هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و پێویستی خۆئامادەکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

ڕۆژی ۱٤۰۱/١١/١٢، ماڵپەڕی “نورنیوز”ی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی کە زۆر جار گرنگترین هەواڵەکانی تایبەت بە کاروباری ئاسایش و بەرگریی ئەو ڕژیمە بڵاودەکاتەوە، لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی “مشارکت ضدانقلاب کُردی در حمله به مجتمع کارگاهی وزارت دفاع در اصفهان” حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی تۆمەتبار کرد بە گواستنەوەی ئەو کەرەسە و چەک و تەقەمەنیانەی کە بۆ لێدان لە بنکەیەکی وەزارەتی بەرگری لە ئیسفەهان بەکارهێنراون. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەو کارەیان بۆ وڵاتێکی بێگانە ئەنجام داوە. بەو پێیە کە نوێنەری کۆماری ئیسلامی دواتر لەنامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد، مەبەست لەو وڵاتە ئیسرائیلە.
نورنیوز پێشتریش لە مانگی پووشپەڕدا، دوای دەستبەسەرکردنی چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان لە ڕاپۆڕتێکدا ئیدیعای کردبوو کە “ئەو گرووپە سیخوڕییەی مۆساد… پلانیان داڕشتبوو کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن و پێگەیەكی هەستیار لە ئێسفەهان بتەقێننەوە”. ئەوەش بوو بە دەستپێکی هەڕەشە لە حیزبەکان و ڕەوانەکردنی ژمارەیەکی بەرفراوان هێزی چەکدار بۆ سەر سنوورەکان[پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی ژینا] و دواتر مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی سێ حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و پاک [دوای دەستپێکردنی ئەو ڕاپەڕینە].
لەم ڕاپۆڕتە نوێیەدا هەمدیسان ئاماژە بەو ڕاپۆرتەی پێشوو دراوەتەوە و بەو جۆرە هەوڵییان داوە وای بنوێنن کە حیزبەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان بۆ چالاکی (بە وتەی ئەوان) تێکدەرانە. لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەشدا ئاماژە دەکەن کە عێراق پابەندی بەڵێنە یاساییەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێگریکردن لە چالاکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەبووە. ئەمە بەو واتایە دێت کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە دووپاتکردنەوەی ماوە ماوەی ئەو تۆمەتانە و درووستکردنی بەڵگەی بێ بنەما حیزبەکان وەک “هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە” نیشان بدات کە پێویستە بە “ئوپەراسیونێکی پێشدەستانەی ڕەوا” لەناویان بەرێت. هەر بۆیەش سوپای پاسداران لە کاتی پەلامار و هێرشە تیرۆریستیەکانیدا زۆر جار ئاماژە بە “بەرگری پێشگیرانە” و “ئۆپەراسیونی پێشدەستانە” دەکات. لای من تەنانەت بێ هۆ نییە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە “گروهکهای منحلە”وە دەبنە “گروههای ضد انقلاب کردی”! بێگومان “زمان” ڕۆڵێکی گرنگ لە بەئەمنییەتیکردنی پرسەکاندا دەگێڕێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە لە ماڵپەڕی نورنیوزی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ڕەنگە ئەوەمان بۆ دەرخات کە فایلی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە گرنگترین پرسەکانە کە لە بەرزترین ئاستی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیدا کاری لەسەر دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشار لەسەریان زیاتر بێت و بەرەوڕووی پیلانی جۆراوجۆر ببنەوە.
دەزانین کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی ئەنجومەنێکە بۆ پاراستنی ئەو ڕژیمە کە بەپێی ماددەی ۱۷٦ی یاسای بنەڕەتی بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی شۆڕشیی ئیسلامی و یەکپارچەیی و سەروەری نیشتمانی دامەزراوە. ئەرک و دەسەڵاتە سەرەکییەکانی بریتین لە دەستنیشانکردنی سیاسەتەکان لە بواری بەرگریی و ئاسایشی وڵات لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەکانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی [خامنەیی]، هاوئاهەنگکردنی چالاکییە سیاسی و زانیاری و کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئابوورییەکانی پەیوەندیدار بە کاروباری بەرگری و ئاسایشی ئەو وڵاتەوە و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە توانا و هێزی ماددی و مەعنەوی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
کەوابوو ئەو ئەنجومەنە گرنگترین ناوەندی بڕیاردانی ئەو ڕژێمەیە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی بەرگری و ئاسایش. وەبیربێننەوە کە دوای بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی وتووێژەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشووی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سەعید لەیلاز کە وتبووی”دیپلۆماسی” ملکەجی “مەیدان” بووە و وەزارەتی دەرەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا نییە، عەلی خامنەیی وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو قسانە وێرای ئەوەی کە پشتیوانی خۆی لە دەستوەردانی سوپای قودس لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەربڕی، ڕایگەیاند: “سیاسەتی دەرەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لە وەزارەتی دەرەوە دیاری ناکرێ. بەڵکو لە لایەن بەرپرسانی باڵاتر لە وەزارەتی دەرەوە دیاری دەکرێ. واتە ئەو کارەی کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەنجام دەدرێت… وەزارەتی دەرەوە جێبەجێکارە…”. دوای ئەو لێدوانەی خامنەیی بوو کە زەریف لە پۆستێکی ئینستاگرامدا ڕایگەیاند، خۆی و هاوکارەکانی هەوڵ دەدەن فەرمانەکانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی و بەبێ کەموکوڕی جێبەجێ بکەن.
شارەزایانی بواری سەربازی و ئەمنییەتی ئەوەیان فێر کردووین کە باشترین ئەنجامەکان بەرهەمی خۆئامادەکردن بۆ خراپترین حاڵەتەکانن. ئەوەش ژیرانەترین کارە. دیارە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا لە قۆناغێکدان کە دەکرێت ناوی “خۆگرتن” یان”ددان بەخۆداگرتنی ستراتیژیانە”ی لێ بنرێت. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جیهان، ناوچە، ئێران، هەرێم و خودی حیزبەکان پێدەچێت بژاردەیەکی گونجاوی ئەم قۆناغە بێت. بەڵام ئەو ستراتیژییە پێویستی بە بەرزترین ئاستی پاراستنی ناچالاکانە یان بەرگری پاسیڤە بۆ ئەوەی نزمترین ئاستی خەسارهەڵگری تۆمار بکەن. بێگۆمان شێوازەکەی نەک بابەتێکی سیاسی، بەڵکوو لە بازنەی زانست و شارەزایی چەکدار و فەرماندەکانە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *