سیاسەتی نیونەتەوەیی و ئەخلاق و مافەکانی مرۆڤ

کاتی خۆی ستالین وتبووی بۆ درووستکردنی هێلکەوڕۆن پێویستە هێلکە بشکێنی. ئەمە پاساوێک بوو بۆ ڕەواییدان بە توندوتیژی! ئەنجامی ئەو ڕوانگەیە کوشتنی زیاتر لە بیست ملیۆن مرۆڤ [هێلکە] بوو بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی [هێلکەوڕۆن]. ئەو هێلکەکانی شکاند، بەڵام ئەوەی کەس نەیدی و تامی نەچێشت هێلکەوڕۆنەکە بوو. ئەمە ئێستاکەش لە سیاسەتی دەرەوەی هەندێ لە وڵاتانیشدا ڕەنگی داوەتەوە:

دەبینین تورکیا لەلایەکەوە و وەک نموونەیەک پێی وایە بۆ گەڕانەوە بۆ ئیمپراتوریەتی عوسمانی یاخود دڵخوازترین نەزمی ناوچەیی و  کۆماری ئیسلامی و گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە لە لایەکی ترەوە لەپێناوی جێگیرکردنی سیستەمی دڵخوازی ناوچەیی خۆیان، پێیان وایە پێویستە مرۆڤ بکوژن. ئەوە سیاسەتی هەمیشەیی ئەوانە؛ بەڵام ئێستا یەکێکیان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خوێنی لە مرۆڤی نێو سنوورەکانی وڵاتێک [ئیسرائیل] ڕشتووە کە بڕیاردەرانی پێیان وایە، ئەوەی هێلکەی زیاتر بشکێنێت، هێلکەوڕۆنی زیاتر دەخوات. [ئەوەی دواجار پێدەکەنێ قاقای زیاتر لێ دەدا].

لە ئاوا دۆخێکدا، چاوەڕوانی هەر جۆرە هەڵوێستێکی ئەخلاقیانە و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ، تەنیا دڵساردی و ناهۆمێدی بەدواوەیە؛

ئەو نموونانە ڕەنگە زەقتر بن، بەڵام بە گشتی، لە شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەخلاق و بابەتە ئەخلاقییەکان لە پەراوێزدان؛ بەرژەوەندییەکان قسەی یەکەم دەکەن. ئامانج و بەرژەوەندییەکان مەزنترن لە بنەما ئەخلاقییەکان. بۆیە بڕیاردەرانی دەوڵەتان لە داڕشتنی سیاسەتەکانیاندا گرنگی بە بەرژوەندییەکان دەدەن نەک بە شێواز و مکانیزمە ئەخلاقییەکانی دەستەبەرکردنیان و بە پێی تێگەیشتنێک کە لە بەرژوەندییەکانی خۆیان هەیانە سیاسەت دەکەن نەک بە پێی تێگەیشتنیان لە بنەما ئەخلاقییەکان و بەندەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان. هەر لە بنەڕەتدا چاوەڕوانی هەڵسوکەوتی ئەخلاقی – تەنانەت شەڕی ئەخلاقی- لە لایەنێک کە ئامانجی ئەخلاقیانەی نییە، ناکرێت. خاسمانی لە دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ئاشکرا پێیان وایە “ئەخلاقی سیاسی” واتە “بەرژەوەندی” و “دەستکەوتی سیاسی”.

ڕوونە و وتنی ناوێت کە لەو نێوەدا گەورەترین خەسار بەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەکەوێت. لۆژیکەکەی ئاسان و هۆکارەکەی ڕوونە: ئەوان لە سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەردا- کە دەوڵەت وەک کارامەترین ئامرازی دابینکردنی ئاسایش و دەستەبەرکردنی مانەوە سەیر دەکرێت- بێ دەوڵەتن. بوونەوەری بێدەوڵەتیش وەک مرۆڤ هەژمار ناکرێت و وەک دەوڵەتدارەکان حسێبی بۆ ناکرێت. ئەگەر بەیناوبەینیش بەناوی ئەخلاق و مافی مرۆڤەوە ئاوڕێکیان لێ دەدرێتەوە و دەپاڕێزرێن، هۆکاری ئەوەیە لە ئەجێندای سیاسی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باقی وڵاتاندا جێگایەکیان بۆ تەرخان کراوە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *