کورد و بەکارهێنانی چەمکی خەیانەت وەک کەرەسەی ڕوونکردنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان

د.سمایل بشیکچی لێکۆڵەر، کۆمەڵناس و گەورەنووسەری تورک و لایەنگری بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد، وتوویەتی: “سیستەمی نێونەتەوەیی، سیستەمێکی دژە کوردە”. ئەو بەڕێزە لە وتووێژێکیشدا لەگەڵ بی.بی.بی دەڵێت: “لە ڕاستیدا، پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی دژەکوردە”. ئەم وتەیەی بشیکچی لە کوردستان کڕیاری زۆرە و لەنێو زۆرێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان پێشوازی زۆری لێ کراوە و بەردەوام دووپات دکرێتەوە. بەڵام لەڕاستیدا، ئەوە حوکمێکی تەحەدا هەڵگرە. بەبۆچوونی من پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی بە دیاری دژی هیچ نەتەوەیەک -و لەوانە کورد- نییە. سیستەمی نێونەتەوەیی سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەرە. دەوڵەتەکان وەک پاژ و پێکهێنەری ئەو سیستەمە پێکهاتەکەی دیاری دەکەن. پێکهاتەی ئەو سیستەمە تەنیا [یان لانیکەم بەشێوەیەکی سەرەکی] حسێب بۆ دەوڵەتەکان و نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان دەکات. بوونەوەرە نادەوڵەتییەکان لەو سیستەمەدا سنگ و قورساییەکی ئەوتۆیان نییە و ڕەچاوی بەرژەوەندییەکان ناکرێ. ئەگەر جاروباریش وەک ئەکتەرێک لەو سیستەمەدا و بەتایبەت لەنێو هاوپەیمانییەکاندا خۆیان بینییەوە، بێگۆمان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو ڕژێمەدا گونجێندراون و هیچ دەستەبەری و زەمانەتێک بۆ بەردەوامی دۆخێکی لەو جۆرە نییە.
ئەرمەنییەکان کە ئێستا خاوەن دەوڵەتن ڕەنگە بەرامبەر هاوپەیمانێتییە بەهێزەکان تووشی شکست و دۆڕانی سەربازی بن، بەڵام دوورە وەک ساڵانی 96-1894 و 1915 تا 1917 بەو جۆرەی لە تورکیا پاکتاو و ژینۆساید کران، بە ملێۆنی کۆمەڵکوژ بکرێن. هەرچەندە ئەگری ئەوە هەیە جووەکان بکەونە بەر ئۆپەراسیۆنێکی مەرگهێنەری هەڕەمەکی وەک ئەوەی حەماس لەم دواییانەدا ئەنجامی دا، بەڵام پێناچێت دوای ۷٥ ساڵ خاوەندارێتی دەوڵەتی سەربەخۆ، جارێکی تر بۆ نموونە پاکتاوەکانی ساڵانی 1939 تا 1944 لە ئەڵمانیا و ڕۆمانی ئەزموون بکەنەوە. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە نەتەوەی کورد بە گشتی و باکوور و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کە هێشتا خاوەن نیمچە دەسەڵاتێکی وەک باشوور و ڕۆژاواش نین لە هەر کات و ساتێکدا ببنە ئامانجی ئۆپەراسیونێکی مەرگهێنەری وەک ئێستای غەزە و وەک ساڵانی 1925 تا 1935ی باکوور و ساڵی 1988ی باشووری کوردستان. هۆکار ئەوەیە کە پێگەی کورد لە ڕووی خاوەندارێتی دەوڵەتەوە هەتاکوو ئێستاش نەگۆڕدراوە و هێشتاش ئەگەری کۆمەڵکوژییان لەسەرە و لەوەش نیگەرانن. وەک چۆن تووتسییەکانی ڕواندا نیگەرانن ساڵی 1994یان بۆ دووبارە بێتەوە و دانیشتوانی موسڵمانی بێ دەوڵەتی ڕوهینگهای بەردەوام چاوەڕوانی پەلامارێکی مەرگهێنەری شۆوەنیستە میانمارییەکان دەکەن.
لێرەدا نامەوێت باسی چارەنووسی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بکەم. مەبەستمە بڵێم وەک ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان زۆربەمان حەزمان لەوەیە هۆکارێکی دەرەکی بۆ شکستەکانمان بدۆزینەوە. تەنانەت ئەگەر ئەو هۆکارە بوونەوەرێکی زەبەلاح [و نادیاری وەک] پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەییش بێت! هەر بۆیە لە خەسارناسی شکست یان نابەکامی بزووتنەوەکانی کوردستانیشدا زۆرجار دەگەینەوە بە هۆکارێکی دەرەکی وەک هۆکاری سەرەکی! هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆرمان چیرۆک بیستووە سەبارەت بە “خەیانەت”ی باقی ئەکتەر و دەوڵەتەکان لە کورد. لەبەراورد لەگەڵ ئەو چیرۆکانە کەممان بیستووە سەبارەت بە کەمایەسی و کەموکۆڕییە نێوخۆییەکان یاخود لانیکەم وەک هۆکارە دەرەکییەکانی شکست و نامرادییەکان زەق و بەرجەستە نەکراونەتەوە. ئەم دیاردەیە ئەوەندە بەرچاوە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان پێیان وایە هەر لە سەردەمی مادەکانەوە تاکوو ئێستا قوربانیی خەیانەتی دەرەکین. تەنانەت سەرکردە و بەرپرسانی سیاسی و زۆر جاریش شرۆڤەکارانی سیاسی کورد لە لێکدانەوەی ڕووداوە سیاسییەکاندا حەزیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی “خەیانەت”ە. بێگومان ئەو لێکدانەوە کڕیاریشی زۆرە، سەیری ئەو هەموو بەرجەستەکردنەوەی “خەیانەت”ە:
– وڵاتانی ڕۆژاوا و زلهێزانی سیستەمی نێونەتەوەیی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی “خەیانەت”یان لە نەتەوەی کورد کرد و ئەگەر “خیانەت”ی ئەوان نەبوایەت ڕەنگە لەو قۆناغەدا ئاواتە گەورە و مەزنەکەی کورد بەدی بهاتایەت. [خەیانەتی سیستەمی]
– دوای دامەزراندن و سەقامگیرکردنی دەوڵەتی مودێڕن لە تورکیا، کەماڵ ئاتاتۆرک “خەیانەت”ی لە نەتەوەی کورد کرد. ئەگەر ئەو لەو قۆناغەدا “خەیانەت”ی لە کورد نەکردایەت و پابەندی بەڵێنەکانی بوایەت، ڕەنگە ئەو کات و ئێستاش دۆخی کورد لە تورکیا گەلێک باشتر لەوەی ئێستا بوایەت. [خەیانەتی سەرکردەیەکی داگیرکەر!]
– یەکێتی سۆڤیەت لە هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستان ڕۆڵی هەبوو و “خەیانەت”ی لە کورد کرد و ئەگەر ئەو لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەو قەوارەیە نەفرۆشتایەت، کۆمار دەیتوانی تەمەندرێژەر و لەوانەیە هەتاهەتایی بێت. [خەیانەتی یەک لە دوو زلهێزی سەردەمی شەڕی سارد]
-شا لە تاران و کێسینجێر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ۱۹۷٥ و دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایەر “خەیانەت”یان لە مەلا مستەفا و ئەو بزووتنەوە کرد کە سەرکردایەتی دەکرد و شکستیان پێ هێنا. [خەیانەتی داگیرکەر و یەکەم زلهێزی سەردەمی شەڕی سارد]
– خومەینی بەڵێنی خودموختاری بە نەتەوەی کورد دابوو و پاشان پاشگەز بووەوە و ئەوە “خەیانەت”ێک بوو لە نەتەوەی کورد. [خەیانەتی سەرکردەیەکی داگیرکەر]
– نەک هەر وڵاتانی ڕۆژاوا بەڵکوو وڵاتانی موسڵمان و هاودین و مەزەب لە کاتی ئۆپەراسیونەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بە گرتنەبەری سیاسەتی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی “خەیانەت”یان لە نەتەوەی کورد کرد. [خەیانەتی جیهانی ئیسلام]
– ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا و ئیسرائیل و تەنانەت ڕووسیا لە پیلانێکی گشتیی و هاوبەشدا عەبدوڵا ئوجەلان ڕێبەری کاریزماتیکی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستانیان ڕفاند و ڕادەستی تورکیایان کرد و بەمجۆرە “خەیانەت”یان لە گەلی کورد کرد. [خەیانەتی سیستەمی نێونەتەوەیی]
– لە هەرێمی کوردستان دوای چەسپاندنی فیدرالیزم “مالکی” بناغەی “خەیانەت” لە پێشمەرگە و هەرێمی دانا. [خەیانەتی سەرکردەیەکی ستەمکار]
-لە کاتی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان لە ڕۆژاوا و هەرێمی باشووری کوردستان وڵاتانی جیهانی و ناوچە “خەیانەت”یان لە کورد کرد. ئەگەر “خەیانەت”ی ئەو وڵاتانە نەبوایەت ئەو هێرشە ڕووی نەدەدا و ڕەنگە ڕووداوەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕۆشتایەن. [خەیانەتی سیستەمی جیهانی و ناوچەیی]
– ئەو کاتەی ترامپ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی وڵاتەکەیدا دەیەویست لە ڕۆژاوا بکشێتەوە، “خەیانەت”ی لە گەلی کورد دەکرد. [خەیانەتی هەژموونی جیهان]
-دوای گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە “خەیانەت” لە کورد کرا. [خەیانەتی هاوپەیمانان]
– کوردی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژینا و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا کە گوشاری هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامییان بۆ خۆچەککردن لەسەرە، بوونەتە قوربانیی “خەیانەت”ی هەندێ لە وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی هاوپەیمانی بنکەدار لە ناوچە. [خەیانەتی ناوچەیی و سیستەمی].
دەبینین لەو خوێندنەواەدا جێگای خۆمان بەتاڵە! دەکرێت پرسیار بکرێت ئەم هەموو خەیانەتە لە نەتەوەی کورد لەپێناوی چی؟ ئەوانەی بڕوایان بە چەمکی خەیانەت وەک کەرەسەیەکی شرۆڤەی ڕووداوە سیاسییەکان هەیە، پێویستە بۆ جارێکیش بێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە. دەکرێت پرسیار سەبارەت بەوە بکرێت کە ئایا سیاسەت و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و دۆخی نێوخۆیی کورد چەندە هۆکاری ئەو ڕووداوانە بووە و لانیکەم بەستێنی ئەو بەنێو خەیانەتانەیان ساز کردووە، ئەوە پرسیارێکی پڕ مشتومڕ و باسهەڵگرە بۆیە خۆی لێ دەبوێرم و ناپرژێمە سەر ئەو باسە. وەک وتم ئەوەش کە دەوترێت سیستەمی نێونەتەوەیی سیستەمێکی دژە کوردە و بۆیە ئاساییە هەمووان خەیانەت لە کورد بکەن بەبۆچوونی من ڕاست نییە. وەک ئاماژەم کرد سیستەمی نێونەتەوەیی ئێستا سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەرە و حسێبێکی ئەوتۆ [نەک بۆ کورد] بۆ هیچ بوونەوەرێکی کەمتر لە دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانی ناکات، ئەمە دژایەتیکردن نییە بەڵکوو پشتگوێخستنە؛ بۆیە ناچمە نێو ئەو باسەش. دەپرسم بۆچی و هۆکار چییە ئەم دەستەواژەی “خەیانەت”ە ئەوەندە لە نێو کورردا پێشوازی لێ دەکرێت و لە شرۆڤە و لێکدانەوەکانیاندا بەکاردەهێنرێت؟ بۆ نەرمینواندن بەرامبەر لایەنگرانی ئەو بۆچوونە کە دەڵێن “تەنیا خەیانەتە و بەس” دەکرێ پرسیارەکە ئاواش بێ: بۆچی چیرۆکی “خەیانەت” و خیانەتکردنەکان بەم شێوە و بەشێوەی زنجیرەیی بەردەوامن؟ بە بۆچوونی من ئەمانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە:
– نازانین لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا ناکرێت لە دەستەواژە یان چەمکی خەیانەت وەک کەرەسەیەک بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەی ڕووداو و دیاردەکانی ئەو شانۆیە کەڵک وەربگیردرێت.
– نازانین لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا “خەیانەت” نەک هەر وەک موشکیلە سەیر ناکرێت و واتایەکی ئەوتۆی نییە، بەڵکوو هەندێجار وەک درۆکردن دەبێتە ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی سەرکردەکان بەرامبەر “ئەوانی تر”.
-لەبەر ئەوەی زۆرینەمان بە چاویلکەی ئەخلاقی سەیری سیاسەت دەکەین، نازانین لە دارستانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا باس لە دووانەی “جوامێر” و “پیاوخراپ” ناکرێت.
