ئۆپەراسیونی پێشگیرانە و پێشدەستانەی ڕژێم دژ بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوای هێرشی “پێشدەستانە”ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراقی سەدام (۲۰۰۳) کەمتر وڵاتێک لە جیهاندا هەبووە هێندەی کۆماری ئیسلامی دژایەتی ئۆپەراسیونی “پێشگیرانە” و “پێشدەستانە” بکات. نەک هەر لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراوی سیاسیدا، تەنانەت محەممەد جەوادی زەریف کە ئەوکات نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، وتارێکی چڕ و پڕی لە گۆڤارێکدا سەبارەت بە تەحداکردن و ڕەتکردنەوەی ڕەوایی هەرجۆرە هێرش و پەلامارێکی پێشدەستانە نووسیوە کە ئەسقەزا مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێ بەندی یاسای نێونەتەوەیی وەک بنەمای ئارگیۆمێنتەکانی وەرگرتووە.
بەڵام هەر ئەو ڕژێمە داگیرکەرەی بەشێکی کوردستان، لەم ساڵانەدا هەوڵی داوە بەردەوام بە گەڕانەوە بۆ ئەو چەمکانە ڕەوایی بە پەلامار و هێرشە (تیرۆریستییەکانی) بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بدات؛ هەر بۆیە دەبینین دوای هێرشەکانی لە ڕاگەیەندراوەکانی سپا و لە نامەکانیدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕژێمدا پەیتاپەیتا ئاماژە بەو دەستەواژانە کراوە.
ئۆپەراسیونی “پێشدەستانە” و پێشگیرانە لێک جیاوازن: لەکاتێکدا لە ئۆپەراسیونی “پێشدەستانە”دا جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی مەترسی یان هەڕەشەیەکی خێرا و حەتمی دەکرێتەوە کە هەست دەکرێت کات بۆ وەڵامدانەوەی کەم و بەرتەسکە، لە ئۆپەراسیونی “پێشگیرانە”دا جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوە و لەنێوبردنی مەترسی و هەڕەشەیەک دەکرێت کە هەستی پێ دەکرێت و ئەگرییە و کات بەرتەسک نییە و دەکرێت لە ماوەیەکی فراوانتردا پلانی لەنێوبردن و پووچەڵکردنەوەی داڕێژیت. بەڵام لە هەردووکیاندا ئامانج هەر یەکە: لەنێوبردنی هەڕەشەی حەتمی یان ئەگەری و هەستپێکراو. سەرەڕای ئەو جیاوازییە، هەندێجار لەجیاتی یەکتر بەکاردەهێنرێن. وەک ئەوەی بەرپرسانی ڕژێم (سەیری وێنەکانی خوارە بکەن).
خودی ئەم ئۆپەراسیونانە کاتێک جێبەجێ دەکرێن کە لایەنێک “پەلاماردان” وەک “بەرگری” پێناسە بکات. کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی پێشتریش وەک ئەکتەرێکی یاخی و شەڕەنگێز بەردەوام پەلاماری داوە، بەڵام نزیکەی چوار مانگ دوای یەکەم هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات، لە سەرەتای زستانی ۱۳۹۷، بە ئاشکرا ئەو ستراتیژییە ڕاگەیاند؛ ئەو کاتەی کە محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی ئەوکاتی سوپای پاسداران لە کۆتاسەتەکانی بەڕێوەچوونی مانۆڕێ “پیامبر اعظم ۱۲” لە قشم، وتی ” تاکوو ئێستا ستراتیژیی ئێمە بەرگریکارانە بووە، بەڵام پێدەچێ پێویست بێت لەمەبەدوا ئامادەی پەلاماردان و ڕاوەدۆنانی دوژمن بین”. هەمان ڕۆژ، محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی ڕژێم، وتی:” بنەمای ستراتیژی ئێمە بەرگریکارانەیە، بەڵام لە ئاستی تاکتیک و پراکتیکدا پەلاماردەرانەیە… باشترین جۆری بەرگریکردن، هێرشبردنە. کاتێک دوژمن ویستی و خواستی دوژمنکارانەی بەرامبەر وڵاتەکەمان هەبێت، پێویستە پەلاماری بدەین، هەر ئەم پەلامارە سەرەکیترین [جۆری] بەرپەرچدانەوەیە Deterrence”.
ئەوە بە ئاشکرا بەو واتایە بوو کە وەک ستراتیژییەک “پەلاماردان” وەک “بەرگری” سەیر دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا دەکرێت ئۆپەراسیۆنی “پێشگیرانە” و “پێشدەستانە” ئەنجام بدرێن. بوویە دەکرێت بۆ هێرشە مووشەکییەکان و هەڕەشە و گوڕەشەکان سەبارەت بە هێرشی زەمینی بۆ سەر حیزبەکان لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەی داگیرکەریشدا لێکدانەوە بکرێت.
لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو ستراتیژییەدا لە وتارێکدا لە “کوردستان میدیا” نووسیم: “ئەو سیاسەتە بە ئاشکرا دەرخەری ویستی ئێران بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئۆپەراسیونی “پێشگیرانە”ی زیاترە. …ئامانج لە ئۆپەراسیونی پێشگیرانە ئەوەیە کە نابێ ڕێگە بدرێ بەرهەڵەستکاران ئەوەندە هێز بگرن کە بوێری ئەنجامدانی ئۆپەراسیونی تەحەداکارانەیان هەبێت، بەڵکوو پێوستە بە ئۆپەراسیونی پێشوەختە، هەوڵی لەنێوبردنیان بدرێت… ئۆپەراسیۆنی پێشگیرانە، وەڵامێکە بۆ مەترسییەکی هەستپێکراو و ئێحتماڵی (نەک خێرا و لەناکاو)، بەو هیوایە کە سەرچاوەی هەڕەشەکە لەنێو بچێت یان ئەوەندە لاواز بێت، کارکردی چاوەڕوانکراوی خۆی لە دەست بدات…. بە خوێندنەوەی ئەوان دوژمنان نابێ ئەوەندە هێز بگرن کە ببنە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ڕژێم. بۆیە پێویستە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیونی پێشگیرانە، بە تێچوویەکی کەمتر، تواناکانی دوژمن لەنێو بەرن…. سەبارەت بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، یەکێک لە ئامانجەکان دەتوانێ ئەوە بێت کە دڵساردی و بێ هیواییەک لەنێو لایەنگران و ئەندامانی حیزب درووس بکەن، سەبارەت بەوەی کە تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیش توانای خۆبەهێزکردن و خۆتەیارکردنیان پێ نادرێت…”
وای بۆ دەچم بە شیکاریی لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانی خودی ڕژێم بێت، ئێستاکەش ناکرێت لێکدانەوە بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێت، بەڵام ئاماژە بەو ستراتیژییە نەکرێت. هەر لەو کاتەوە دەبوایە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت حدکا کە زیاتر لە باقی حیزبەکان جەختی لەسەر ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە لە شاخ دەکردەوە، زێدەتر لە هەموو دوژمنانی کۆماری ئیسلامی خۆیان ئامادەی بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا بکردایەت.
بۆچوونی من ئەوەیە کە بێگومان ئەوکات [ ئێستاش] حیزبەکانی ڕۆژهەڵات مەترسی خێرا و حەتمی بۆ سەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی نەبوون، لانیکەم مەترسییەکیان لە ڕووی سەربازییەوە بۆ درووس نەکردووە -چ لەبەر ئەوەی کە نەیانتوانیوە یاخود بڕوایان بە شێوازێکی تری خەبات بووە- کە هەڕەشە بێت لەسەر مانەوەی (ئەمە خۆی سەلمێنەری ناڕەوایی پەلامار و ئیدیعاکانیەتی) بەڵام بڕیاردەرانی ئەو ڕژێمە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکاتی جیهان و ناوچە و بەپێی پێشبینییەکانیان و هاوکات مەترسییەک کە لە داهاتوودا و لە ئەگەری بەهێزبوونی “پێشمەرگەی شاخ” هەستیان پێدەکرد، جۆرێک مەترسی دوورمەودایان پێشبینی دەکرد. چوونکە لەپاڵ دۆخی نالەباری نێوخۆیی و دەرەکی ئێران، پێیان وابوو هەبوونی پێشمەرگەش لە شاخ دەبێتە مەترسییەک بۆ داهاتوو. پێشم وایە و بەڵگە هەیە لە هەموو ئەو ساڵانەدا ڕژێمی داگیرکەر سەرقاڵی خۆئامادەکردن بۆ گورزوەشاندن بوو؛ بەڵام بەئاشکرا سیاسەتی “فشاری هەمەلایەنە”ی ماوەیەک پێش سەرهەڵدانی “ڕاپەڕینی ژینا” و دوای دەستبەسەرکردنی چەند ئەندامی کۆمەڵە دەست پێکرد. دواتر دەنگی خەڵک و داواکاری بۆ چوونەوەی پێشمەرگە لە میانەی ڕاپەڕینی ژینا بۆ نێوخۆ، دەریخست تەنانەت هەبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە شاخ هەندێ چاوەڕوانی ڕەوای لەنێو خەڵک درووست کردووە و ئەوەش ترسی زیاتری خستە دڵی بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی. بۆیە خێرا بژاردەی وەشاندنی گورز” وەک پێویستییەک هاتە ئاراوە. بەم وەسفە، مووشەکبارانی حیزبەکان کە لە بنەمادا لە چوارچێوەی “پەلاماری بەرگریکارانە” و بە ڕەواڵەت بە بیانووی “دەستی دوژمنان لە سەرهەڵدانی بشێوی نێوخۆ” ئەنجام درا، جۆرێک بوو لە “لێدانی یەکەم” بەمەبەستی وەشاندنی گورزێکی خێرا، توند و خافڵگیرکەر و گوشارە سیاسییەکانی دواتر کە ئێستاکەش بەردەوامن بۆ ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوە، بەو مەبەستەی کە ئەو ڕژێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرامبەر حیزبەکان باڵادەست بێت و هەیمەنەی لەسەریان هەبێت.
هەروەها بڕوام وایە دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دۆخیان لەوەی ئێستا باشتر بوایەت؛ لەکۆتاییدا هیچکەس ناتوانێ سوێند لەسەر ڕاستی و درووستی بۆچوونەکانی بخوات، بەڵام هەموو کەس دەتوانێ گرەو لەسەر ئەوە بکات کە هیچ بوونەوەرێکی سیاسی بەبێ ناسینی سرووشتی دوژمن ناتوانێ بەرەنگاری بێتەوە و بەبێ ناسینی زانستیانەی هەڕەشە، ناتوانێ پووچەڵی بکاتەوە. بێ هۆ نییە، دوژمنناسی لەمڕۆدا زانستە. تاکوو ئێستا ناوەندێک بۆ ئەو مەبەستەم لەم نیشتمانەی ئێمەدا نە بینراوە و نە بیسراوە. ڕەنگە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانە کە هۆگری و ئیلاقەیەکی سەیرم بەم ڕستەیە هەیە: “مێژوو سەبارەت بەو سەرکردانەی ئاگاداری هەڕەشەیەکن بەڵام هیچ ناکەن و پشتگوێی دەخەن، قەزاوەت و داوەرییەکی سەخت دەکات”.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *