گریمانە سەرەکییەکانی ڕیالیستەکان و ئایدیالیستەکان

ڕیالیزم و ئایدیالیزم چین و ڕیالیستەکان [واقێعگەراکان] و ئایدیالیستەکان [یۆتووپیاگەراکان] کێن؟ کاتێک دەوترێت فڵانە سەرکردە یان سیاسەتوان یان فڵانە بیرمەندی سیاسەتی نێونەتەوەیی ڕیالیستە یان ئایدیالیستە یان تەنانەت کاتێک دەوترێت فڵانە خوێندکار یان مامۆستای زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان یان سیاسەتی نێونەتەوەیی لەژێر کاریگەری ڕوانگەی ڕیالیزم یاخود ئایدیالیزمدایە مەبەست چییە؟  بۆ ئەوەی بزانین کە جیاوازی سیاسەتێک/ سیاسەتوانێکی ڕیالیست لەگەڵ سیاسەت/سیاسەتوانێکی ئایدیالیست چییە یان بۆ ئەوەی تێبگەین مەبەست چییە کاتێک مامۆستایەک یان خوێندکارێک خۆێ بە ڕیالیست یان ئایدیالیست دەناسێنێت یاخود کەسانی تر بەو سیفەتەوە دەیناسێنن، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بزانین گریمانەکانی ڕیالیزم و ئایدیالیزم چین و کامانەن.

بێگومان لە کورتە نووسراوەیەکی لەم جۆرەدا ناکرێت بە وردی باس لە ناوەڕۆک و گریمانەکانی دوو قوتابخانەی بەرجەستەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بکرێت. من لە درێژەدا تەنیا هەوڵ دەدەم ئاماژە بە ۱۰ گریمانەی سەرەکی بکەم، بەو هیوایە کە خوێنەر بتوانێت بە ڕەچاوکردنی ئەو گریمانانە بە ئاسانی لە جیاوازییەکانیان تێ بگات:

١. ڕیالیستەکان مرۆڤ بە بوونەوەرێکی خۆپەرەست، خۆویست، قازانجویست و شەڕانگێز دەزانن. لە کاتێکدا کە ئایدیالیستەکان پێیان وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی پاک، بێگەرد و هاوتادۆست/ مرۆڤدۆستە.

۲. ڕیالیستەکان دەڵێن نەک هەر سرووشتی مرۆڤ سرووشتێکی دەسەڵاتخواز، هێزویست و شەڕانگێزە بەڵکوو ئەو سرووشتە نەگۆڕە. ئایدیالیستەکان دەڵێن ڕەفتاری شەڕانگێزانەی مرۆڤ بە هۆی ئەوە نییە کە سرووشتی شەڕانگێزە، بەڵکوو ئەوە ڕێکخراوە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەن مرۆڤ گەندەڵ و توندوتیژ بار دەهێنن. ئەوان دەڵێن مرۆڤ لە ڕێگەی پەروەردەوە دەگۆڕدرێت.

۳.ڕیالیستەکان دەڵێن وەک چۆن مرۆڤ خۆپەرەست و شەڕانییە، دەوڵەتیش سەربەستیخواز و شەڕانگێزە. لە بەرامبەردا، ئایدیالیستەکان دەڵێن دەوڵەتەکانیش دەتوانن وەک مرۆڤەکان ئاشتیخواز و هاوکار بن، بەو مەرجەی دەسەڵاتدارانێک لەسەر کار بن کە پەروەردەی درووست کرابێتن.

٤. ڕیالیستەکان دەوڵەت بە تاقە ئەکتەر [ یان لانیکەم سەرەکیترین ئەکتەری] شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەبینن.  ئایدیالیستەکان دەڵێن هەم ئەکتەرە خوار-دەوڵەتییەکان (تاکەکان) و هەم ئەکتەرە بان-دەوڵەتییەکان (ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان) وەک دەوڵەتەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا گەمەکەرن.

٥.هەم ڕیالیستەکان و هەم ئایدیالیستەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە گرینگترین ئەرکی دەوڵەت دابینکردنی ئاسایش و دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە. بەڵام لەکاتێکدا کە ڕیاڵیستەکان بەدەستهێنان و پەرەپێدان بە هێز بە گرینگترین کەرەسەی دەستەبەرکردنی مانەوە دەبینن،  ئایدیالیستەکان پێیان وایە دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەستێنی هاوکاری نێودەوڵەتی و دابینکردنی و گونجاوتری ئاسایش فەراهەم دەکەن.

٦. ڕیالیستەکان دەڵێن گرینگترین لایەنی هێز، هێزی ماددی و سەربازییە. ئایدیالیستەکان پێیان وایە کە هێزی ئابووری ئەگەر گرینگتر نەبێ لانیکەم هێندەی هێزی سەربازی گرینگ و یەکلاکەرەوەیە.

۷.ڕیالیستەکان دەڵێن شەڕ و ناکۆکی تایبەتمەندی هەمیشەیی سیستەمی نێونەتەوەییە. ئایدیالیستەکان گاڵتەیان بەو بۆچوونە دێت و دەڵێن بە گۆڕینی ڕێکخراوەکان و پەروەردەی مرۆڤەکان دەتوانین شەڕ و پێکدادان لە شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی بسڕینەوە.

٨. ڕیالیستەکان حاشا لەوە ناکەن کە یاسا و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا هەن بەڵام دەڵێن ئەوانە بە دەگمەن دەتوانن کاریگەری لەسەر ڕەفتاری ستراتیژیکی وڵاتان دابنەن. ئایدیالیستەکان دەڵێن یاسا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان هەم هەن و هەم دەتوانن بە شێوەیەکی جدی کاریگەری لەسەر بڕیارەکان و جۆری سیاسەتی دەوڵەتەکان دابنێن.

۹.ڕیالیستەکان نائەخلاقی نین، بەڵام دەڵێن ئەخلاق ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا ناگێڕێت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان گۆڕەپانی بەکردەوەکردنی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان نییە. دەشڵێن دەوڵەتەکان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەموو سیاسەتێک بە ڕەوا دەبینن و چی بە پێویست بزانن ئەنجامی دەدەن. ئایدیالیستەکان پێیان وایە ئەخلاق توخمێکی گرینگی سیاسەتی نێونەتەوەییە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتەکان دادەنێت. دەڵێن گەلێک جار دەوڵەتەکان سیاسەتێک کە دژی بنەما ئەخلاقییەکان بێت تەنانەت بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان ناگرنە بەر.

۱۰.لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە دەوڵەتەکان گرینگی بە دەستکەوتە ڕێژەییەکان دەدەن بۆیە هاوکاریکردن دژوار و دەگمەنە. بەڵام ئایدیالیستەکان دەڵێن دەوڵەتەکان گرینگی بە دەستکەوتی ڕەها دەدەن بۆیە هاوکاریکردنی دەوڵەتەکان ئاسانە و فراوانە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *