خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و گفتوگۆی ئەتۆمی

هەڵپساردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا یان گفتوگۆ ئەتۆمییەکان زیاتر لەوەی پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێرانەوە بێت، پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە. بڕیارە کەمتر لە سێ هەفتەی تر [ڕۆژی ٨ی نۆڤەمبەر/ ۱۷ خەزەڵوەر] هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێوە بچن. لەو هەڵبژاردنانەدا ئەندامانی نوێی کۆنگرێس هەڵدەبژێردرێن و چارەنووسی ۳٤ کورسی ئەنجومەنی پیران/ سێنا یەکلایی دەبێتەوە. ڕەنگە دواخستنی گفتوگۆکان پەیوەندی بە قانوونی “ئینارا”وە بێت. بەپێی ئەو قانوونە کە لە ساڵی ۲۰۱٥دا پەسەند کرا، دوای هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەبێ دەقی ڕێککەوتنامەکە ڕادەستی کۆنگرێس بکرێت و نوێنەران لە ماوەی یەک مانگدا بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر پەسەند کرا دوای ئەوە ڕێگا دەدرێت سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنرێنەوە. ئێستا ئەو مۆڵەتە سی ڕۆژە بۆ کۆنگرێس نەماوە و وەک وتم بیست ڕۆژی تر هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن. بە ئەگەری زۆر بایدن نەیویستووە وزەی دێموکراتەکان بۆ مشتومڕ لەگەڵ کۆماریخوازەکان لەسەر ئەو بابەتە بە فیڕۆ بدات و تا دوای هەڵبژاردنەکان باسی گفتوگۆی دوا خستووە. بۆیە ئەمڕۆژانە زۆربەی میدیاکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن کە دانوستانەکان دوای ئەو هەڵبژاردنانە دەست پێدەکەنەوە.
لە ئێستادا دێموکراتەکان هەم لە کۆنگرێس و هەم لە ئەنجومەنی پیران زۆرینەن.ئەوەی کە بووەتە هۆی ترس و نیگەرانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماریخوازکان لەو هەڵبژاردنەدا زۆرە کە بێگومان بە مانای بەهێزبوونی پێگەی باڵی دۆناڵد ترامپە. ئەوەش وا دەکات هیوایان زیاتر بێت بۆ هەڵبژاڕدنەکانی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ۲۰۲٤.
پێشبینی دەکڕێت لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماریخوازەکان فشارەکان لەسەر بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان زیاتر بن. واتە کێشەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیاتر دەبن. هەڵبەت ئەمە بەو مانایەش نییە کە ئیتر ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەرگیز ناکرێت. بێگومان ئەگەر بایدن بیەوێت ڕێککەوتن بکات لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەش لە کۆنگرێس دیسان دەتوانێ لە مافی ڤیتۆ کەڵک وەربگرێت و جێبەجێی بکات. بەڵام ئەوە ڕێککەوتنێک نابێت کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ پشتی پێ ببەستێت و دڵی پێی خۆش بکات. دەزانین یەکێک لەو مەرجانەی تا ئێستا ئێران دایناوە ئەوەیە کە بایدن دڵنیایان بکاتەوە و زەمانەتی ئەوە بدات کە دوای خۆی ڕێککەوتنەکە هەڵناوەشێتەوە. ئەو مەرجەش هەموو جارێ لە لایەن شاندی ئەمریکا لە دانوستانەکانی ڤیێنادا ڕەت کراوەتەوە.
نیشەنەکان بۆ ئێران تۆقێنەرن. مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندووە: ” ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیش بکرێت، کارێک دەکەین بە کردە هیچ سوود و قازانجێکی نەبێت”. هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ٤۹ سیناتۆری کۆماریخواز ڕایانگەیاند کە ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی پرسی مووشەکی ئێرانیش لەخۆ نەگرێت پەسەندی ناکەن. هەر لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆرێک نەچێتە ژێر باری ئەو مەرجە.
بێگومان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیان لە بیر ماوە کە ساڵی ۲۰۱٥ش ٤۷ سیناتۆری کۆماریخواز لە نامەیەکدا بۆ ئۆباما نووسییان کە هەر ڕێککەوتنێک کە کۆنگرێس پەسەندی نەکات دەوڵەتی داهاتوو کاری پێ ناکات. هەر واش دەرچوو و دوای دەسەڵاتگرتنی دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنەکە هەڵوەشاوە.
بە هەر حاڵ کۆنگرێس بژاردەی زۆری بەدەستەوە دەبێت بۆ ئازاردانی بایدن و ئێران. بگرە دوای ڕێککەوتن و ئەگەری ڤیتۆی بایدنیش کۆنگرێس دەتوانێت بەبیانووی جۆراوجۆر گەمارۆ بخاتە سەر ئێران کە دیار نییە کاردانەوەی تاران چۆن دەبێت.
لە ئێستادا تاران دەیەوێت خۆی بۆ ئەو کاتە ئامادە بکات. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ئێران پەرەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی داوە و ڕێژەی یەدەکی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦۰٪ی گەیاندووەتە ٥٥ کیلۆ کە ئەوەش بیست هێندەی ئەو ڕێژەیە کە بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو مۆڵەتی پیتاندنی پێ درابوو. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێشتا دەرفەت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ماوە و دەیانەوێت تا دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تا دەتوانن ڕێگر بن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. هەڵبەت کۆماری ئیسلامیش لە سەرکەوتنی دێموکراتەکان ناڕازی نییە و پێدەچێت ئازادکردنی زیندانییەکان لەم دووایانەدا بە بەمەبەستی یارمەتیدانی بایدن و دێموکراتەکان بووبێت.
دیار نییە خۆپیشاندانەکان و دۆخی ناوخۆی ئێران تا ئەو کات چۆن دەبێت، هەر جۆرێک بێت هەواڵی سەرکەوتنی کۆماریخوازەکان زەندەقیان دەبات.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *