بزووتنەوەیەک کە بە درووشم خوازیاری فیدرالیزم بێت، بە کردە بە کەمتر لە فیدرالیزم ڕازی دەبێت
د. محەمەد حسەینزادە:
بزووتنەوەیەک کە بە درووشم خوازیاری فیدرالیزم بێت، بە کردە بە کەمتر لە فیدرالیزم ڕازی دەبێت
بۆ باسکردن لە سەر فێدڕاڵیزم کە لە کوێ و چۆن شکڵی گرتووە و هەروەها بۆ باسکردن لەوەی کە بۆچی بەشێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان فێدڕاڵیزم بۆ ئێرانی داهاتوو بە گونجاو دەزانن، “قەندیل پرێس” وتووێژێکی لەگەڵ دکتۆر محەمەد حسەینزادە پێکهێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین.
قەندیل پرێس: بۆ چوونە نێو باسەکە، بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکەین؛ بەکورتی مۆدێلی فێدڕاڵیزم یەکەمجار لە کوێ و چۆن و بۆچی شکڵی گرت؟
د. محەمەد حسەینزادە: بۆ وڵامی دوو بەشی یەکەمی پرسیارەکە واتە لە کوێ و چۆن شکڵی گرت، ڕەنگە پێویست بێت سەرەتا باس لە دەستەواژەی فیدرالیزم بکرێت کە چۆن و لە کوێ بەکارهێنراوە. بەپێی سەرچاوەکان و زانیاری من فێدرالیزم federalism لە بنەڕەتدا لە وشەی لاتینی Foedos وەرگیراوە کە بە واتاکانی پەیمان، ڕێککەوتن، گرێبەست، یەکانگیری و یەکگرتنەوە دێت. بەپێی سەرچاوەکان دەستەواژەی فۆئۆدوس/ Foedos یەکەمجار لە یۆنان و ڕۆمی باستان بەکارهێنراوە. ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بووە بۆ ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامانەی کە ئیمپراتوریەتی ڕۆمی باستان لەگەڵ یەکە سیاسییەکانی نێوخۆ یان دەوروبەر واژۆیانی دەکرد. ئەو ڕێککەوتننامانە زۆر جار لەگەڵ یەکە نێوخۆییەکان یان یەکە دراوسێ لاوازترەکان واژۆ دەکران و هەڵگری هەندێ بەڵێن بوون سەبارەت بە دابینکردنی هێزی چەکدار بۆ سوپای ئەو ئیمپراتوریەتە. هەر لەو سەردەمەدا دەستەواژەی کۆنفیدراسیونیش هەبوو کە ئاماژە بوو بۆ ئەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانە کە لەگەڵ باقی یەکە سەربەخۆکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسی لایەنەکانی تر واژۆ دەکران. کەوابوو فیدرالیزم ئاماژە بوو بۆ ڕێککەوتن یان هاوپەیمانێتی نێوان یەکە خۆجێێیەکان کە یەکەیەکیان لەوانی تر باڵادەست بوو. بەڵام کونفێدرالیزم ئاماژە بوو بۆ ڕێککەوتنی نێوان چەند یەکەی هاوسەنگ بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یەکە یان کونفیدراڵێکی (هاوپەیمانێتییەکی) تر. بەم پێیە ڕەنگە پێناسەی کونفێدراسیونی ئەو سەردەمە لە دەستەواژە یاخود چەمکی “هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی” سەردەمی ئێمە نزیک بێت. خودی سیستەمی ئیمپراتورییەتی ڕۆم تا ڕادەیەکی زۆر لە پێناسەی فیدرالی نزیک بوو، چوونکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باقی لایەنەکان کە پەیمانی لەگەڵ دەبەستن، بەهێزتر و باڵادەستتر بوو. مەبەست لەم باسە ئەوەیە کە لە ڕووی بەکارهێنانی دەستەواژەوە، فیدرالیزم مێژوویەکی کۆنی هەیە.
چەندین سەدە دواتر وڵاتی سویس دەبێتە نموونەیەکی زەقتر لە سیستەمێکی کونفیدراڵ. بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ئەو وڵاتە لە ساڵی ۱۲۹۱ی.ز خاوەن سیستەمی کۆنفێدڕاڵ بووە. لەو کاتەدا سێ کانتۆن بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی خانەدانی هابسبۆرگ پەیمانێکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد. بەپێی ئەو پەیمانە هێرش بۆسەر هەر کانتۆنێک وەک هێرش بۆسەر کانتۆنەکانی تر بوو (تا ڕادەیەک هاوشێوەی ماددەی ٥ی ئەساسنامەی ڕێکخراوی ناتۆ لە سەردەمی ئێمەدا کە هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە، هێرشە بۆ سەر هەموو وڵاتانە). هەر ئەو پەیماننامە کە دواتر چەندین کانتۆنی لەخۆی جێ کردەوە بە هەموو هەوراز و نشێو و کێبڕکێ و شەڕە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و سەرکەوتن و شکستەکانییەوە بناغەی پێکهێنانی کونفیدراسیونی سویس بوو کە دواتر لە ساڵی ۱٨٤٨دا لەژێر کاریگەری و بە ئیلهاموەرگرتن لە یاسای بنەڕەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێ کراوە و شێوازێک لە فیدراڵی لەخۆی گرت کە تا ئێستاش بەردەوامە. بناغەی ئەو پەیمانە کۆنفیدرالییەیە کە ئەمڕۆکەش وەک ڕۆژی نیشتمانی لە سویس یادی دەکرێتەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەم کاتێک باس لە یاسای بنەڕەتی و سیستەمی فدراتیوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت، باس لە قۆناغێکی نوێی دیکەیە لە مێژووی سیاسی مرۆڤایەتی و فۆرمێکی نوێتر لە فیدرالیزم.
دەزانین کە هەم شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا و هەم سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرهەمی گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی جیهان لەژێر کاریگەری هزر و ئەندێشەکانی بیرمەندانی سەردەمی ڕێنێسانس و گرینگیدان بە تاکگەرایی، زانست و کۆتاییهاتنی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بێ ڕکابەری کلێسا و جێگیربوونی نەزمی زەمینی لەجیاتی نەزمی ئاسمانی و سەرهەڵدان و گرنگیدان بە نەتەوە و شوناسی نەتەوەیی لەلایەکەوە لەجیاتی شوناسی خانەدانی و عەشیرەیی و لەلایەکی ترەوە شوناسی ئایینی و پەرەسەندنی هاوکاتی ناسیونالیزم و سیستەمی دێموکراتیانە وەک مودیلێکی حوکمڕانی کارامە و گونجاو لەگەڵ سەردەمی مودێڕن بوو. سیستەمی فیدرالیزم وەک سێستەمێکی حوکمڕانی باش کە دەرهاوێشتەیەکی جێگیربوونی دێموکراسییە، لە ڕووی تیۆرەوە ڕەنگە قەرزداری هزر و ئەندێشەکانی کەسانێک وەک ئاڵتۆسیۆس، مۆنتسکیو و پرۆدۆن بێت.
لەڕووی کردەییەوە، فیدرالیزم لە فۆرمی ئەمڕۆی خویدا وەک وتم سەرەتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ۱۷٨۷دا سەری هەڵدا کە بەپێی بڕیارەکانی کونفڕانسی فیلادلفیا ویلایەتەکان یەکیان گرتەوە و یاسای بنەڕەتی فیدرال بڵاو کرایەوە. باقی سیستەمە فیدراڵەکان بە جۆرێک لاساییکردنەوەی مودێلی فیدرالیزمی ئەو وڵاتەن گەرچی نەتەوەکانی جیهان هەوڵیان داوە ئەو مودیلە حوکمڕانییە لەگەڵ دۆخی وڵاتانی خۆیان بگونجێنن.
دواتر لە ساڵی ۱٨٦۷وە کە کانادا بووە سیستەمێکی فیدراڵ تا ئێستا زۆرێک لە وڵاتان و لەوانە نەمسا، ئاڵمانیا، نەیجریە، کامرۆن، تانزانیا، ئارژانتین، هیندستان، بڕزیل، ڤێنزۆیلا، ئوسترالیا، یەکێتی سۆڤیەت (کە فۆرمێک بوو لە فیدرالیزم)، نەیجریە، پاکستان، یوگسلاوی، مالزی، ئیمارات، ئسپانیا، بلژیک، ئافریقای باشوور و عێراق سیستەمی فیدرالیان هەڵبژارد و جێگیریان کرد. لە ئێستادا دەوترێت بە ڕێژەی لەسەدا ٥٨ی دانیشتوانی سەرگۆی زەوی لە قەوارەیەکی زیاتر لە سەدا ۷٥ی خاکی جیهاندا لەنێو سنوورەکانی وڵاتانی فیدراڵدا دەژین. ئەوە نیشانەی پێشوازیکردن لە سیستەمی حوکمڕانی فیدرالە بەهۆی کارامەیی ئەو سیستەمەوە. دیارە کە باس لە کارامەیی دەکەم دەمەوێت وڵامی بەشی کۆتایی پرسیارەکەش بدەمەوە سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئەو سیستەمە شکڵی گرت و من ئەوەی پێ زیاد دەکەم کە بۆچی پەرەی سەند. بە کورتی، کارامەیی سیستەمی فیدرالی لەوەدایە کە بۆ نموونە دەتوانێت لەکاتی سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوەکاندا ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە بخاتە بەردەست، تێچووەکانی حوکمڕانی کەم بکاتەوە، ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئیستبداد و دیکتاتۆرییەت بکات، کەمینەکان دڵنیا بکاتەوە کە لە پرۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆیان بەشدار دەبن، ڕێگایەکی نێونجییە لەنێوان توانەوە و لەنێوچوون لەلایەکەوە و سەربەخۆییخوازی لەلایەکی ترەوە کە ئەگەری شەڕ و پێکدادان زیاد دەکات، دەبێتە هۆی بەشداری سیاسی زیاتری هاووڵاتییان و ڕەوایی و مەشرووعییەتی زیاتری حکومەت و هاوکات دادپەروەری زیاتر بەهۆی بەشداری زۆرینە، ڕێگری لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند دەکات؛ هەروەها دەبێتە هۆی کێبڕکێی تەندروست لە نێوان هەرێمەکان بۆ گەشەی زیاتری وڵات. دەکرێت ئەم پێرستە درێژتریش بێت.
