هێرشەکانی ئیسرائیل و تەنگاڤی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامی
پێشتر ڕەوتێک لەنێو باڵی ڕاستەکانی ئیسرائیل هەبوونی ڕێکخراوی “حەماس”یان وەک دەرفەتێک بۆخۆیان و جێبەجێکردنی پلانەکانیان دەزانی، ئەگەر دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل ئەو ڕوانگەیە بە تەواوەتی پەراوێز کەوتبێت و ئەگەر ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ئەورووپا فشار نەخەنە سەر ئیسرائیل بۆ وتووێژ سەبارەت بە ئازادکردنی ئەو هاووڵاتیانەیان کە لەلایەن ڕێکخراوی حەماسەوە دەستبەسەر و بەدیل گیراون، جووڵەکانی ئیسرائیل تا ئێستا دەرخەری ئەوەن کە وەک پێشتر بەڵێن و بڕیاری دابوو پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕێکخراوی حەماس -کە بە داعش شوبهێندراوە- بەتەواوەتی لەناوببات یان لانیکەم بە جۆڕێک سست و لاوازی بکات کە هەرگیز توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیونێکی لەو جۆرەی نەبێت. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئیسرائیل جارێ پلانی بۆ درێژدان بەو شەڕە هەیە. بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی هەندێ کەس پێناچێت کۆماری ئیسلامی خوازیاری پەرەسەندنی زیاتری ئەو شەڕە بێت. ئەمەش هۆکاری هەیە و لۆژیکییە:
ئەگەر ئەو شەڕە لە ئێستادا کۆتایی پێ بێت، کۆماری ئیسلامی وەک سەرکەوتن و وەشاندنی گورزێکی توند و قەرەبوونەکراوە لە یەکێک لە سەرەکیترین دوژمنانی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات و بۆ ماوەیەکی زۆر پڕۆپاگەندەی پێوە دەکات و دووریش نییە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بۆنە و مەراسیمی یادکردنەوەی بۆ بگرێت. ئەمە لانیکەم لە شەڕی “پرستیژ”دا شکستە بۆ ئیسرائیل. دەزانین پرستیژ[کەسایەتی/شەخسییەت] ئەوەندە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گرینگە کە بە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ دادەنرێت. لە لایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی پێکاوە کە شکستهێنان یان لانیکەم درووستکردنی بەربەست بۆ پەیمانی ئیبراهیم و بەتایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی “ڕیاز” و “تەلئەبیب” بووە. ئەمە بەو مانایە دێت کە دەستکەوتی ئێران لەو پێکدادان و شەڕەدا زیاتر دەبێت. ئەمە بۆ ئیسرائیل قورسە، هەر بۆیە دەڵێن: “حەماس شەڕەکەی دەست پێ کردووە، بەڵام ئێمەین کە کۆتایی پێ دێنین”. وەک سەرەتاش ئاماژەم کرد جووڵەکانی نیشاندەری ئەوەن پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی. ئەمە دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بخاتە دووڕێیان یان تەنگنایەکی سەختی بڕیاردانەوە.
چۆن؟
ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی هەر وا بەردەوام بێت و بەتایبەت وەک بەڵێنی داوە هێرشی زەمینی ئەنجام بدات، کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە لەناوچوون یان لاوازبوونی هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لە فەلەستین دەبێ خۆتێوەردانی زیاتر بکات. ئەمەش دەکرێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت کە ئەگەری کەمە یاخود حیزبوڵا لەو شەڕە تێوەگلێنێت. ئەگەر ئەم کارە بکات دەتوانێ لەوە دڵنیا بێتەوە کە لە داهاتوودا هاوپەیمانەکانی لەناوچە کە زۆربەشیان لە گرووپە تیرۆریستەکانن زیاتر دەتوانن لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان پشتی پێ ببەستن و متمانەی پێ بکەن. ئەمە تەنانەت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەهێزبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە کە بە بەرەی مقاومە ناسراوە. ئەمە نەک هەر بۆ ئیسرائیل بەڵکوو بۆ ئامریکا قورس دەبێت و ڕەنگە لە داهاتوودا بەرژەوەندییەکانی لە ناوچە زیاتر بکەونە مەترسییەوە. هەر بۆیە کێشە و ترسی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ ئیسرائیلن و ئامادەن لەئەگەری “خۆتێوەردان”ی لایەنێکی تر ئەوانیش بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەیان دەستێوەردان بکەن. دەکرێ بوترێت ئەمە بە جۆرێک شەڕی “ئیرادە”یشە لە نێوان تاران و واشنتۆن بۆ پاراستنی هاوپەیمانانی سەرەکی خۆیان لە ناوچەکە. ڕەنگە بە دڵی ئەمریکاش نەبێ کە ئەو شەڕە پەرە بسێنێت، بۆیە لەجیاتی هەڕەشەی قورس لە ئێران ئامۆژگارییان دەکات کە ” وا مەکەن”؛ هۆکار ئەوەیە ئەگەر ئێران دەست بخاتە سەر بژاردەیەکی ناعەقڵانی، ئەمریکا ناچارە بەرەنگاری بێتەوە. لەکاتێکدا کە بەرپرسانی تاران هوشداری دەدەن کە ڕەنگە چەندین بەرەی دیکە لە دژی ئیسرائیل بکرێنەوە، بڕیاردەرانی واشنتۆن دەستیان داوەتە ڕەوانەکردنی کەلوپەلی سەربازی و بەشێک لە هێزەکانیان بۆ ناوچە. هەر بۆیە ئەوانەی کە پێیان وایە ئەم شەڕە دەتوانێت لەوەی ئێستا کە هەیە بەربڵاوتر بێتەوە، بۆچوونەکەیان زۆر فڕوفیشاڵ و زێدەڕۆیانە نییە. بەڵام سەرباری ئەوەی کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پرسی “متمانەکردن بە هاوپەیمانان” و “جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بۆ پاراستنی هاوپەیمانان” پرسێکی زۆر گرینگە، پێناچێت کۆماری ئیسلامی بیەوێت ئیرادەی ئەمریکا تاقی بکاتەوە. ئەم بۆچوونە وا دەکات چاوەڕوان بیت ئیسرائیل لەسەر ئیفلیجکردنی حەماس پێداگر، ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ غەزە زۆر و ڕاستەقینە و ئەگەری خۆتێوەردانی زیاتری کۆماری ئیسلامی کەم بێت. ئەمەش دەتوانێت سەرەتای تێچووەکانی کۆماری ئیسلامی بێت و کاریگەری نیگەتێڤ و نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانانی لە داهاتوودا دابنێت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!