گریمانە ناڕاستەکانی “هێڵی سێیەم” دەربارەی دەوڵەت-نەتەوە
بەناوی “هێڵی سێیەم”وە پەرەگرافێک نووسراوە کە من هەڵیدەبژێرم و دەمەوێ بە کورتی باسێکی لەسەر بکەم. نووسراوە:
“یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە “وابەستەیی” بە سیستەمی جیهانییە؛ واتە هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک لە جیهاندا ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و ناچارە ملکەجی سیستەمی جیهانی بێت. دروشمەکان [سەبارەت] بە سەربەخۆییخوازی دەوڵەت نەتەوە، زیاتر پڕۆپاگەندەیە و لەڕاستیدا دەوڵەت-نەتەوەکان هەمیشە وابەستەی سیستەمی جیهانین. تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا دەوڵەت-نەتەوەیەک نەبینراوە کە پشتی بە پڕەنسیپی زاتی و ئیرادەی زاتی (سرووشتی؟) خەڵکەکەی بەستبێت. هەر بۆیەش بە شێوەیەکی سرووشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک وەک باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) [لەئەگەری دەسەڵاتگرتنی باقی حیزبەکان جگە لە نیهزەتی پژاک] دەبێتە ناوەندێکی وابەستەی ناتۆ، ئیسرائیل و وڵاتانی هەژمۆنی جیهان”.
نامەوێ بڵێم ئەوە ڕێک ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر هەم بزووتنەوە و هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات! ئەوەی پێم باشە و مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە کە لە ڕووی زانستییەوە تەنانەت یەک ڕستەی ئەو پەرەگرافە درووست نییە. لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: وابەستەیی بە سیستەمی جیهانی تایبەتمەندی دەوڵەت-نەتەوە نییە؛ نە تایبەتمەندی سەرەکی و نە لاوەکی. چ لە ڕوانگەی تیۆریسیەنە سیستەمییەکانەوە وەک کاپلان و هاڵستی و دواتر واڵتز و پێڕەوەکانی پێناسەی سیاسی لە سیستەم بکەین و چ لە چەپەوە پەنا بۆ پێناسە ئابووری-سیاسییەکانی کەسانی وەک والرشتەین، سەمیر ئەمین، گۆندرفرانک و هاوبیرەکانیان بەرین، ئەو ڕستەیە هەر بێمانایە. بیرم نایەت تەنانەت لە هیچ نووسراوەیەکی “ئوجەلان”یشدا شتی لەو جۆرەم خوێندبێتەوە. وەک وتم، تایبەتمەندی (لە ڕوانگەی نووسەر یان نووسەرانی ئەو پەرەگرافەوە، عەیبەی) دەوڵەت-نەتەوە وابەستەیی بە سیستەمی جیهانی نییە. بەپێچەوانەوە، یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی ئەو بوونەوەرە مەزنە “سنوور” و “یەکپارچەیی”یە. ئەگەر تایبەتمەندی “سنوور” و “یەکپارچەیی” لێ بگریتەوە، شتێک بەناوی دەوڵەت-نەتەوە هەر مانای نییە. دەوڵەت-نەتەوەکان خۆیان پێکهێنەری (لانیکەم سەرەکیترین پێکهێنەری) سیستەمی جیهانین، بۆیە ناتوانن وابەستەی بن، بەڵکوو دەتوانن لەژێر کاریگەری – فشار و ئاستەنگەکانی- ئەو سیستەمەدا بن کە خۆیان پێکی دەهێنن. لە باشترین حاڵەتدا، دەکرێت بڵێین بەشێک لە دەوڵەت-نەتەوەکان (پەراوێزەکان یان پەراوێزخراوەکان) دەتوانن وابەستەی بەشێکی تر (ناوەند) بن، وەک چۆن لە نووسراوەکەدا (هەڵبەت دیسان بە هەڵە) ئاماژە بە نموونەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی داهاتوو کراوە! (و هەڵبەت لەبیر کراوە کە هەر ئێستا هەژمۆنی جیهانە کە ڕۆژاوای کوردستان دەپارێزێت!). دەگەڕێمەوە سەر باسی سنوور و پاراستن وەک تایبەتمەندی دەوڵەت: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێمای سەرەکی سیستەمی جیهانی ئێستایە. دەزانین کە یەکێک لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی کە هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لەسەری کۆک و کۆدەنگن بریتییە لە “پاراستنی یەکپارچەیی و “سنووری وڵاتان”. سەرجەم شارەزایانی سیاسەتی جیهانی وەک یەکێک لە ئەستوون و بناغەکانی پێکهێنەری سیستەمی ئێستای جیهان سەیری دەکەن. ئەدی چۆناوچۆن دەکرێ “هێڵی سێیەم” هەم دژی سیستەمی ئێستای جیهان بێت و هەم پێداگر بێت لەسەر بنەما و تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی؟ ئەی بۆچی لەسەر “مافی دیاریکردنی چارەنووس” پێداگری ناکات کە بنەمایەکی یاساییە و تەنانەت لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەر لەبەر لێکدژی لەگەڵ “پاراستنی سنوورەکان و یەکپارچەیی” پشتگوێ دەخرێت؟ لەکاتێکدا کە نەتەوە خاوەندەوڵەتە باڵادەستەکان -وەک فارس- بە گەڕانەوە بۆ “پاراستنی سنوور و یەکپارچەیی” لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی پاراستنی سنوورەکان و یەکپارچەیی وڵات بەمەبەستی درێژەدان بە سیستەمی چەوسێنەری دڵخوازی خۆیان دەدەن و لە بەرامبەردا بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوە بندەستەکان -وەک کورد- بە گەڕانەوە بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنوورانە و تێکدانی یەکپارچەیی بە ڕێگەچارەی ڕزگاربوونی خاک و نیشتمانی خۆیان دەزانن، چۆناوچۆن “هێڵی سێیەم” بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە و بە شانازییەوە بەڵێنی پاراستنی سنوورەکان دەدات و هاوکاتیش بانگەوازی ڕزگاریخوازی دەردەکات؟ چۆناوچۆن درووستکردنی سنوور بۆ نەتەوەی کورد بیرێکی کلاسیکی مەترسیدارە، بەڵام پاراستنی سنوورە کلاسیکەکانی داگیرکەران (کە لە پەرەگرافێکی دیکەدا بەڵێنی دراوە و جەختیشی لەسەر کراوەتەوە) بیرۆکەیەکی ڕزگاریبەخشی مودێرنە؟ ئینجا، با هەر وای دابنێین ئەوە ڕاست بێت و “هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان وابەستەی سیستەمی جیهانین”، ئەدی کام عاقڵ ئەو ئەرکە قورسە دەخاتە سەرشانی نەتەوەیەکی لاواز و بەشمەینەت کە ئەو سێستەمە بگۆڕێت؟ ئاخۆ کێ وتوویە ئەو سیستەمە جیهانییە هێندە لەرزۆکە کوردێک کە هەر ئێستا ناتوانێ مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات، دەتوانێ لە داهاتوودا ئەو سیستەمە [دڕندە] هەڵوەپێچێت؟
دووەم، ئەمەش درۆیەکی گەورەیە کە “هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک لە جیهاندا ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و ناچارە ملکەجی سیستەمی جیهانی بێت”. ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە ئابووری و سیاسەتی جیهان لەم سەدەیەدا وای لێهاتووە کە هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک ناتوانێت لە دەرەوەی سیستەمی جیهانی بژێت و پێداویستییەکانی دابین بکات، ئەوە ڕاستە؛ بەڵام ئەگەر سیستەمی جیهانی بە ئیسرائیل و ناتۆ و هەژمون (؟) بشوبهێندرێت و ئینجا ئیدیعا بکرێت هەمووان وابەستەی ئەوانن، ڕاست نییە و خەڵکگەوجاندنە. هەر هیچ نەبێ ئێستاکە وڵاتی چین چەندە وابەستەی واشنتۆنە (ئەگەر مەبەست لە هەژمۆن ئەمریکا بێت)، ئەمریکاش ئەوەندە وابەستەی پەکینە. بێگومان هیچکامیشیان بە تەنها سیستەمی جیهانی نین! بەڵام یەکێکیان لەژێر سێبەری هێز و تواناکانیدا توانیویە باڵادەستی ڕێژەیی خۆی لە سیستەمی جیهانیدا بسەپێنێت.
