بنەما فیکرییەکانی دەستێوەردانە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی
فەرماندەکانی سپای پاسداران و دامودەزگای پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بەیناوبەین لە زمانی ئیمام عەلی-ییەوە دەگێڕنەوە: “شەرکردن لە ناو ماڵی دوژمندا شەوکەت و شکۆ و لە ناو ماڵی خۆتدا، بێحۆرمەتبوون و ئابڕووچوونە”. هەر ئەمە بووەتە بنەمای ستراتیژییەکی سەربازی. بووەتە بەشێکیش لەپاساوی بەرپرسانی ڕژێم بۆ ڕەواییدان بە دەستێوەردان لە باقی وڵاتان و بەشداریکردن لە شەڕەکان و تەنانەت ئەنجامدانی ئۆپەراسیونە تیرۆریستییەکان.
وەک پاساو زۆر جار بینیومانە و بیستوومانە کە بڕیاردەرانی ڕژێم تەنانەت لە وەڵامی ئەو کەسانەی کە سەر بە ڕێژیمیشن بەڵام بۆ نموونە لەگەڵ بەشداریکردنی وڵاتەکەیان لە هەندێ شەڕ و ڕووداوی دەرەکیدا نین، دەڵێن: دەستێوەردانیشمان ئەگەر تێچووی هەبێت، لەوێ (بۆ نموونە لە سووریا و یەمەن) بیدەین باشترە تا لەنێو سنوورەکانی خۆمان”؛ بەو شێوەیە تەنانەت ڕەخنەگرە نێوخۆییەکان لەژێر پاساوێکی “ڕاستیوازانە” بێدەنگ دەکەن.
هەتا ئێستاش هەڵەسگاندنیان ئەوە بووە کە قازانج و دەستکەوتەکانی ئەو ستراتیژییە لە تێچووەکانی زیاتر بووە؛ بۆیە مەیلێکی زۆریان هەبووە بۆ بەرفراوانکردنی پانتای ئۆپەراسیونەکان و بردنی شەڕەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان: تا دەکرێت پێویستە لە دەرەوەی سنوورەکان لەگەڵ دوژمنان و نەیاران “پاکانەحیساب” بکرێت؛ تۆڵەش هەر لە دەرەوە دەسنرێتەوە. ئەوە [بە خوێندنەوەی ئەوان] “شەوکەت و شکۆ”یە.
ئەم ستراتیژییە بە دوو شێواز دەکرێ جێبەجێ بکرێت: لە بەرامبەر “بەهێزترەکان” و “هاوسەنگەکان”دا هەڕەشەی “تۆڵەکردنەوە” لە “کات و شوێنێک” دا کە “خۆمان” [کۆماری ئیسلامی] بە گونجاوی بزانین دەکرێت. بۆ نموونە ئەگەر هەست بە هەر جۆرە پەلاماردانی زلهێزێک کرا، هەڕەشەی لێدان لە هاوپەیمانانی ناوچەیی دوژمن و داخستنی تەنگە و تەنگەبەرەکانی گواستنەوەی وزە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە نەوتییەکانی باقی وڵاتان دەکرێت. ئەمانە پەیامێکن سەبارەت بەوەی کە “شەڕ بە هیچ جۆرێک تەنیا لە سنوورەکانی ئێمە بەرتەسک نابێتەوە”.
لە بەرامبەر نەیار و دوژمنە “لاوازترەکان”دا، ستراتیژییەکە بریتییە لە: “بەرگری هێرشبەرانە” (offensive defence)؛ لەسەر ئەمە پێشتر بە وردی نووسیومە، بۆیە زۆری لەسەر ناچم. گورزوەشاندن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لەم چوارچێوەیەدا دەگونجێت؛ ئەوەشم باس کردووە.
ئەوەی کە زۆرجار تاکی کورد دەنووسێت، ئیسرائیل لێی دەدات و تۆڵە لە کورد دەکاتەوە و لە دیوار کورد کورتتریان دەست ناکەوێت! ئەوە کە خۆپیشاندەرانی کوردستان لە سەقز،لە میانەی ڕاپەڕینی ژینا بە دروشمی “ئیسرائیل پێی فێرە… لێرە ئەسێنێ تۆڵە” تەحەدای “شکۆ”ی داگیرکەریان دەکرد، دەرخەری ئەوەیە کە هیچ لایەنێک هێندەی ئیسرائیل بەباشی خوێندنەوەی بۆ سیاسەتەکانی بەرپرسانی ئێران نەبووە؛ هەر بۆیە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیونەکان لەنێوخۆی ئێران “بێحورمەت و سووکی”یان دەکات و “بەیناوبەین” لە هەر جۆرە هەستکردن بە “شەوکەت و شکۆ”یەک دایاندەماڵێت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!