قەندیل پرێس: لە ئێستادا بەشێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، مۆدێلی “فێدڕاڵیزمیان” بۆ ئیدارەی ئێرانی داهاتوو پێ گونجاوە و وەکو دروشمی ستراتیجیی خۆیان هەڵیانگرتووە؛ هۆکاری ئەم بابەتە بە ڕای جەنابتان چیە؟
د. محەمەد حسەینزادە: ڕاستە بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خوازیاری جێگیرکردنی سیستەم یان پێکهاتەی فیدرالیزمن لە ئێرانی داهاتوودا. ئەوەی کە هۆکاری چییە، لەڕاستیدا پرسیارێکە کە پێویستە بڕیاردەرانی ئەو حیزبانە وڵامی بدەنەوە! من ئەگەر لە دەرەوە و وەک چاوەدێرێک بمەوێت وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەتوانم بڵێم بە لێکدانەوە و شیکاریی بەرنامەی سیاسی و ئەساسنامە و لێدوانی بەرپرسان و ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکانیان وا تێدەگەین کە بڕیاردەرانی ئەو حیزبانە پێیان وایە فیدرالیزم لە ئێستادا گونجاوترین سیستەمی حوکمڕانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکی و چارەسەرنەکراوەکانی تایبەت بە نەتەوەکان یان پرسی نەتەوەکان لە ئێراندا. ئەو بەشەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە هەوڵ بۆ جێگیرکردنی سیستەمی حوکمڕانی فیدرالی دەدەن پێیان وایە ئەو سیستەمە دەتوانێ مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکات، دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و وەک هەندێکیان دەڵێن پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە و پێشکەشکردنی ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسەکان لە ئێراندا بخولقێنێت، ڕێگری لە دەسەڵاتگرتنی دیکتاتۆرەکان و ملهۆڕەکان و شۆڤەنیستەکان لە ناوەند بکات و عەداڵەت و دادپەروەری جێگیر بکات و گەشەی هەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری بەدوای خۆیدا بێنێت. بە گشتیی پێیان وایە هەموو خاڵە بەهێزەکانی فیدراڵیزم لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دەتوانن لە ئێرانێکی فێدرالیشدا هەبن و لە ژیانی خەڵکدا ڕەنگ بدەنەوە. بە کورتی فیدرالیزمی جوغرافیایی- نەتەوەیی لە ڕوانگەی ئەوانەوە فۆرمێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و گەیشتن بە ژیانێکی عادڵانەتری کۆمەڵایەتی. هەڵبەت بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبەکانیش سیستەمی فیدرالی نەک وەک بژاردەیەکی خوازراو، بەڵکوو وەک بژاردەیەکی گونجاو لە بارودۆخی ئێستادا سەیر دەکەن و هەر بۆیە زۆرجار وەک پاساودانی هەڵبژاردنی ئەو دروشمە وەک ستراتیژی حیزبەکانیان باس لە ڕیالیستبوونی بڕیاردەرانی حیزبی دەکەن. بابەتەکە ڕوونە بۆیە زۆر ناچمە وردەکارییەوە.
