کۆماری کوردستان لە ڕوانگەی دامەزرێنەرانییەوە: بەرهەمی خەباتێکی مێژوویی و کوردستانی

دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان کۆماریان وەک دەرئەنجامی خەباتێکی چڕوپڕی مێژوویی و نیشتمانی دەزانی و لە بەستێنیکی کوردستانیدا خوێندنەوەیان بۆ دەکرد. ئەو وێژمان و گوتارە نیشتمانییە بە ئاشکرا لە لێدوان و وتارەکانی چالاکان و نیشتمانپەروەرانی ئەوکات و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستاندا بەدی دەکرێ و ئاماژە بە هەموو شۆڕشەکانی کورد پێش بنیاتنانی کۆمار دەکرێت. من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە سێ نموونە لە دەیان نموونەی لەو جۆرە دەکەم:

۱.لە ئاهەنگی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نەغەدە کە کۆمەڵێک هاووڵاتی باشووری کوردستانیش بەشداربوون، محەممەد مەحموود وتارێک دەخوێنێتەوە کە ئەمە پەرەگرافێکیەتی:  ” …ئەی برای کورد، شۆڕشەکانی دیاربەکر، دێرسیم، سلێمانی، ئامێدێ و بارزان هەموو نیشانەی ئەو جوانمەردییەیە کە بۆ ئازادی کراوە. ئەمڕۆ، ئەمڕۆ کە گەورەترین و پیرۆزترین ڕۆژە بۆ کورد، ئەبینن هەڵۆی بەهێزی کورد بە چنگی ئاسنینی کورد ئەو ئاڵا پیرۆزە هەڵدەکا. بەڵێ ئەو ئاڵایە هەڵ دەکات کە کورد لە سەرەتای مێژوووەوە خۆی بۆ بەخت کردووە”.

۲. سەید محەممەد تەهازادە لە بەشێک لە وتارەکەیدا لە ڕۆژی ۲ی ڕێبەندان و لە ساتی ڕاگەیاندنی دامەزرانی کۆماری کورد باسی بزووتنەوەکانی پێشوو دەکات و دەڵێت :”… وەکو نەهزەتی شێخ عوبەیدوڵا کە لاپەڕە بەرزەکانی مێژوو شاهیدی فیداکاری و جانبازی وین کە تا ئاخر هەناسەی ژیانی، عومری خۆی بە هەدەر ڕانەبوارد. شوهەدای کوردی شیمال بە خوێنی خۆیان خاکی کوردەوارییان ڕەنگاندووە. قیامی شێخ سەعید کە لە ڕێی ئازادی میللەت و خاک و خۆڵی کوردستاندا گەردنی خۆی تەسلیمی تەنافی کەماڵی بێ کەماڵ کرد. یا خەیر شێخ عەبدولقادری شەمزینی تا ئاخر نەفەسی پایەداری کرد.. وەکوو حەزرەتی ئیسماعیل لە ڕێی حەق تەعالا ئەویش حازر بوو کوڕی خۆی سەید محەممەد ئەفەندی کردە قوربانی و بە ڕشتەی تەنافی بێ مروەتی کەماڵی بێ کەماڵ لە تەناف درا. وەکوو ئیلی جەلالی کە تەواوی پیاوە گەورەکانی خۆیان فیدای میلەت کرد و منداڵە چووکەکان و بێدەسەڵاتەکانیان دەربەدەر و تەفرەقە بوون بۆ وڵاتی بێگانە. ئیسماعیل ئاغای سمکۆ قەهرەمانی ڕەشید و بەناوبانگی میلەتی کورد بە فێڵ و فریو بە دەستی دەوڵەتی ئیستیبدادی ئێران لە بەین چوو. دەستەگوڵی ٦ی ئەیلوول کە لەو ڕۆژەدا چەند منداڵ و لاوی بێ گوناح لە لایەن دەوڵەتی موستەبیدی عێراق وەبەر موسەلسەل و دەستڕێژی تفەنگ دران. هەزارەها وێنەی خوێنڕێژ و زۆڵم و زۆر و تەفرەقە و بڵاوکردنەوەی میلەتی کورد هەیە کە زمان لە گوتن و قەڵەم لە نووسینی قاسرە شەرحی بدەم وەلێ لە بەرابەری ئەو هەموو زۆڵم و دەردیسەری و بەدبەختی و چارەڕەشییەدا خودای بێ هاوتا ڕەحمی کرد ئەستێرەی ئاسمانی میلەتی کورد لە گۆشەی ئاسمانی کوردستاندا تلووعی کرد. تەپڵی بەشارەت ئاوازەی بڵند کردووە و مزگێنی ئازادی بە گوێی تەواوی کورد و کوردەواری دەدا”.

۳.لە بەشێک نوتقەکەی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستاندا هاتووە کە: “کورد لە قەدیم ڕا هەزاران پادشاە و حوکمدار و تەشکیلاتیان بووە. هەر لەم کوردستانی ئازادی ئێستادا بنەماڵەی ئومەرای موکری کە سەر سیلسیلەی ئەوان ئەمیر سەیفەدین بووە تا ۱۰۲۰ هیجری بیلئیستیقلال یەک لە دووی یەک… حکوومەتیان کردووە….میلەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەورە و زەمانێکدا هەرکەس خەیاڵی ئیستیلای نیشتمانی ئەوانی بوبێ بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانێیان کردووە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنواندووە. لە پاش لەدەسچونی سەڵتەنەت و حوکمداریشیان بۆ وەگیرخستنەوەی ئیستقلال و ئازادی بە ملیۆن قوربانییان داوە و لەبەر ئەوەی هەمیشە لە  مبارزە و ملەدا بوون هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێ نەماوە نەیبینن و نەیچێژن…. میرە کوێرەیان کوشتووە بابان سەری هەڵداوە، بابانیان بێدەنگ کردووە ئەردەڵان بڵێند بوون، ئەوانیان لە عەرزی داوە بتڵیسی بەرز بوونەوە و هەزاری دیکەی وەک ئەوان. تا لەو دواییانەدا لە پاش شەڕی بەینەلمللی پێشووە کە دیکتاتۆری ئێران و تورکیا هاتنە سەر کار و زمان و عادات و مەزهەب و خسووسیاتی میلی کوردیان بە جارێک لاواز و کز و  کەنفت کرد، لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوەستان، خوێندن و نووسینی زمانی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو…. دەستە و پۆل پۆل کوردی هەژار و بەدبەختیان حەبس و تەبعید دەکرد یا دەیانکوشتن و لە بەینیان دەبردن….تا لە ساڵی ۱۳۲۰دا فریشتەی ئازادی دەزگای دیکتاتۆری و فاشیستی ڕەزاخانی تێکشکاند. کورد سەری لەو هەموو فشار و ئەزێتە کەمێ فاریغ بوو و فەوری ئێحساسی کرد چۆن دەبێ لە فورسەت ئیستفادە بکات و ڕێگای سەڵاح و وەدەستخستنی ئازادی ئەو میلەتە چییە و چ بکا؟…”

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *