تێکهەڵکێشکردنی ئیسرائیل- داعش- کورد
سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر هاووڵاتیانی شاری هەولێر لە سێ ڕاگەیندراوی یەک لە دوای یەکدا هەوڵی داوە ئامانجەکانی خۆی لەو هێرشە بۆ لایەنگرانی خۆی ڕوون بکاتەوە.
ڕێکخراوی تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوی ژمارە (١)دا دەڵێت: لە وەڵامی تاوانەکانی ئەم دواییانەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک هێرشمان کردووەتە سەر بنکە و بارەگای سیخوڕ و گرووپە دژە ئێرانەکان. لە ڕاگەیەندراوی ژمارە (٢)دا ئاماژە بە هێرش بۆ سەر گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات لە تۆڵەی کوژراوەکان لە کرمان و ڕاسک. ئەمەیان مەبەست هێرشەکەیان بۆ نێو خاکی سووریایە کە گوایە بنکەیەکی ڕاهێنانی داعشیان کردووەتە ئامانج. گوایە تۆڵە لە داعیشە دوای ئەوەی ئەو گرووپە بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکانی کرمان ڕاگەیاند. سوپای پاسداران دوای ئەو هەموو بلۆف و شات و شووت و هات و هاوارە کە گوایە ئەو تەقینەوانە تەنیا کاری داعش نەبووە بەڵکوو دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە پشت بووە بەمجۆرە کۆتایی پێ هێنا بۆ ڕازیکردنی دڵی لایەنگرانی لە نێوخۆ. جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە لە کۆی هێرشەکانی دوێنێ شەودا هیچ بینا و دامەزراوەیەکییان نەکراوەتە ئامانج!
سوپای تیرۆریستی لە ڕاگەیەندراوی ژمارە (۳)دا دەڵێت کە لە وەڵامی شەڕانگێزییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل و کوشتنی چەند فەرماندەیەکی سوپا هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی موساد لە هەولێر. بە وتەی ئەوان ئەو شوێنە ناوەندی پلاندانان و جێبەجێکردنی پلانەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەڵبەت هەرگیز ئاماژە بەوە ناکات منداڵێکی دوو ساڵان کە لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو هێرشانە بووە چۆن پلان لە دژی ڕژێمی تاران دادەڕێژێت و جێبەجێی دەکات.!
بەمجۆرە سوپای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی هەرچەندە هەوڵی داوە لە ڕاگەیەندراوەکاندا هۆکاری هێرشەکان جیا بکاتەوە بەڵام بە شێوەیەکی تەڵەکەبازانە و دوای هێرشێکی هاوکاتی لەو جۆرە هەوڵ دەدات ئیسرائیل، داعش و کورد پێکەوە گرێ بداتەوە و ئەوە لە ڕای گشتیی ئێرانییەکاندا بچەسپێنێت. هەر ئەمەش نیشان دەدات کە ڕوانینی بنەمایی و درێژخایەنی دەوڵەتی فارس- ئێرانی بۆ کورد چۆن و چلۆنە.
وەک دەزانین کۆماری ئیسلامی -مودێلی ئێستای دەوڵەتی فارس- ئێرانی- بە ئاشکرا لە ڕاگەیەندراو و دەقە ستراتیژییەکان و ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانیدا ئیسرائیل بە گەورەترین دوژمنی خۆی دەناسێنێت. هەرچەندە ئەو ڕژێمە بە کردە و زیاتریش بە نهێنی یەکێک لە گەورەترین هاوکاران و بگرە دامەزرێنەرانی سەرەتایی داعش بوو لە سووریا بەڵام وەک سیاسەتی ڕاگەیەندراو ئەو گرووپەش بە دژی خۆی دەزانێت و تەنانەت سەرەکیترین بیانووی بۆ تیرۆر و دەستێورانەکانی لە وڵاتانی ناوچە لەم ساڵانەی دواییدا بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو گرووپە بووە. لەم چوارچێوەیەدا، بەردەوام بۆ ڕای گشتی بەو جۆرە باس کردووە کە ئەگەر لە دەرەوە بەرەنگاری داعش نەبێتەوە ئەوا ناچارە لە نێو سنوورەکانی ئێراندا لەگەڵ ئەو گرووپە شەڕ بکات و هەموو ڕەخنەگرانی سیاسەتی دەرەوەی تەنانەت لە تارانیشدا دەمکوت کردووە. هێرش بۆ سەر کوردستان و هەوڵدان بۆ گرێدانەوەی بە داعش و ئیسرائیل هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکهەڵکێشکردنیان. واتە کورد لە ڕیزی گەورەترین دوژمنەکانی ئێراندا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. هەڵبەت ئەگەر ئەو فرت و فێڵ و تەڵەکەبازییەش بۆ قایلکردنی ڕای گشتی نەکەن ئێمە هەر دڵنیاین کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی فارس- ئێرانییەوە کورد گەورەترین مەترسییە و هەر کات دەرفەت ڕەخسا و تێچووەکانی لە قازانجەکانی کەمتر بوون ئەوان هەوڵی تەفروتووناکردنی دەدەن، ئەمە تەنیا وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەوانەی هێشتا شک و گومانیان هەیە. دید و خوێندنەوەی دەوڵەتی فارس- ئێرانی ئاوایە: لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران هەیە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!