دەوڵەتخوازەکان باشترە بەرامبەر حیزبە فیدراڵخوازەکان چی بکەن؟

بەشێک لە چالاکانی ڕۆژهەڵات (نەک هەموویان) و بەتایبەت ئەوانەیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و خۆیان وەک سەربەخۆییخواز و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەزانن، زۆر جار کە دەبینن حیزبەکان وەک پێویست گرنگی بە “ڕوانگە” یان باشترە بڵێم “ئامۆژگارییەکانیان” سەبارەت بە گۆڕینی ستراتیژی و ئامانجی دواڕۆژی حیزبەکان و ڕۆیشتن بەرەو دروشمی دەوڵەتخوازی نادەن، ئینجا هێرش دەکەنە سەر حیزبەکان یان لانیکەم زمانێکی زبر و توند بەرامبەر بڕیاردەرانی حیزبی بەکار دەهێنن.

پێموایە ئەو میتۆدە و ئەو شێوازەی مامەڵە لەگەڵ حیزبەکان نەک هیچ سوودێکی نابێت، بەڵکوو ڕەنگە ئەو کەمە مەجال و دەرفەتەش کە لە ئێستادا بۆ گفتۆگۆی نێوان دەوڵەتخوازەکان و فیدراڵخوازەکان هەیە، لە بار بەرێت. وەک ئەزموونی خۆم لە نێو حیزبەکاندا و بە خوێندنەوەی چوارچێوە و ناسینێک کە لە بەرپرسان و ئەندامانی حیزبەکان هەمە ڕەنگە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخە تەنانەت کاردانەوەی دژە دەوڵەتخوازی (نەک وەک هەڵوێستی فەرمی، بەڵکوو دژکردەوەی خێرا) لە نێو حیزبەکان سەر هەڵبدات؛ ئەمەش نەک هەر دەرگاکانی گفتوگۆ لە ئێستادا دادەخات، بەڵکوو وا دەکات ئەگەر خودی حیزبەکان لە داهاتوودا بیانەوێت هەوڵی گۆڕینی بەرنامە و ئامانجە سیاسییەکانیان بدەن کاریان سەختتر بێت، چوونکە پێویستە کاتێکی زۆر بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئارگیومێنتە پێشووە دژە دەوڵەتییەکانیان تەرخان بکەن. هەڵبەت ئەستەمە بڕیاردەرانی حیزبی ئەوە قەبووڵ بکەن کە لەبەر نەبوونی بەرچاوڕوونی و سیاسەتێکی ڕوون سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی گونجاو لەگەڵ پەرەسەندنی بیرۆکەی سەربەخۆییخوازی و تاکە دەوڵەتخوازەکان و ڕەنگە هەندێجاریش وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەو سەربەخۆییخوازانەی کە ڕەخنەی توند لە حیزبەکان دەگرن، هەندێجار هەست بە هەڵوێستگەلێکی دژە سەربەخۆییخوازی و دژە دەوڵەتخوازی لە لایەن هەندێ لە ئەندامانیانەوە دەکرێت.

بۆچوونی من ئەوەیە کە دەوڵەتخوازەکان لە ئێستادا دوو بژاردەیان لەبەردەستە:

یەکەم، دەتوانن یان لە ڕێگای بەشداریکردن و پەیوەستبوونی ڕاستەوخۆ بە حیزبەکانەوە یاخود لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی تەیفی دەوڵەتخوازی نێو حیزبەکان هەوڵ بدەن کاریگەری لەسەر گوتاری حیزبەکان دابنێن.

دووەم، دەتوانن تەرکیزیان لەسەر حیزبەکان لابەن و لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەنە بەردەنگی خۆیان. من وای بۆ دەچم کە حیزبەکان ئەوەندە هەلپەرست هەن کە ئەگەر بەو قەناعەتە بگەن کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان دەوڵەتخوازن نەک هەر بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن بەڵکوو لەبنەڕەتدا خۆیان دەکەنە خاوەنی ڕاستەقینەی ئایدیای دەوڵەتخوازی. هەلپەرەستنی ئەگەر لە شوێنێکدا مانای ئەرێنی یا پۆزەتیڤی هەبێت ڕێک لەو شوێنانەدایە.

دەوڵەتخوازەکان نابێ زۆریش ئارمانی بیر بکەنەوە. ئەگەر حیزبییەکان کەڵکاژۆ لەو قسەیەم وەرنەگرن و دواتر نەیکەنە بەڵگە لەسەر هەر کەسێک کە پێشنیارێکی دڵسۆزانەی بۆیان هەبوو، دەتوانم بڵێم لەڕاستیدا لە جیهانیشدا وا نییە کە هەرکەس هەڵگری بیرۆکە و پێشنیارێکی باش بوو یاخود تەنانەت کۆدەنگییەک هەبێت کە کەس یان کەسانێک تێگەیشتنێکی توکمەتریان سەبارەت بە بابەتێک (تەنانەت ئەگەر پێوەندی بە چارەنووسی نەتەوەکەیانەوە هەبێت)، سیاسەتوانان حەتمەن ڕوویان لێ بکەن و وای دەرخەن گرنگی بە بۆچوونەکانیان دەدەن.

ئەمە تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکاشدا هەیە؛ سەرباری ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سیاسەتێکی بە تەواوەتی ڕیالیستیانەیە، بەڵام کەمتر سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا حەزی لەوەیە وەک ڕیالیستێک ناو ببرێت. ڕەنگە ئەوەش لەبەر بە هەڵە تێگەیشتن لە ڕیالیزمی سیاسی بێت کە وەک ڕێبازێکی نائەخلاقانەی سیاسەتی نێونەتەوەیی وەسف کراوە. جا ئەگەر کەسێک داهێنەری جۆرە ڕیالیزمێکیش بێت کە بە هێرشبەرانە ناو دەبرێت، ئیتر چەندەش ڕوانگە و بۆچوونەکانی کاریگەر بن ڕەنگە هەرگیز وەک ڕاوێژکارێکیش پرسی پێ نەکرێت. پێدەچێت مێرشایمێر کە لە ئێستادا بە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەرجەستەترین بیرمەندانی ڕیالیزم لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەناسرێت و تیۆرییەکەی زیاتر لە هەر وڵاتێک بۆ ڕوونکردنەوە و شرۆڤەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەکارهێنراوە گونجاوترین نموونە بۆ ئەم باسەم بێت. مێرشایمێر خۆی دەڵێت بە درێژایی هەموو تەمەنی هیچ سیاسەتوانێکی ئەمریکا بۆ هیچ پرسێک ڕاوێژیان لەگەڵ نەکردووە. بەڵام ئێمە دەزانین کاریگەری و قۆرسایی بۆچوونەکانی مێرشایمێر لە نێو سیاسەتزان و سیاسەتواناندا بە ڕادەیەکە کە ئەستەمە تیمێک سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بن، بەڵام شارەزای بۆچوونەکانی مێرشایمێر سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتانی زلهێز نەبن.

بێگومان ئەمەم تەنیا وەک نموونەیەک هێناوەتەوە سەبارەت بە کاریگەریی ئایدیا و بۆچوونەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵات تەنانەت بەبێ بەشداریپێکردنی خاوەن ئایدیا لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکاندا.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *