شەریف پاشای خەندان
یەکێک لە لێهاتووترین سیاسەتوانان و دەگمەن دیپلۆماتکارانی کوردستان و لە پێشەنگانی ناسیونالیزمی کوردی بوو لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا. ساڵی ۱٨٦٥ لە ئەستەمبۆڵ لەدایک بوو. سەعید پاشای باوکی لە کەسایەتییە باڵاکانی ئیمپراتوریەتی عوسمانی بوو و چەندین پۆستی باڵای وەک وەزیر و راوێژکاری سوڵتان وەرگرت. شەریف لە سەرەتای منداڵیدا بە هۆی کاروباری باوکییەوە چەند ساڵێک لە سلێمانی ژیاوە [ بۆیە هەندێ دەڵێن لە سلێمانی لەدایکبووە] و ھاوپۆلی شێخ محمود بەرزنجی بووە. دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ئەستەمبۆڵ و لە قوتابخانەکانی ئەو شارە دەخوێنێت و دەچێتە ئاکادێمیای سەربازی. دوو ساڵ وەک ئەفسەری سەربازی لە پاریس و بڕۆکسێل کاری کردووە. زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، فەڕانسەیی، ئیتالیایی و سۆئیدی زانیوە.
لە ۱٤ی مارسی ساڵی ۱٨۹٨ لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە کرا بە سەفیر لە وڵاتی سوئێد و بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ لەو پۆستە مایەوە. ببوو بە یەکێک لە هاوڕێیانی نزیکی پاشای سۆئێد و چەند مەدالیای ڕەسمی پێ بەخشراوە و لەگەڵ زۆر کەسایەتی دیپلۆمات و تەنانەت نوخبەی ڕۆشنبیڕی سۆئێد هاوڕێیەتی هەبووە.
لەگەڵ سیاسەتەکانی سوڵتان عەبدولحەمید نەبوو، بۆیە پێش ۱۹۰٨ لایەنگری “کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی” کرد کە دژی دەسەڵاتی سوڵتان چالاکی دەکرد. ئەو کۆمەڵەیە بە تورکە گەنجەکان ناوی دەرکرد گەرچی هەندێ لە ئەندامانیشی کورد بوون. دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیە ناچار دەستی لە کار کشایەوە. ساڵی ۱۹۰٨ چوو بۆ پاریس. هەمان ساڵ تورکە گەنجەکان کۆتاییان بە دەسەڵاتی عەبدولحەمید هێنا. شەریف پاشا گەڕایەوە ئیستەمبۆڵ و بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی جەمعیەتی تەرەقی و تەعالی کورد. بەڵام حکوومەتی گەنجە تورکەکان بەپێچەوانەی بەڵێنەکانیان سیاسەتێکی شۆڤینیانەیان گرتە بەر و ھیچ بایەخێکیان بە نەتەوەکانی تر نەدا. ڕێکخراوە کوردیەکەشیان داخست.شەریف پاشا لەو سیاسەتە ناڕازی بوو و گەڕایەوە بۆ پاریس. لەوەبەدوا دژایەتی گەنجە تورکەکانی کرد.
ساڵی ۱۹۰۹ حیزبێکی سیاسی بە ناوی “پارتی ریفۆرمی بنچینەیی عوسمانی” دامەزراند. ڕۆژنامەیەکیشی بە ناوی Meşrutiyet [ مەشرووتییەت] بڵاو کردەوە. لایەنگری دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکرات بوو کە مافی ھەموو نەتەوەکان بدات. بەمجۆرە وەک ئۆپۆزیسیونی دەسەڵات دەرکەوت.
ساڵی ١٩١٢ حوکمی لەسێدارەدانی درا. ساڵی ۱۹۱٤هەوڵیان دا لە پاریس تیرۆری بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئەویش لە چالاکییەکانی بەردەوام بوو. هەوڵێکی زۆریشی دا بۆ ئاشکراکردنی ژینوسایدی ئەرمەنییەکان.
ساڵی ۱۹۱٨ شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی هات و وڵاتە براوەکان دەستیان کرد بە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتوریەتە دۆڕاوەکان و جێگیرکردنی سیستەمی نوێی جیهانی. بۆ ئەو مەبەستە لە سەرەتای ساڵی ۱۹۱۹وە کۆنفڕانسی پاریس (https://t.me/mohosseinzadeh/195) بەڕێوەچوو کە بەشێکی تایبەت بوو بە دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ئیمپراتوریەتی عوسمانی. شەریف پاشا وەکوو نوێنەری کورد لە لایەن “جەمعیەتی تەعالی کوردستان” و شێخ مەحموود و هەروەها بەپێی هەندێ سەرچاوە بە نوێنەرایەتی لە سمکۆی شکاک لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوو و بە پێشکەشکردنی یادداشتێک و نەخشەیەکی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی کۆنفڕانسەکە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەیمانی سیڤەردا (۱۹۲۰) کە بەندەکانی ٦۲ تا ٦٤ی تایبەت بوون بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. لەگەڵ ئەرمەنەکانیش لەسەر سنوورەکانی دەوڵەتانی کوردستان و ئەرمەنستان رێککەوت. بۆیە تورکەکان شەریف پاشایان وەک خایین ناساند.
کەمالیستەکان کە پەیمانەکەیان بە تەنافی داری ئێعدامی تورکیا دەبینی کەوتنە مامەڵەکردن لەگەڵ بەریتانیا لەسەر مووسڵ و لە کوردستانیش کەوتنە توندوتیژی نواندن و هاوکات بەرجەستەکردنەوەی کەسانێکی خایین وەک حسەن خەیریەکان کە لە پەرلەمانی تورکیا دژ بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەستانەوە. بەناوی کوردەوە هەندێ پەیام نێردرا سەبارەت بە ناڕەزایی لە ڕێککەوتنی شەریف لەگەڵ ئەرمەنییەکان. خراپتر لە هەمووی عەبدولقادری شەمزینی بوو وەک سەرۆکی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و سەرکردەی خودموختاریخوازەکان کە دژی سەربەخۆیی وەستاوە و داوای لە شەریف کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەویش لەژێر گوشاری ئەو رەوتەدا دەستی کشایەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانی هات. دواتریش لە ساڵی ۱۹۲۳ لە پەیماننامەی لۆزان هەموو ئاواتەکانی لە گۆڕ نران و باسێک لە پەیمانی سیڤەر نەکرا.
شەریف پاشا سەری خۆی هەڵگرت و چووە ئیتالیا و لەوێ بوو تا ڕۆژی ۲۲ی دیسەمبەری ساڵی ۱۹٥۱ کە کۆچی دوایی کرد. دەوترێت پێش مەرگی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی بکەنە ناو دەریا، چونکە کەسێکی بێ وڵاتە. بەڵام تەرمەکەیان گواستەوە بۆ میسر و لەوێ نێشتیان.
[هەڵبەت بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە ساڵانی کۆتایی ژیانی و شوێنی مردنی، من ئەوەم نووسیوە کە پێموایە گێڕانەوەیەکی درووستترە].
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!