قەندیل پرێس: لە ئەگەری روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چەندە ئەگەری هاتنە سەر کاری حکومەتێکی فێدراڵ لە ئارادایە؟ ئایا ئێران و پێکهاتەکەی پۆتانسییەلی هاتنە سەر کاری وەها حکومەتێکی هەیە؟
د. محەمەد حسەینزادە: وڵامی ئەو پرسیارە بەستراوەی ئەوەیە کە ئایا نەیاران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر جێگیرکردنی حکوومەتێکی فێدراڵ ڕێک دەکەون و تەوافۆق دەکەن یان نا؟! لەڕاستیدا من لە ئێستادا بە نیسبەت ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە و دامەزراندنی وەها حکوومەتێک زۆر گەشبین نیم؛ ڕاستە جگە لە بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چەندین ڕێکخراوەی تریش کە هاوپەیمانێتییەکیشیان پێک هێناوە لەسەر جێگیرکردنی سیستەمێکی فیدرال هەرچەند بە شێواز و فۆرمی جۆراوجۆر کۆکن، بەڵام لەڕاستیدا بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیونیش کە بەتایبەت نوێنەرایەتی بەرژەوەندی فارسەکان دەکەن، نەک هەر خوازیاری ئەو سیستەمە نین، بەڵکوو هەندێکیان دەتوانم بڵێم هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی و ڕەنگە زیاتریش بەرهەڵەستکاریی دەکەن. زۆر دوور نەڕۆین، ئەگەر هەڵوێستی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و بەناو سەرانسەری لانیکەم لە میانەی ڕاپەڕینی ناسراو بە ژینادا لەبەرچاو بگرین، هیچ جێگایەک بۆ گەشبینی نامێنێتەوە. ئەوان بەئاشکرا ئامادە نین ددان بە ئێرانێکی فرە نەتەوەدا بنێن. بەشێکیان بە ڕوونی دژایەتی نەتەوەکانیش دەکەن. بۆیە من وا بیر ناکەمەوە کە لە ئێستادا لەنێو ئۆپۆزسیونی بەناو سەراسەریی ئێراندا، بیر لە حکوومەتێک بکرێتەوە کە بە پشتبەستن بە عەقڵانییەتی سیاسی و ددانپێدانان بە گونجاوێتی شێوازی دەسەڵاتدارێتی دێموکراتیانە دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بڕەخسێنێت. دەزانین کە سیستەمی فیدرالیزم لەسەر بنەمای بڕوا بە فرەچەشنی و قەبووڵکردنی یەکانگیری بە دوور لە هەوڵدان بۆ تواندنەوە دامەزراوە. فیدرالیزم پێکهاتەیەکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان. ئەم چەشنە سیستەمە پەیوەندی بە دێموکراسی و پلۆرالیزمەوە هەیە. ڕوونتر بڵێم، فیدرالیزم بەرهەمی دێموکراسییە، باوەڕ بە فرەچەشنی دەرکەوتەی بڕوامەندی بە دێموکراسیە. لە ئێراندا ڕەنگە زۆر کەس خوازیاری ڕووخاندن بن، بەڵام لەڕاستیدا زۆر نین ژمارەی ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی کە خوازیاری دێموکراسی بن و ڕێز لە فرەچەشنی وەک پڕەنسیپێک بگرن. هەر لەبەر ئەم تێگەیشتنە لە ئۆپۆزیسیون و بە گشتی لە مرۆڤی ئێرانی، من بە گشتی هاوڕام لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەی کە زۆر جار سەربەخۆییخوازەکان لە فیدرالیستخوازانی دەگرن سەبارەت بە هاوسانی و هاوسەنگی تێچووی فیدراڵخوازی و دەوڵەتخوازی لە ئێراندا و پێم وایە ئەو ڕەخنەیە بە دوور لە ڕاستی و حەقیقەت نییە. لێرەدا درگای باسێکی تر دەکرێتەوە؛ من پێموایە هەر لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەک کە بە درووشم خوازیاری فیدرالیزم بێت، بە کردە بە کەمتر لە فیدرالیزم ڕازی دەبێت. ئەمە سرووشتی سیاسەت و دیپلۆماسییە.
