شێوازی داگیرکاریی دەوڵەتی فارس-ئێرانی
نەوشیروان مستەفا ئەمین لە لاپەڕەکانی ٥-۱٥٤ کتێبی “حکومەتی کوردستان: کورد لە گەمەی سۆڤیەتی دا” دەنووسێت کە یەکەمین سەفیری عێراقی بۆ دەرباری پەهلەوی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ سەفیری بەریتانی لە تاران دەربارەی کێشەی کورد بەمجۆرە[ی خوارەوە] دەگێڕێتەوە:
“…ئینجا چووینە سەر باسی سیاسەتی ئێران بەرامبەر کێشەی کوردەکان…. وتم لەوەتەی گەیشتوومەتە تاران تا ئەمڕۆ، بەرپرسە ئێرانییەکان چەندین کەڕەت باسی کێشەی کوردیان لەگەڵ کردوومەتەوە. وا تێگەیشتم کە ئێران گرنگییەکی زۆر بە کێشەی کوردەکان دەدا، عێراق هەرچی کارئاسانییەک بۆ ئاواتی کورد بکات ئەمان بە جەزرەبەیەکی دائەنێن بۆ سیاسەتی ئێران و بە مەترسییەکی دائەنێن لە دەرەوە دێتە سەریان. هەروەها وا حاڵی بووم کە سیاسەتی ئێرانی پشت ئەبەستێ بەو تەئمیناتەی دراوێتێ دەربارەی یارمەتی نەدانی کورد بۆ وەرگرتنی لەوە زیاتر کە بە دەستیان هێناوە…. زۆر جار گفتوگۆمان بووە لەگەڵ تەیموورتاش دەربارەی کورد. ئەتوانم پێت بڵێم هەندێ جار دەمەقاڵەشمان بووە لەسەری. ئەوەی دەیزانم سیاسەتی تورک بەرامبەر کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە [مەبەست باکووری کوردستانە] سیاسەتی توندوتیژی و نەهێشتنیانە بە هەموو ڕێگایەک، ئینجا بە تورک کردنیان. بەڵام سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر کورد بریتییە لە سیاسەتی پشتگوێ خستن، واتە فەرامۆشکردنی ڕەگەزی کورد و یارمەتی نەدانی لە ڕووی پەروەردە و تەندرووستی و ئیسڵاحات و شتی ترەوە تا ڕۆژێ بێ ئەوەندە لاواز ببێ نەتوانێ خۆی ڕابگرێ و ناچار بێ لەگەڵ ڕەگەزی ئێرانیدا بتوێتەوە و نەمێنێ”.
*
لەو گێڕانەوە یەک پەرەگرافییەدا چیمان دەست دەکەوێت:
١. دەوڵەتی فارسی- ئێرانی بە درێژایی سەد و چەند ساڵێک تەمەنی خۆی، بەردەوام لە هەوڵی پیلانگێڕی و دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد بووە و ئەو پیلانگێڕی و دوژمنایەتییە ئێستاکەش بەردەوامە.
۲.تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی ئێرانی هەستی کردبێت یەکێک لە داگیرکەرانی کوردستان مافێک بە نەتەوەی کورد لە پارچەیەکی تر دەدات [کە لە ڕاستیدا بە شێوەی دڵخوازانە نەیانداوە] ئێران بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی کردووە. ئەمە بەو واتایەش دێت کە کورد لە هەر یەک پارچەکانی دیکەشدا بە هەر دەستکەوتێک چ لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند و چ بە هۆی توانایی و دوای خەباتێکی چڕوپڕی خۆی بە دەستکەوتێک بگات، ئێران دژایەتی دەکات. لە شۆڕشی ئاراراتەوە هەتاکوو گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی باشووری کوردستان، دەوڵەتی فارس ئێرانی ئەو ڕێچکەیە گرتووەتە بەر.
۳.ئێران هەر جۆرە سەرکەوتن و دەستکەوتێکی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە دەرەوەش وەک مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر “هەبوونی” خۆی دەبینێت. ئەمە واتە لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، مەترسییەک بۆ سەر ئێران هەیە. واتە ئەوەی کە هەندێ ساویلکە دەڵێن لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێ ئەوە ئێرانە پێش هەموو کەس خودی فارس-ئێرانییەکان بە گاڵتە و جەفەنگی دەزانن.
٤. لەکاتێکدا کە سیاسەتی داگیرکەری تورک [و عەرەب کە ئەو سەفیرە باسی ناکات یان ئۆپەراسیونگەلێک وەک ئەنفال چەندین دەیە دواتر ڕوویان داوە] بەرامبەر کورد ڕەنگە زیاتر لەسەر بنەمای پاکتاوکردنی جەستەیی و کۆمەڵکوژی و ئەنفال بە پەنابردن بۆ هێزی ڕووت بووبێت، سیاسەتی فارسەکان بەرامبەر کورد بریتی بووە لە تواندنەوەی ناسنامە و شۆناسی کوردی. وەک سەفیری عێراق ئاماژەی پێکردووە ئەوەش لە ڕێگەی یارمەتی نەدانی پەروەردە و تەندرووستی. مەبەست لە پشتگوێخستنی تەندرووستی ڕوونە و باسی ناکەم. مەبەست لە پشتگوێخستنی پەروەردە ڕێگە نەدان بە کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەکان تا ساڵانێکی زۆر و هەروەها قەدەغەکردنی زمانی کوردی و داسەپاندنی زمانی فارسی بە شێوەی زۆرەملێیە. ئەمە ئاماژەیە بۆ یەکێک لە کۆڵەکەکانی چەسپاندنی دەسەڵاتی داگیرکار کە پەروەردەیە.
٥. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە باسکردن لە سیاسەتی ئێران بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد و ئاسیمیلاسیونی سپی و شێواندنی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەی کورد بە تایبەت لە ڕێگای پەروەردەوە هەرگیز بەو واتایە نایەت کە سوپای داگیرکەری ئەو وڵاتە وەک ئەستونی سەربازی چەسپاندنی دەسەڵاتی داگیرکەر بێ کار بووە. سەرکوتی بزووتنەوەکان و تیڕۆر و لەسێدارەدانی ڕێبەران لە سمکۆ و پێشواوە تا دکتور قاسملو و شەرەفکەندی و کاک فواد، کۆمەڵکوژی لە شار و گوندەکانی کوردستان [قارنێ و قەڵاتان وەک نموونە]، شەڕی چەکداری لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و تیرۆری دەیان و سەدان کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبانە و و میلیتاریزەکردن و بەئەمنییەتیکردنی کوردستان و کوشتنی بەکۆمەڵی لاوانی شۆڕشگێڕ لە میانەی ڕاپەڕین و ناڕەزایتی دەربڕینەکانی سەرشەقام و دەیان نموونەی تر کە لێرەدا مەجالی باسکردنیان نییە هەموویان دەرخەری ئەوەن کە ماشێنی سەرکوتی سەربازی هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ مەکینەی تێکدانی مێژوو و شوناس و ناسنامەی نەتەوەی کورد کاری کردووە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!