واقێعبینی ئەمریکا و وەهمەکانی ئێران
ئەگەر دوای شیکاریی ناوەڕۆکی نووسراوە و لێدوانەکانی بڕیاردەرانی ئەمریکا و لە دیدی دەسەڵاتدارانی ئەو زلهێزەوە سەیری کۆماری ئیسلامی و وڵاتی ئێران بکەیت ئەو ڕژێمە و وڵاتەکەیان “بچووک” ناکرێنەوە یان وەک “هیچ” سەیر ناکرێن؛ بگرە دەکرێت وەک ئەوەی هەیە بیانناسیت. بە خوێندنەوەی نوخبە دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتداری وڵاتێکە لە جوغرافیایەکی بەرین و ستراتیژیکدا. خاوەن هێزێکی مامناونجی لە ئاستی ناوچەییە [نە هێزێکی وردە و نە جیهانی] و خاوەندارێتی ڕێژەیەکی باش لە سەرچاوەکانی وزە و ڕێژەیەکی کەمتر لەو پۆتانسیێلە لە توانای ئابووری، سیاسی و سەربازی دەکات و توانیویەتی بە پشتبەستن بەو فاکتەرانە هەوڵی تێکدەرانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە دژی تەکووز و سیستەمی دڵخواز و بە گشتی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بدات. دەستی بەسەر هەندێ تێپەڕگەی وشکانی و کەنداوە هەستیارەکاندا گرتووە کە هەرچەندە بە شێوەی کاتیش بێت دەتوانێت ئاسایشی بازرگانی ناوچە و ڕەنگە جیهان بخاتە مەترسییەوە؛ هەروەها لایەنگری ڕادیکالیزمی سیاسی-ئیسلامی و پاڵپشتی و پشتگیری دارایی-چەکداری گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بکات و بۆ دزەکردن و نفوزی خۆی لانیکەم لە وڵاتانی دەوروبەر کەڵکیان لێ وەربگرێت. هەروەها لە دیدی ئەمریکاوە تاران یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرنەگرتن و سەرنەکەوتنی ڕێگەچارە پێشنیارکراوەکانی سەرۆکە جیاوازەکانی کۆشکی سپی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین- ئیسرائیل. بە وتەی ئەوان، تاران وڵاتێکی یاخییە کە گرینگی بە بەها و بایەخە جیهانییەکان نادات و زۆرینەی خاڵەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات. جگە لەوانە بە هەوڵەکانی بۆ درووستکردنی مووشەک لە ئێستادا دەتوانێ لە “تەلئەبیب”ەوە تا “ڤەرشۆ” و بە کۆششتی تامەزرۆیانەی بۆ درووستکردن و دەسپێڕاگەیشن بە چەکی ئەتۆمی دەتوانێت نەک هەر ئاسایشی نیشتمانی دراوێسکانی بەڵکوو ئاسایشی نێونەتەوەیی و جیهانی بخاتە مەترسییەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی سەرکردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمە تەحەدایەکی واقیعییە و پێویستە لە ڕێگای سیاسەتی پراگماتیستی سنووردار بکرێت.
وەک دەزانین هەر بەپێی ئەو خوێندنەوە ڕاستیوازانە واشنتۆن هەوڵی داوە سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر ئێران لە ناوچە و لە ئاستی جیهانیدا دابڕێژێت؛ گەمارۆ و ئابڵۆقەی بەسەردا بسەپێنێت، لە ڕووی سیاسی-ئەمنییەوە سیستەمی ناوچەیی لە دژی پێک بهێنێت و لە ڕووی سەربازییەوە بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی ئێران بۆ نموونە هەندێ سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی لە شوێنە پڕمەترسیدارەکاندا جێگیر بکات. بەرپرسانی کۆشکی سپی باسی ئەوە ناکەن کە ئێران بێ توانایە و ناتوانێ مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە درووست بکات. جاری وا هەیە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکی خۆی و ئێران و هەروەها بە هەڵسەنگاندنی گۆڕانکاری و پێداویستییەکانی لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا بڕیار دەدات ڕێژە و ژمارەی هێزەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان کەنداو کەم بکاتەوە و کاتی واش هەیە بەپێویستی دەزانێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای پاسداران و لقوپۆکانی قەبارەی هێز و کەلوپەلی سەربازی لە ناوچەکە زیاد بکات. ئەوکاتانەش کە بە پێویستی بزانێت باس لە بژاردەی سەربازی دەکات و ئەگەر هەست بکات قازانجەکانی لە تێچووەکانی زیاترە ئەوکات وتووێژ و گفتوگۆ بە گونجاوترین مکانیزمی سنووردارکردنی هەوڵەکانی ئێران دەناسێنێت. لەوەش ئاگادارین جار هەبووە هاوکات کە ئێرانی وەک وڵاتێکی یاخی و شەڕئەنگێز لە پاڵ سووریا و کۆبا و کۆریای باکوور دەستەبەندی کردووە لە وڵاتانێکی وەک عێراق بۆ پاراستنی گیانی سەربازەکانی و لە ئەفغانستان بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ناتۆ لە ڕێگەی خاکی ئێرانەوە لە تاران نزیک بووەتەوە.
