زنجیرەی پلەوپایەیی پێداویستییە مرۆییەکان و دۆخی هەرێمی کوردستان
ئابراهام هەرۆڵد مەزلۆ دەروونناسی مرۆڤگەرای ئەمریکایی تیۆرییەکی ناسراو و بەناوبانگی هەیە بەناوی “زنجیرەی پلەوپایەیی پێداویستییە مرۆییەکان”. بە کورتی تێگەیشتنی من لەو تیۆرییە [ئەگەر درووست بێت] ئەوەیە کە داڕێژەرەکەی دەڵێت مرۆڤ مەیل و خواستێکی خۆڕسک و سرووشتی بۆ خۆپشکووتوویی یان خۆبەدیهێنان هەیە. خۆبەدیهێنان بە واتای بوون بەوەی یان بەو کەسەی کە دەیەوێت. بەڵام بە پێی زنجیرەی پلەوپایەیی پێداویستییەکان پێویستە پێش خۆبەدیهێنان هەندێ پێداویستی دیکەی مرۆڤ -وەک پێشمەرج- دابین ببن. بەو مانایە کە پێویستە بە پلەی یەکەم پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین ببن بۆ ئەوەی بتوانرێ باس لە باقی پێداویستییە باڵاکان بکرێت. لە ڕوانگەی ئەو بیرمەندەوە زنجیرەی پێداویستییەکان بریتین لەوانەی خوارەوە:
-پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکان کە بریتین لە خورد و خوراک، جلوبەرگ، ماڵ و خانوو، خەو و سێکس.
– پێداویستییەکانی ئاسوودەیی یان ئەمن و ئاسایش کە بریتین لە پارێزراوی و نەبوونی ترس لەسەر گیان و ماڵ و بە گشتی ئەرخەیانی لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی. ئاشکرایە ئەم پێداویستیانە و پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکان وەک پێداویستییە سەرەتاییەکان دەناسرێنەوە، چونکە پەیوەندییان بە ژیان و مانەوەی مرۆڤەکانەوە هەیە.
-پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان یان وەک هەندێ دەڵێن پێداویستی ئینتما و ئەوین. کە بریتین لە ئینتما بۆ هاوڕێیان و خێزان، پەیوەندی ئەویندارانە، بەشداربوون لە باقی گرووپ و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان.
– پێداویستی ڕێز و ڕێزلێنان و شکۆمەندی کە بڕیتین لە [بۆ نموونە] سەرکەوتن، لێهاتوویی، سەربەخۆیی، پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕێزلێگرتن.
– پێداویستی خۆپشکووتوویی یان خۆبەدیهێنان کە پەیوەندی بە بەدیهاتنی ئاوات و ئارەزووەکانەوە هەیە؛ باڵاترین قۆناغە چونکە پەیوەندی بە باڵاکردنی کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەوە هەیە. وەک پێشتر وتم قۆناغی بوون بەو کەسەی کە مرۆڤ دەتوانێ و دەیەوێ ببێ.
دەبینین کە لەم زنجیرەیەدا و بەپێی بۆچوونەکانی مەزلۆ هەر پێداویستییەک پێشمەرجی ئەوی دیکەیە؛ کاتێک پێداویستییەک دابین بوو باس لە پێداویستییەکانی تر دەکرێت. لە هەر قۆناغێکی ژیانیشدا بەشی زۆری وزە و تواناکانی تاک -مرۆڤ- بۆ دابینکردنی یەکێک لەو پێداویستیانە تەرخان دەکرێت و مێشک و زەینی بە بەدیهێنانی یەکێک لەو پێداویستیانە سەرقاڵ دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوەیە کە دەوترێت پێداویستییەکان پاڵنەری چالاکییەکان و ڕەفتاری مرۆڤن.
بەم ئاماژە کورتە بەو تیۆرییە گرنگ و بەرجەستە و بەناوبانگە تەنیا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەبۆچوونی من دەکرێت ئەو تیۆرییە – کە دواتر لە لقەکانی تری زانستە مرۆییەکان پێشوازی لێ کراوە- بۆ نەتەوەکانیش وەک مرۆڤەکان بەکار بهێنرێت. من ئێستا ئیتر هەر کات هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژانەی ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و سەردێڕی هەواڵەکانی ڕۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەخوێنمەوە خۆبەخۆ بیری ئەو تیۆرە دەکەومەوە.
کاتێک باسی پێدانی مووچەی خەڵک کە سەرەتاییترین ئەرکی هەر حکوومەتێک و سەرەتاییترین پێویستی مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵگەیەکە دەبێتە هەواڵی بەپەلە و شیاوی مزگێپێدان و ئەوەش نەک بە ڕۆژان و تەنانەت مانگان بەڵکوو بە ساڵان بەردەوامە،ئیدی سەخت نییە قایل بیت کە سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بە دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانەوە هەوڵێکی ستراتیژیانەیە کە [بە بۆچوونی من بێگومان] تێکەڵاوێک لە پلانی داگیرکەر و ناکارامەیی حوکمڕانی لە هەرێم هۆکاری ئەو دۆخەیە.
ئاخر ئاسایی نییە لە کات و ساتێکدا کە سەردێڕی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکان و ناوەڕۆکی لێکدانەوە و شیکارییەکانی نوخبەکانی بەهێزترین وڵاتانی ناوچەش سەرەتا خۆئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکان و دواتر هەوڵدان بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاترە، ناوەڕۆکی ڕاپۆرت و سەردێڕی هەواڵەکانی نیمچە هێزێکی وەک هەرێم کە -وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد- بە دەیان جار بووەتە قوربانیی جەنگ و پێکدادانە ناوچەیی و هەرێمییەکان هەر مزگێنی هاتن و پێدانی مووچە بێت. باسی هاتن و نەهاتنی مووچە [کە وەک وتم مافێکی هەرەسەرەتایی خەڵکی هەر کۆمەڵگەیەکە] بە ڕادەیەک سیاسەتوانان و ئەندامانی کۆمەڵگەی سەرقاڵی خۆی کردووە و خواست و ئاواتەکانی بچووک کردوونەتەوە کە دوورە بتوانن بیر لە قۆناغەکانی دیکە و پێداویستییە باڵاکان بکەنەوە. تۆ سەیری ئەونەهامەتییە کە چۆن هەواڵنێرانی هەرێم بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە مووچە کێبڕکێیانە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوانەیان زووتر هەواڵی پێدانی مووچە بڵاو بکەنەوە زیاترین لایک و خۆشەویستی کۆ دەکەنەوە. بێ هۆ نییە ئەگەر بۆ نموونە بتەوێت وتارێک لەسەر ستراتیژییەکانی خۆبەهێزکردنی سەربازی یاخود تەنانەت سەبارەت بە گەشەکردنی ئابووری هەرێم لە داهاتوودا بنووسیت، دەبیتە مەزە و قەشمەڕیت پێ دەکرێت! پێموایە تیۆرییەکەی مەزلۆ بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی یارمەتیدەر بێت. ئەوانەی خوێندنەوەیان لە بواری پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگە و وڵاتان هەیە ڕەنگە لەم بارەوە زانیاری و قسەی زیاتریان هەبێت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!