بڕیارنامەی ٦٨٨ و هێرشەکانی ئێران
هەندێ دەڵێن تاقە ڕێکار بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان و تەنانەت بۆ سەر کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کارا کردنەوەی بڕیارنامەی ٦٨٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. پرسیار ئەوەیە ئایا کارا کردنەوەی ئەو بڕیارنامە دژ بە ئێران ئیمکانی هەیە؟ بە بڕوای من نا!
بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ٥/٤/١٩٩١ پەسەند کرا بەڵگەنامەیەکی نێونەتەوەییە سەبارەت بە عێراق و خەڵکی ئەو وڵاتەوە و لەوانەش کورد. ئەم بڕیارە بە ۱۰ دەنگی ئەرێنی (وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت(ڕووسیا)، ئوتریش، بلژیک، ساحل عاج، ئیکوادۆر، ڕۆمانی، زێییر)، ۳ دەنگی دژ (کوبا، یەمەن و زیمبابوە) و ۲ دەنگی بێلایەن (چین و هیندستان) پەسەند کرا.
نزیکەی ٤ ساڵ پێش پەسەندکردنی، فرانسوا میتران سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە میانەی لێدوانێکیدا لە ٤۳مین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ڕادەیەک زەمینەی پەسەندکردنی ئامادە کردبوو. میتران لەو لێدوانەیدا وێڕای ئاماژەدان بە کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو شارە شەهید کران باسی لە پێویستی “دەستتێوەردانی مرۆڤدۆستانە” کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە مرۆییەکان کە دەرئەنجامی نادادپەروەری و چەوساندنەوە و توندوتیژیی بەرامبەر خەڵکی مەدەنی و بێ تاوانە یارمەتیدەر بێت. بەمشێوەیە زەمینەی بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامە لە ساڵانی دواتر فەراهەم کرد.
کەوابوو بڕیارنامەی ٦٨٨ هەوڵێک بوو لە چوارچێوەی “دەستتێوەردانی مرۆڤدۆستانە” دوای کۆمەڵکوژی و ئاوارەکردنی خەلکی عێراق و بە تایبەت نەتەوەی کورد لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە و دوای پەنابردنیان بۆ سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا کە دواتر بە کۆڕەوە مەزنەکە ناسرا.
بەپێی خوێندنەوەی ئەوکاتی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی لە عێراقی ئەو کات ڕووی دەدا ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەیی دەخستە مەترسییەوە بۆیە بە پێویستیان دەزانی کۆتایی بەو دۆخە بهێنن. بە تایبەت مەبەست پاراستنی کورد بەرامبەر دڕندەیی ڕژێمی سەدام بوو. پێویست بوو عێراق لە کردەوە دژە مرۆییانەکانی دەست هەڵبگرێت و ئەمن و ئاسایش بۆ دانیشتوانی عێراق دابین بکات. ئەو بڕیارنامە ڕژێمی ناچار دەکرد هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانە بکات کە لە بواری مافی مرۆڤ کار دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتی دانیشتوانی عێراق بدەن. هەر بە پێی ئەو بڕیارە ناوچەی دژە فڕین لە بەشێک لە باکووری عێراق [بەشێک لە هەرێمی کوردستانی ئێستا] بۆ پاراستنی کورد لە شاڵاوی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی سەدام دەستنیشان کرا و بە کردە ئەمریکا ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیە لە ئەستۆ گرت. ئەوانەی ئێستا باس لە کارا کردنەوەی ئەو پەیمانە دژ بە ئێران دەکەن پێدەچێت زیاتر ئەمەیان مەبەست بێت کە ئاسمانی هەرێم بپارێزرێت.
ئەمە بە هەندێ هۆکار کارێکی ئاسان نییە و ڕەنگە لە دۆخی ئێستادا ناکردنی بێت.
یەکەم، ئەو بڕیارنامەیە سەبارەت بە ڕژێمی بەعس واتە دەسەڵاتداری خودی عێراق بوو نەک لایەنێکی دەرەکی.
دووەم، ئەو ڕژێمە ماوەی بیست ساڵە هەڵوەشاوەتەوە.
سێیەم، تەنانەت ئەوکاتیش ڕەزامەندی خودی ڕژێمیان بۆ جێبەجێکردنی بە پێویست دەزانی واتە ئەگەر بڕیار بێت بەرامبەر ئێران کارا بکرێتەوە دەبێ ڕەزامەندی تارانیشی لەسەر بێ یاخود ئەوەی کە ئەو مەرجە بسڕنەوە.
چوارەم، تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئوکتۆبەر و هێرشی هێزەکانی عێراق و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر کەرکووک و باقی ناوچە دابڕاوەکان هیچ ئاماژەیەک بەو بڕیارنامە وەک میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لەو پەلامار و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دواتر نەکرا. پێنجەم، لەکاتێکدا کە تەنانەت هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا قایل بە پێکدادان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ناکات، دوورە هیچ وڵاتێک بیەوێت ئەو بەڵێنە بدات کە لە ئەگەری هەر جۆرە هەڕەشەیەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێم ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی تاران دەبێت.
شەشەم، خودی کۆماری ئیسلامی کە ئەو کات سەدامی بە ڕکابەری سەرەکی خۆی دەبینی لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامە بوو؛ دیارە بە مەبەستی لاوازکردنی زیاتری سەدام و ڕەنگە پتەوکردنی جێگە و پێگەی خۆی لە کوردستان بە هۆی ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ حیزبەکانی باشوور هەیبوو، لە ئێستادا پێناچێت دەوڵەتێک لە ناوچە هەبێت کە ئەو دەستپێشخەرییە دژ بە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بکات و داوایەک لەو جۆرە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. بۆیە باسی کاراکردنەوەی ئەو بڕیارنامە لە دژی تاران باسێکی ڕاستیوازانە نییە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!