بەڵام ئەگەر لە چاویلکەی کۆماری ئیسلامییەوە و دوای شیکاریی ناوەڕۆکی نووسراوە و لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئەو ڕژێمە سەیری جیهانی دەوروبەر و ئەمریکا بکەیت وا دەزانی ئەکتەرێک بە ناوی ئەمریکا هەر نەماوە: لە ئەفغانستان بە دەستی تالیبان شکستی هێناوە و دەرچووە، لە عێراق لە دەستی میلیشیاکان هەڵهاتووە، لە کەنداوی فارس چیدیکە هیچ توانایەکی نەماوە، لە ڕووی سەربازییەوە نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی لە ئەفریقا بگات، لە کێبڕکێ لەگەڵ چین و ڕووسیا تا ئێستا لایەنە دۆڕاوەکەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی خۆی بە تەواوەتی لە دەست داوە، لە ئوکرانیا چەقیوە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وڵاتی چین و کۆریای باکوور تەنگیان پێ هەڵچنیوە. جگە لەوانەش، تەنانەت لەو بەشەکەی دیکەی گۆی زەوی لە ئەورووپا، هاووڵاتیانی ئەورووپا خوازیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتەن، لە کۆریای باشوور دوای ئەوەی خەڵک زانویانە تیشکی ڕادارەکانی تایبەت بە سیستەمە دژە مووشەکییەکان بۆ سەلامەتی و تەندرووستی دانیشتوانی شارێک زیانی هەیە خەڵک خوازیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکان، لە ژاپۆن بە هۆی هەڵسوکەوتی ئەندامانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ ژنان چیدیکە خەڵک مەیلیان بۆ هاوکاریکردنی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا لە بواری سەربازی و دابینکردنی ئاسایش نییە، لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات لەمێژە هاوپەیمانێکی ئەوتۆی بۆ نەماوەتەوە؛ بە خوێندنەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بێت پێشتریش واشنتۆن بەرامبەر ڤێنزۆئێلا چۆکی داداوە چونکە سزا و گەمارۆکانی دژی ئەو وڵاتە ئەنجامێکی خوازراویان نەبووە. لە شیکارییە ئابوورییەکانیاندا دەخوێنینەوە کە دۆلار پێگەی خۆی لە بازرگانی جیهانیدا لە دەست داوە و لەنێوخۆ ڕێژەی بێکاری و نرخی هەڵاوسان زیادیان کردووە. هەوڵەکانیشی بۆ سزا و گەمارۆی ئێران بەتەواوەتی شکستیان هێناوە. من هیچ یەک لەو ڕستانەم لەخۆوە نەنووسیوە و هەر هەموویان دەتوانن بە گەڕانێک لە گووگڵ بدۆزنەوە و بخوێننەوە. بەگشتی بەو جۆرەی ساڵی پار حوجەتولئیسلامێک وتی ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا لە ئێران شکستی خواردووە و وەک حەداد عادل لەم ڕۆژانەدا وتوویەتی لە هەموو ئەو ساڵانەدا ئەمریکا [لە ناوچە] هەر تووشی شکست بووە! ئەمە “دنیای خەیاڵی”ی ئەوانە.
بەڵام وەک دەزانین لە “دنیای ڕاستەقینە”دا هۆکاری سەرەکیترین کێشەکانی وڵاتەکەیان هەر ئەمریکای “ڕووخاو” و “شکستخواردوو” و “هەڵهاتوو”ە. هەر واشنتۆنە قورسترین سزا و ئابڵۆقە و گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران بە ڕادەیەک کە تەنانەت ئاسایشی خورد و خوراکی خستووەتە مەترسییەوە و وای کردووە لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی وزە و نەوت و گاز، بەشێک لە خەڵک توانای کڕینی تەنانەت پێستی مریشکیان بۆ تاموبۆندان بە چێشتەکانیان نەبێ. هەر ئەمریکایە ئەم گەورەترین قەیرانە ئابوورییەی ئەم ساڵانەی دوایی ناوەتەوە و هەر ئەویشە ڕێگری لە بازرگانی و مامەڵەی وڵاتانی پێشکەوتوو لەگەڵ ئێران کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی سەرمایەگوزاری لە کەرتە جیاوازەکاندا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی. هەر ئەو شکستخواردووەیە کە ڕێگە نادات زیاتر لە هەشت ساڵە تاران یەک لە چواری نەوتی خۆی هەناردە بکات؛ هەر ئەویشە ڕێگرە لە چوونی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بۆ ئێران. ئەویشە ناهێڵێت هێزی ئاسمانی ئێران خۆی مودێڕن بکاتەوە و هەر ساڵە چەندین فڕۆکەیان داکەون و [لە مانۆڕە ئاسمانییەکان لەگەڵ خۆیاندا] چەندین کوژراو و بریندار تۆمار بکەن. ئەمریکای شکستخواردوو لە هەموو بوارەکاندایە کە دەستی بەسەر پارە و داراییەکانی ئەو ڕژێمەدا گرتووە و هەر کاریگەری سزاکانی ئەویشە نرخی هەر دۆلارێکی تا نزیکەی پەنجا هەزار تمەن بەرز کردووەتەوە. هەر ئەو هەڵهاتووەیە ڕێگە نادات ئێران سیستەمی هێژمۆنیکی دڵخوازی خۆی لە ناوچە و بە تایبەت لە کەنداوی فارس بچەسپێنێت، ئەوە ڕێگە نادات تاران لە ئێستادا یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی خۆی [حەماس] لە مەترسی تەفروتوونابوون و لەنێوچوون بپارێزێت. هەر ئەمریکای بێ هاوپەیمانە لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی هاوردە و هەناردەکردنی کاڵا و هەر خۆشیەتی پشکی ئێرانی لە بازرگانی جیهانی تا نزیکە سیفر دابەزاندووە. تەنانەت هەر خودی خۆیان باس لەوە دەکەن کە فشارەکانی ئەمریکا تەنانەت لەسەر سەقامگیری نێوخۆیی، خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی نێوان خەڵک و دەوڵەت، ڕەزامەندیی گشتی، گەشەی سیاسی، هیوای کۆمەڵایەتی، بەشداری گشتیی خەڵک لە پرۆسەی سیاسی، متمانەبەخۆیی و شکۆی نەتەوەیی، کوالیتە و چۆنێتی ژیان و سرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەری هەبووە. دواجار هۆکاری ئەو کێشانە و کەوتنە مەترسی ئاسایشی نیشتمانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاسایشی کلتووری و بە گشتی هۆکاری کێشە ورد و دروشتەکانی ئێران، هەر شەیتانی گەورەیە. ئەوەی کە پەیتاپەیتا جاڕی شکست و نەمانیشی لێ دەدەن.
کە سەیر ئەکەیت، بەپێچەوانەی تازەپێگەیشتووەکان ئەمریکای زلهێز نەک هەر دوژمنەکانی بچووک ناکاتەوە بەڵکوو وەک خۆیان دەیانناسێنێت. بگرە جار هەیە بەمەبەستیش گەورەیان دەکاتەوە، وەک چۆن کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو کە ئەرتەش و سوپای سەدام بە یەکێک لە ترسناکترین و بەهێزترین ئەرتەشەکان بناسرێت و لە ماوەی ۲۱ ڕۆژدا ئاسەواری لێ نەهێشت. وەک چۆن قاسم سولەیمانی هێندە گەورە و ترسناک کردەوە کە کەمتر کەسێک لە ناوچە هەبوو خۆفی لێ نەنیشتبێت بەڵام کە ئیرادەی کرد وەک کایەی کۆمپیۆتەری لە چرکەیەکدا برژاندی. لەبیرمان نەچێت ئەمریکا لانیکەم لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکاندا و دوای داڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت تووشی کێشەی نەبوونی “دوژمن” و هەر بەو پێیە تووشی کێشە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی ببوو!
ڕاستە لە سیاسەتدا باو نییە کە لایەنێک باس لە بەهێزبوون و بەتوانبوونی ڕکابەر یان دوژمنەکەی بکات. تەنانەت کاتێکیش کە کەلێنی هێز و ناهاوسەنگی ئەوەندە زۆر و زەق بێت کە نەکرێ باس لە “باڵادەستی خۆ” بکرێت، لانیکەم لاوازترەکان هەوڵ دەدەن دۆخی لایەنی بەهێزتر قەیراناوی بنوێنن. ئەمە ئاساییە؛ نائاسایی ئەوەیە کە ئەو پڕۆپاگەندەیە ببێتە بنەمای درووستبوونی “دنیایەکی خەیاڵی” کە سیاسەتەکانیش بەپێی پێداویستییەکانی ئەو دنیا خەیاڵییە داڕێژێن.
*
هەڵبەت پێموایە ئەم باسە دەکرێت سەبارەت بە خۆشمان بکرێت. هەر بەو پێیە [بە بۆچوونی من] ئەوە درووست نییە کە هەندێ لە بەرپرسان و کاربەدەستانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە نووسراوە و لێدوانەکانیاندا باس لە کۆتایی و شکستی کۆماری ئیسلامی لە هەموو پلانەکانیدا دەکەن. من بینیومە لێکدانەوەی بەرپرس تا ئاستی قسەی کۆڵانان دابەزیوە: “…وەک دەڵێن ڕووخاوە بەڵام کەس نییە کۆی بکاتەوە”؛ بە قسەی ئەوان بێ، هەموو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتیش ئەوانەی لە دژی ئەوان ئەنجام دەدرێن وەک مووشەکباران، تیرۆری پێشمەرگە و ئەندامانیان و باقی چالاکان و گوشارە هەمەلایەنەکانی بۆ چەککردنیان و دەرکردنیان هەر هەمووی یەک هۆکاری هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕژێمە ڕووی لە نەمان و ڕووخانە. پێویست ناکات باسی ئەوە بکەم کە تێزی “قەیرانی نێوخۆیی و شەڕی دەرەکی” گریمانەیەکی باو بەڵام نەسەلمێندراوە. ئەوە تێزێکەکە کۆماری ئیسلامیش بەردەوام دەیڵێت و دەڵێت هەموو دەستتێوەردانە دەرەکییەکانی ئەمریکا بە داپۆشینی قەیرانە نێوخۆییەکانیتی. تەنیا دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئەو بەرپرسانە دەیڵێن ئەگەر هەمووشی پڕۆپاگەندە بێت باش نییە چونکە دواجار ڕووبەڕووی ڕستەیەکی لەم جۆرەت دەکاتەوە: “هەر ڕووخا و هەر نەڕووخا”؛ ئەگەریش گریمانە یاخود لە خراپترین حاڵەتدا باوەڕێک بێت، ئەوا بێ پلانی و ناچالاکی لێ دەکەوێتەوە و زۆریش مەترسیدارە. هەوڵ دەدەم ئەگەر مەجال هەبوو لە کورتە نووسراوەیەکدا دواتر لەسەر ئەوە بدوێم. بێگومان مەبەستیشم زیاتر گرینگی پرسی “دوژمنناسی” دەبێت کە ئێستا وردە وردە وەک زانستێک سەیری دەکرێت، نەک ئەگەرەکانی مان و نەمانی ئەو ڕژێمە. کەم نین ژمارەی ئەوانەی کە لە جیهانی ئێستادا ئامۆژگاری دەکەن: “دوژمنەکەت بناسە و شەڕەکە ببەوە”. لەڕاستیشدا ناسینی دوژمن، فاکتەرێکی هەرە گرینگە لە سەرکەوتن یاخود دۆڕاندا. سان تێزۆ ستراتێژیستی بەناوبانگی سەدەی پێنجەمی پێش زایین لە کتێبە بەناوبەنگەکەیدا “هونەری شەڕکردن” دەڵێت: “ئەگەر خۆت و دوژمنەکەت بناسیت پێویست ناکات هیچ نیگەرانییەکت لە [ڕوودانی] سەدان شەڕیش هەبیت. ئەگەر خۆت بناسی و دوژمنت نەناسی، بەرامبەر هەر سەرکەوتنێک تامی شکستێکیش دەکەیت. ئەگەر نە خۆت بناسیت و نە دوژمنت لە هەموو شەڕەکاندا دەدۆڕێیت”
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!