نیشتمانی پێناسە و دەستنیشان نەکراوە.
۱۱.ئەوەی کە لە شانۆی هەر کەس هەر کەس و پاشاگەردانیی سیاسەتی کوردیدا هەم شەڕی چەکداری، هەم چارەسەرکردن بە شێوازی گفتوگۆ و وازهێنان لە چەک و هەم شەڕ و گفتگۆی هاوکات لایەنگری تایبەتیان هەیە بە واتای پلۆرالیزم نییە، بەڵکو بە مانای خۆیەکلانەکردنەوە لەسەر مودێلێکی سەرەکی وەک ئامانجی خەبات و دواتر دەستنیشانکردنی گونجاوترین میتۆدەکان و داڕشتنی باشترین تاکتیکەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە سەرەکییەکانە.
۱۲. یەکەمین پێش مەرج و قۆناغی چێکردن و پێناسەکردنی بەرژەوەندییە کوردستانییەکان وەک ڕێگاچارەیەکی دەرباز بوون لەو دۆخە و دۆزینەوەی ڕاستەڕێگەی سیاسی هاوکاریی و یەکڕیزی و یەکانگیرییە.
۱۳. ئەگەر پێت وابوو تەنیا خۆت و حیزبەکەت شایستەیی ئەوەتان هەیە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێناسە بکەن، ئەگەر دوودڵ بووی لە نێوان یەکڕیزی نیشتمانی و سەرکەوتنی یەکلایەنە بەڵام کات و ساتیی حیزبەکەت ئەولەوییەت بە کامیان بدەی و خراپتر لەوانەش ئەگەر گومانت خستە سەر هەموو ئەوانەی کە باسی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەورووژێنن، ئەوا دەبێ هەتا ماوی سەیری ئەو هەڕەمەگوڵجاڕەی ئێستا، جووڵانەوەیەکی درێژخایەنی بێ ئامانج و سوورانەوەیەکی بێ بەرهەم و بێ دەستکەوت بکەیت کە لەژێر ناوی سیاسەتی کوردستانی پێت دەفرۆشرێتەوە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!