هێز و سیاسەت
ڕەنگە ئێمە بە چاویلکەی یاسایی یان ئەخلاقیانە یاخود بە هەر جۆرە چاویلکەیەکی تری ناسیاسی سەیری واقعیەتی سیاسەتی جیهانی بکەین و بەو جۆرە لێی تێبگەین کە حەزمان لێیە یاوەکوو جیهان بە جۆرێک ببینین کە پێمان خۆشە “بەو جۆرە” بێت، بەڵام سیاسەتی جیهانی شەرمی نییە؛ ئەو ڕاستییەیە کە هەیە: سیاسەتی هێز.
سەرەڕای پەرەسەندنی ژمارەیەکی زۆر ڕوانگە ڕەخنەیی و سەرباری هەموو ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان بەڵام لە شانۆی سیاسەتی ئێستای جیهاندا هێز گرینگترین فاکتەر و خاوەندارێتی هێز سەرەکیترین بەهایە. بێگومان هێز نەک بە شێوەی یەکسان و بەرابەر بەڵکوو بە شێوەێ نابەرابەر و نایەکسان بەسەر ئەکتەرەکاندا دابەش بووە. هەر بۆیە هێز سیستەمێکی پلەوپایەیی درووست دەکات و هەندێک دەکەونە خوار، هەندێک دەکەونە سەر و هەندێکیش دەکەونە ناوەڕاستی هەڕەمەکە. ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە لە پۆلێنبەندی ئەکتەرەکان بۆ گەورە و مام ناونجی و ورد هێز پێوەرە؛ بەو مانایە کە جێگە و پێگەکان بەپێی ڕێژەی خاوەندارێتی هێز دیاری دەکرێن. ئەکتەرەکان چەندە هێزیان هەبێت ئەوەندەش سەنگیان هەیە. بەپێی سەنگ و قورساییان بەرژەوەندیشیان هەیە.
لە ئاوا جیهانێکدا ئەکتەری [تۆ بخوێنەوە نەتەوەی] بێ هێز داماڵڕاوە لە هەر جۆرە قەدر و شکۆیەک. بە دەربڕینێکی سادە تر، ئەکتەری بێ هێز بێ ڕێزە. ئەوە بۆ؟! چونکە هێز دراوی باوی سیاسەتە. چەندە پووڵ و پارە لە ئابووریدا و چەندە وزە لە فیزیکدا گرینگن هێزیش بە هەمان ئەندازە و بگرە زیاتر لە سیاسەتدا گرینگە.
هەر لە بنەڕەتدا سیاسەت (بە تایبەت سیاسەتی نێوان نەتەوەکان) واتە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان، پاراستن، پەرەپێدان و کەڵکوەرگرتن لە هێز بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی “ئەوی تر” یان “ئەوانی تر” و هەروەها بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی “خۆ”.
لەم چوارچێوەیەدا هەر ئەکتەر یان نەتەوەیەکیش بخوازێ خۆی بەهێز بکات بژاردەی جۆراوجۆری لەبەردەستە: دەتوانێت هیوا لەسەر هاوکاری لەگەڵ باقی ئەکتەر و لایەنە دەرەکییەکان هەڵبچنێت و بچێتە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە لەگەڵ دۆستانی خۆی کە ئەمە پێی دەوترێت هاوسەنگی دەرەکی هێز. دەشتوانێت وا نەکات و لەجیاتی بەشداربوون لە هاوپەیمانێتییەکان بۆ خۆبەهێزکردن، بگەڕێتەوە بۆ سەرمایە و سەرچاوە و تواناکانی خۆی کە ئەمەیان پێی دەوترێت هاوسەنگی نێوخۆیی یان ئەوەی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا پێی دەوترێت خۆیارمەتی (self-helping). هەڵبەت دەشتوانێ بە تێکەڵاوێک لەو دوو میکانیزمە و لە ڕێگای جێبەجێکردنی هاوکاتی ئەو دوو ستراتیژییە خۆی بەهێز بکات. گرینگ ئەوەیە خەمێک لە کەڵەکەکردنی هێز و مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆی و دوورکەوتنەوە لە بێ هێزی و بێ ڕێزی بخوات.
ئەکتەری بێ هێز لە گۆڕەپانی سیاسەتدا قسەی بڕەوی نییە. تەنانەت ڕەنگە بەکارهێنانی دەستەواژەی ئەکتەر (بەو جۆرەی من لێرەدا بەکارم هێناوە) بۆ بێ هێزەکان درووست نەبێ. ڕەنگە باشتر بێ بوترێت ” بوونەوەری بێ هێز” هیچ حسێبێکی بۆ ناکرێت و ئەکتەر بە هەژمار نایەت. لۆژیکی پشت ئەم ئارگیۆمێنتەش ئاسانە: بێ هێز ناتوانێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکان و پرۆسەکانی باقی ئەکتەرەکان و بەتایبەت ئەکتەرە بەهێزەکان هەبێت. ئەگەر هەندێجاریش بکەوێتە نێو گەردەلوولی سیاسەتی جیهانی هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەهەڵکەوت کەوتووەتە چوارچێوە و ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی بەهێزەکان.
تاڵ و ناخۆش ئەوەیە کە بێ هێز تەنانەت نابێتە لایەنێکی گفتوگۆ و وتوووێژیش. ئەمەش زۆر ئاساییە؛ وەک چۆن لە سەرووشتدا شێر لەگەڵ خەزاڵ و گورگ لەگەڵ مەڕ گفتوگۆ ناکات لە سیاسەتیشدا بەهێز لەگەڵ بێ هێز گفتوگۆ ناکات. بێ هێز هەر ئەوەندەی دەرەتان هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ بەهێزدا مشتومڕ لەگەڵ شێوازی چەوساندنەوەی و جاروباریش کوشتنی خۆی بکات نەک گفتوگۆ. گفتوگۆ و دانوستان بۆ کاتێکە هەر دوو لایەن خاوەن هێز بن. مەرج نییە هێزیان هاوسەنگ بێت، دەکرێ ناهاوسەنگ بێ بەڵام مەرجە و پێویستە خولقێنەری مەترسی بێت.
بێ هێز نە دەتوانێ بە “چێژ” کەس ڕازی بە ئەجدامدانی کارێکی دڵخواز بکات و نە دەتوانێ بە “چز” کەس لە ئەنجامدانی کارێکی دڵنەخواز پەشیمان بکاتەوە و لانیکەم گومانیان لا درووست بکات. نە توانای قایلکردن و قەناعەتپێهێنانی هەیە و نە توانای هەراسانکردن و تۆقاندن. بێ هێزی دوژمنان ئەرخەیان و خاترجەم دەکات لە مەترسی تۆڵەکردنەوە و بەهێزی دڵنیگەرانیان دەکات و وا دەکات زیاتر بیر لە پەیهات و ئەنجامەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان بکەنەوە.
کورت و پۆخت بێ هێز تەنانەت ناتوانێ ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی بپارێزێت و مانەوەشی دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمە ڕەواییدان بە ملکەجکردنی لاوازەکان بە واقیع نییە، بەپێچەوانەوە وەسفی جیهانێکە کە هێزویستی دەبەستێتەوە بە سرووشتی مرۆڤ و ئەکتەرەکانەوە. خۆبەهێزکردن بەتایبەت لە دارستانی ڕۆژهەڵاتی نەوەڕاستدا بژاردە نییە، پێویستییە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!