سێیەم، ئەوەش ڕاست نییە کە نووسراوە، “دروشمەکان [سەبارەت] بە سەربەخۆییخوازی دەوڵەت- نەتەوە، زیاتر پڕۆپاگەندەیە و لەڕاستیدا دەوڵەت-نەتەوەکان هەمیشە وابەستەی سیستەمی جیهانین”. وەک پێشتر وتم، سیستەمە جیهانییەکەی هەر لە ئەساسدا درۆیە، بۆیە زیاتر لەسەری ناچم. بەڵام وەک دەزانین سەردەمی سەربەخۆیی هەر ماوە. ڕاستە سەردەمی سەربەخۆیی ئابووری ساڵانێکی زۆرە بەسەرچووە. بەڵام هێشتا زۆرن ژمارەی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی ئامادەن لەپێناو سەربەخۆیی سیاسی خۆیان، بە چەک خوێن بڕێژن و چەکیش نەبوو بە هەردوو دەست مل و گەردنی دانیشتوانی ئەودیوی “سنوورەکان” بشکێنن. باشترین نموونە بەرچاوترین نموونەیە: شەڕی ئوکرانیا- ڕووسیا.
چوارەم، نووسراوە: “تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا دەوڵەت-نەتەوەیەک نەبینراوە کە پشتی بە پڕەنسیپی زاتی و ئیرادەی زاتی (ناوەکی/سرووشتی؟) خەڵکەکەی بەستبێت”. ئەمە سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بە پشتبەستن بە دەنگی خەڵکەکەیان سەربەخۆییان بەدەست هێناوە غەدرە؛ سەبارەت بەو چەند وڵاتەش کە ئامادەبوون تەنانەت بۆ ئەو نەتەوانەی کە خوازیاری سەربەخۆیی بوون گشتپرسی بەڕێوەببەن ڕاست نییە؛ لە وڵاتانێکی وەک ئاڵمان و سویسیش باسی وا بکەیت، تاوانە؛ ئیدیعای لەوجۆرە بکەی هیچ دوور نییە خەڵکەکەی چاوت دەربێنن. ئەو حوکمە دەوڵەت-نەتەوەی ساختەی هاوشێوەی ئێران و عێراق و تورکیا دەگرێتەوە، بەڵام حوکمێکی ڕەهایە و بۆ هەموو دەوڵەت-نەتەوەیەک نابێت.
پێنجەم، هەر لە درێژەی ڕستەی پێشوودا نووسراوە: “هەر بۆیەش بە شێوەیەکی سرووشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک وەک باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) دەبێتە ناوەندێکی وابەستەی ناتۆ، ئیسرائیل و وڵاتانی هەژمۆنی جیهان”. سەبارەت بە ڕاستی و درووستی ئەمە نانووسم. دەپرسم ئەگەر هەبوونی ئەوانە لە “باشوور” وابەستەیی بێت و وابەستەییەکەش تاوان بێت، خۆ لە سی ساڵی ڕابردوودا لە “باشوور” هێندەی ئەو چەند ساڵەی “ڕۆژاوا” ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان نەگێڕاوە، بۆچی وەک نموونە ناهێنرێتەوە؟ ئەگەر “هاوپەیمانێتی بۆ مانەوە” لەلایەن “نوێکان”ەوە ڕەوایە، چۆناوچۆن لەژێرناوی “وابەستەیی کلاسیکەکان” ئەویش لە “داهاتووی ڕۆژهەڵات” و “هەر لە ئێستاوە” مەحکووم دەکرێت؟
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!