بۆیە پێم وایە بزووتنەوەیەک کە خوازیاری جێگیرکردنی فیدرالیزمە پێویستە خوازیاری شتێک زیاتر لە فیدرالیزم بێت. لەبنەڕەتدا فیدرالیزم دەبێ پێشنیاری دەسەڵاتی ناوەندی بێت. ئەزموونە مێژووییەکان پێمان دەڵێن دەوڵەتەکان بەرامبەر بزووتنەوە سەربەخۆییخوازەکان بە زۆری دەستیان بۆ دوو بژاردە بردووە؛ یان دەستیان داوەتە سەرکوت یاخود بژاردەیەکی مامناونجییان پێشنیار داوە. بژاردە نێوانییەکەش فیدرالیزمە. پێموایە مەبەستەکەم ڕوونە، بۆیە لەوە زیاتر ناچمە نێو وردەکارییەوە. لە کۆتاییدا دەگەڕێمە سەر باسەکەی سەرەتا کە بە بۆچوونی من هەست بە ئیرادەی پێکهێنانی سیستەمێکی فێدراڵ لە ئێرانی داهاتوودا لەنێو دژبەران و باشترە بڵێم لەنێو ئۆپۆزیسیونی بەناو سەراسەری ئێستادا ناکرێت، بۆیە ئەگەر دوای ڕووخان سیستەمێکیش لەو جۆرە جێگیر بێت، بە بڕوای من بەرهەمی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ڕزامەندی نابێت. هیوا دەخوازم پێشبینی من هەڵە بێت و وا نەبێت؛ بەڵام من پێم وایە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوێتە دۆخی ئانارشی نێوخۆیی. یەکێک لە ئەگەرەکان دەتوانێ ملکەجکردن بۆ فیدرالیزم دوای دانی تێچوویەکی زۆر و خەسارێکی بەرفراوان بەهۆی سەرهەڵدانی ئەو دۆخە ئانارشییە بێت.
قەندیل پرێس: لە ئەگەری هاتنە سەر کاری حکومەتێکی فێدڕاڵ لە ئێران، ئایا مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات مسۆگەر دەبێ؟
د. محەمەد حسەینزادە: فیدرالیزم ڕەنگە فورمی خوازراوی نەتەوەی کورد نەبێت، چونکە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆییە کە هەم مافی نەتەوەی کوردە و هەم باشترین ئامرازی دەستەبەرکردن یان گەرەنتیکردنی مانەوەی نەتەوەییە؛ بەڵام بەهەر حاڵ فیدرالیزمیش یەکێکە لە فۆرمەکانی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس. دیارە فۆرمێک لە فیدرالیزم کە بتوانێت کۆتایی بە پاوانخوازی و ستەمی نەتەوەیەکی تایبەت لە ئێراندا بهێنێت و دەسەڵاتەکانی نێوان حکوومەتی فیدرالی و حکوومەتە هەرێمییەکان بەپێی یاسایەک کە ڕەزامەندی هەمووانی لەسەر بێت دابەش بکرێت، دەتوانێ بەشێکی زۆر لە مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکات.
قەندیل پرێس: ئێوە وەک خۆتان، خاڵە لاوازەکانی مۆدێلی فێدڕاڵیزم بۆ ئێران چۆن دەستنیشان دەکەن؟
د. محەمەد حسەینزادە: لەڕاستیدا من ناتوانم پێشوەختە وڵامی ئەم پرسیارە بە ڕوونی بدەمەوە. هەڵسەنگاندنی سیستەمێک کە لە ئارادا نییە، ئەستەمە. لە لایەکی ترەوە، ئێمە یەک مودێلی جیهانیی لە فیدرالیزمان نییە و وەک پێشتر ئاماژەم کرد هەر وڵاتێک هەوڵ دەدات ئەو مودیلە لەگەڵ بارودۆخی خۆی بگونجێنێت. وەک وتیشم گومانم هەیە ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و بەتایبەت ئەوانەی نوێنەرایەتی نەتەوەی فارس – وەک نەتەوەی باڵادەست نەک زۆرینە- دەکەن، لەسەر جێگیرکردنی سیستەمی فیدرالی تەوافۆق بکەن. گریمان لە داهاتوودا تەوافۆقیش بکرێت، دیار نییە لەسەر چ جۆرە مودیلێک دەبێت. دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکان چی دەبن (پرسی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان) و هەرێمی کام یەک لە نەتەوەکان دەگرێتەوە؟ ئەمانە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان پێویستن. بەڵام وای دابنەین ئەو مودیلەی فیدرالیزم لە عێراقدا هەیە لە ئێرانیش جێگیر ببێت، سەرەڕای هەموو خاڵە بەهێز و باشەکانی بۆ نەتەوەی کورد، بەڵام پێشبینی دەکرێت هەمان ئەو کێشانەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، بۆ نموونە کێشەی بودجە، چۆنێتی بەکارهێنان و فرۆشتنی سەرچاوەکانی وزە و ئیستبداد و ملهۆڕی زۆرینە لە ناوەند لە ئێرانیشدا هەبن. هەموو کەس شارەزای کێشەکانی باشووری کوردستان لە سیستەمی فیدراڵی عێراقدایە و کێشە و گرفتەکان زەق و بەرچاون بۆیە ناچمە وردەکارییەکانییەوە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!