پێناسە و جیاوازیی چەند چەمکێکی سیاسی

پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان / International relations [یان ئەوەی بەبۆچوونی من بە هەڵە زۆر جار لە کوردیدا پێی دەڵێین پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەر واش جێ کەوتووە]: ئاماژەیە بۆ هەموو جۆرە پەیوەندییەکی [ئابووری، سیاسی، کلتووری و هتد] نێوان دەوڵەتەکان و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان لەگەڵ ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان و تەنانەت تاکەکان و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوەکان. خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو پەیوەندیانەش دەبێتە زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان.

سیاسەتی نێونەتەوەیی / International politics: بەرتەسکترە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. زیاتر ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەکتەرە فەرمییەکان یان دەوڵەتەکان. خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو جۆرە پەیوەندیانەش دەبێتە زانستی سیاسەتی نێونەتەوەیی. کەوابوو ئەوەی لە کوردیدا پێی دەوترێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان Interstates Relations ڕەنگە درووستتر ئەوە بێت بۆ سیاسەتی نێونەتەوەیی بەکار بهێنرێت نەک بۆ پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. لە فارسیشدا شارەزایانی ئەو بوارە بۆ International Relations ناڵێن “روابط بین الدول” بەڵکوو دەڵێن “روابط بین الملل”. چونکە دەزانن “روابط بین الدول” بەرتەسکترە و نزیکە لە “سیاست بین الملل”.

سیاسەتی دەرەکی (Foreign policy): ئاماژەیە بۆ ئەو هەوڵانەی دەوڵەتێک بە شێوەی فەرمی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان دەیدات. خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو هەوڵانەی هەر دەوڵەتێک کە هەڵقوڵاوی بەڵگە و گەڵاڵە فەرمی و حکوومییەکانە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەبێتە زانستی سیاسەتی دەرەکی.

-پەیوەندییە دەرەکییەکان / Foreign relations: ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکانی وڵاتێک لەگەڵ باقی وڵاتان. لەکاتێکدا سیاسەتی دەرەکی ئاماژەیە بۆ سیاسەتی فەرمی وڵاتێک لە دەرەوەی سنوورەکان، پەیوەندییە دەرەکییەکان ڕەنگە لە چوارچێوەیەکی نافەرمیشدا بن. بۆیە وەک چۆن پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ئاماژەیە بۆ پەیوەندیگەلێکی بەربڵاوتر لە سیاسەتی نێونەتەوەیی، پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەر وڵاتێکیش بەربڵاوترن لە سیاسەتی دەرەکی ئەو وڵاتە.

-یاسای نێونەتەوەیی: بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا کە لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتاندا ڕەچاو دەکرێن.

-دیپلۆماسی نێونەتەوەیی: ئاماژەیە بۆ ئیدارەدانی کاروباری نێونەتەوەیی لە ڕێگای وتووێژ و چارەسەرکردنی پرسە نێونەتەوەییەکان بە شێواز و میکانیزمی ئاشتیخوازانە.

-مێژووی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان: ئاماژەیە بۆ ئەو پێشهات و ڕووداوانە کە ساڵانی پێشتووتر لە شانۆی نێونەتەوەییدا ڕوویان داوە. ڕەنگە ڕووداوەکان زۆریش پەیوەندییان پێکەوە نەبێ.

-تیۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان: تیۆریی پێکهاتووە لە کۆمەڵێک چەمک و پێناسە و حوکم بۆ سادەکردنەوەی واقیعی جیهان و ڕوونکردنەوەی باشتر و پێشبینی داهاتوو. جا ڕەنگە بە گرێدانەوەی ڕووداوە مێژووەکان کە پێشتر باسم کردن قانون یان مودیلێک درووست بێت کە بتوانرێت بە گەڕانەوە بۆ ئەو قانوون و مودیلە پێشبینی داهاتوو بکرێت، دەکرێت بڵێین ئەوە دەبێتە تیۆریی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان گەرچی بەو ئاسانییەش نییە.

بێگومان هەموو ئەوانە پێناسەگەلێکی زۆر گشتی و سادەن و لێرەدا مەبەست تەنیا ئەوە بوو بڵێم ئەو چەمک و دەستەواژانە لێک جیاوازن هەرچەندە هەندێجار تەنانەت لە دەقە ئاکادیمییەکانیشدا تێکەڵ دەکرێن. دەنا ڕەنگە هەر چەمکێکیان بە دەیان پێناسەی جۆراوجۆری لێ کرا بێت. زۆرم نەوتووە ئەگەر بڵێم هەر “تیۆری” و “سیاسەتی دەرەکی” بە سەدان پێناسەیان لێکراوە.

*

پ.ن:

هەندێ جار دەوترێت مادام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی دەوڵەتەکان یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆچی پێی ناوترێت ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان؟ ڕەنگە کورتترین وەڵام ئەوە بێت کە ئەو سەردەمەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا گریمانە ئەوە بوو کە هەر دەوڵەتێک نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکات.  ئێستاکەش لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا کە ساڵانە بەڕێوە دەچن نوێنەری هەر دەوڵەتێک خۆی وەک نوێنەری نەتەوەیەک دەناسێنێت. گەرچی ڕەنگە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی نێو وڵاتانی فرە نەتەوەی نادێموکرات (وەک نەتەوەی کورد لە ئێران یان تورکیا و سوریا و عێراق) ئەوان بە نوێنەری خۆیان نەزانن و خۆیان بە نەتەوەیەکی جیاواز بناسێنن کە مافی نوێنەرایەتییان لێ زەوت بووە. بەڵام ئەوە هەر لە ئاستی ڕەخنە و بۆڵەبۆڵدا دەمێنێتەوە؛ لە جیهانی دەوڵەت-تەوەردا بێ دەوڵەتەکان بۆ ئەوە نابن تانە لە شتێک بدەن و گوێیان لێ بگیرێت.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *