کۆماری ئیسلامی و ڕیالیزمی هێرشبەرانە
ڕیالیزمی هێرشبەرانە لە بنەڕەتدا تیۆرییەکە تایبەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی، بەڵام توانای شرۆڤەی ڕەفتار و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتەکانیشی هەیە. دەتوانێ ڕوونی بکاتەوە بۆچی دەوڵەتێکی تایبەت لە قۆناغێکی تایبەتدا سیاسەتێکی تایبەت دەگرێتە بەر.
بە پێی گریمانەکانی ڕیالیزمی هێرشبەرانە دەوڵەتەکان کە لە سیستەمێکی ئانارشیکدا دەژین و سیاسەت دەکەن پێیان وایە ئاسایشی خۆیان دەستەبەر نابێت مەگەر ئەوەی ئاسایشی “ئەوانی تر” تێک بدەن. دەوڵەتەکان پێیان وایە گونجاوترین میکانیزم بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و مسۆگەرکردنی مانەوەیان ئەوەیە کە ببنە باڵادەست. هەر لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام هەوڵی پەرەپێدان بە هێزی خۆیان (بە تایبەت هێزی سەربازی) دەدەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز لە قازانجی خۆیان بگۆڕن. لۆژیکەکە سادەیە: پەرەپێدان بە هێز دەبێتە هۆی نفوز و باڵادەستی و ئەوەش دەبێتە هۆی بەدیهاتنی ئاسایش. بۆیە هەر کات و ساتێکیش لەوە دڵنیا ببنەوە کە قازانجەکانی دەستتێوەردان و پەلاماردان لە تێچووەکانی زیاترە، دەستێوەردان دەکەن و پەلامار دەدەن.
دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوە بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا بکرێت. سیاسەتی پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکان بە تایبەت هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدان بە توانا مووشەکییەکان و هاوکات گرتنەبەری سیاسەتی تیرۆر و پەلاماردان لە ناوچە. هەڵبەت هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم سیاسەتە هەر دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام وەک ڕکابەری هاوسەنگکەر لە ناوچە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەیڕەو کراوە. ئەگەر ئەو بۆچوونەش ڕاست نەبێت، بەڵام بێگومان دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی عەرەب و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریا و هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و سەرهەڵدانی حەشدی شەعبی و نفوزی زیاتری ئێران لە بەغدا ڕیالیزمی هێرشبەرانە بووە سیاسەتی سەرەکی کۆماری ئیسلامی. بە تایبەت ئەوە لە قۆناغێکدا بوو کە دوای جۆرج بۆشی کوڕ هەر سێ سەرۆکی ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی دێموکرات و کۆماریخواز (ئوباما، ترامپ و بایدن) بە تەواوەتی دژی سیاسەتی گۆڕینی ڕژیمەکان بوون و تەنانەت حەزیان لە دەستێوەردانی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو و زیاتر گرنگییان بە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەلهاوێشتنی ڕووسیا و چین بووە. ستراتیژی هەر سێ سەرۆک کۆمار بەرامبەر ئێران بژاردەی گفتوگۆ بووە. دێموکراتەکان بە نەرمینواندن و کۆماریخوازەکان بە پەنابردن بۆ گوشاری هەمەلایەنە. ئەمانە و دواتریش دەستپێکردنی شەڕی ئوکراینا و ڕووسیا و تەرکیزی وڵاتانی ڕۆژاوا لەسەر ئەو شەڕە وایان کرد کۆماری ئیسلامی دوو دڵ نەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی هێرشبەرانە. ئامانج پتەوکردنی جێگە و پێگەی خۆی لە ناوچە و زیادکردنی دەستکەوتە ڕێژەییەکان بوو.
هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سازکردنی چەکی ئەتۆمی، دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچە، پێدانی پارە و چەک و مووشەک بە ئەنساروڵای یەمەن، حەماس، حیزبوڵا و حەشد و باقی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی موقاومە و پێداگری لەسەر هیلالی شیعی و تەیارکردنی شیعەی ناوچە دژ بە ڕکابەران، دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە سووریا بە تایبەت دژ بە ئیسرائیل وەک ڕکابەری سەرەکی، مووشەکبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و مووشەکهاوێشتن بۆ نەیاران لە هەولێر، سووریا و پاکستان هەموویان لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تاران ئاسایشی خۆی لە نائەمنکردنی ئەوانی تردا دەبینێتەوە. هاوکات هەوڵیشی داوە بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی ماددی/ مووشەک و هێزی ئایدۆلۆژیک/شیعەگەری سیستەمی دڵخوازی خۆی بەسەر ناوچەدا بسەپێنێت.
بەرامبەر ئەو سیاسەتە هێرشبەرانە تەنیا هێز وەڵامدەرە. هێزە کە وا دەکات بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامێ لەوە دڵنیا ببنەوە کە تێچووی سیاسەتەکەیان لە قازانجەکانی زیاترە. تۆڵە بچووک و گونجاوەکەی پاکستان ئەوەی بە جوانی سەلماند. ئیسرائیلیش لە هەموو ئەو ساڵانەدا لەلایەکەوە بە لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچە و لە نێوخۆ هەوڵی داوە تێچووی سیاسەتەکانی بۆ بەرز بکاتەوە و لەلایەکی ترەوە کۆششی کردووە بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبانەی کە سیاسەتەکانی ئێرانیان بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دەبینی ڕێگری لە پەلهاوێشتنی ئێران بکات. بێ هۆ نییە کە دەوترێت یەکێک لە هۆکارەکانی پەلامارەکانی حەماس لە ۷ی ئوکتۆبەری ۲۰۲۳ بۆ سەر ئیسرائیل تێکدانی ئەو هاوپەیمانێتیانە بوو. بەڵام ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هێزی ئەمریکایە. ڕێژە و ئاستی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای قودس و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەری دەخات کە تاران چەندە لە جێبەجێکردنی سیاسەتە هێرشبەرەکانی خۆی پێداگرە؟ ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە تا ئێستا بڕیارەکانی بایدن لەو بارەوە گورجبڕ نەبوون.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!