– پێمان سەختە ددان بەوەدا بنێین کە کورد لە جێگە و پێگەیەکدا نییە شایستەیی ئەوەی هەبێت خەیانەتکاربوون و نەبوونی سەرکردەکانی باقی نەتەوە و دەوڵەتەکان بسەلمێنێت یان تەنانەت باسی لێ بکات.
-نازانین سیاسەتی نێونەتەوەیی شانۆی کێبڕکێی نێوان دەوڵەت و ئەکتەرەکانە بۆ بەدەستهێنان و زیادکردنی هێز و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان و لەم شانۆیەدا شتێک بە نێوی وەعدە و بەڵێن بە تایبەت بە شێوازی زارەکی مانای نییە.
-بۆ زۆربەمان هێشتا ئەمە گریمانەیە نەک قانوون کە هەموو دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن بە هەر شێواز و میتۆد و بە کەڵوەرگرتن لە هەر کەرەسە و ئامرازێک بێت خۆیان بەهێزتر و تواناتر بکەن و ئەوبەرژەوەندیانەی کە بۆ خۆیان پێناسەیان کردوون دابین و دەستەبەر بکەن.
– دەبینین بەڵام ددان بەوەدا ناهێنین کە لە ڕوانگەی سەرکردەی وڵاتانەوە ئەوەی کە ئایا ئەو شێواز و کەرەسانە ڕەوان یان ناڕەوا بەستراوەی کاریگەری بەکارهێنانیان لەسەر بەرژەوەندییەکانە.
– زۆربەمان دەزانین کە دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیاندا دەتوانن هەندێ بەڵێنیش بدەن؛ بەڵام هەڵوێست و کاردانەوەکانمان بە جۆرێکە وەک ئەوە وابێ نەزانین ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بە ئاسانی و لەکاتێکدا کە بەرژەوەندییەکانیان بخوازێت، پەیمان بشکێنن. بۆیە زۆر جار وەک لایەنی شکستخواردوو و بە نێو فریودراو و خیانەتلێکراو خۆمان دەمێنینەوە و گلەیی و گازندەکانمان لە بێمرادی و بەئاۆاتنەگەیشتووییمان.
-سەرباری ئەو هەموو ئەزموونە تاڵ و تراژێدیا، هێشتاکەش نازانین کە ڕابەران و سەرکردەکانی وڵاتان تەنیا ئەرکی دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان لە ئەستۆیە و تەنیا خەڵک و هاووڵاتیانی خۆیان دەتوانن سەبارەت بە ئەورام و ئەمینی یاخود خەیانەتیان داوەری بکەن و حوکم بدەن.
-لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەیەکی سەدان حیزبین، هەر جارە و بەشێکی بەرچاومان کڕیاری پڕۆپاگەندەی تۆمەتبارکردنی “ئەوان تر” (ڕەنگە هەمان ئەو ئەکتەرانەی کە زۆربەیان سەرەتا وەک دۆست و هاوپەیمان سەیر کراون) و پاساوی “خەیانەت”ی دەرەکی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و خۆبێبەریکردن لە هەر جۆرە کەموکۆڕییەکی نێوخۆیین. ناشمانهەوێ بزانین کە ئەمە خۆی زەمینەی شکست و نامرداییەکانی دواتر هەموار دەکات.
– زۆربەمان لە لێکدانەوەی سیاسەت و شرۆڤەی ڕووداوە سیاسییەکاندا سێ بازنە و بابەتی سیاسی و ئەخلاقی و یاسایی تێکەڵ دەکەین. دەزانین سیاسەتی ئەخلاقیانە باشترین جۆری سیاسەتە، بەڵام مێشکمان هەڵگری ئەو ڕاستییە نییە کە سیاسەتی نێودەوڵەتی داماڵڕاوە لە هەرجۆرە پڕەنسیپێکی ئەخلاقی.
– بە سەختی لەگەڵ ئەو ڕاستییە ڕا دێین کە گرووپێک یاخود نەتەوەیەک لە ڕووی ئەخلاقی و تەنانەت یاساییەوە دەتوانێت مافێکی هەبێت بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا توانای گەیشتن بەو مافەی نەبێت و لەو مافەی بێبەش بکرێت. بۆیە چەمکی خەیانەت کە کاڵا و مەتاعێکە کە لە بازاری یاسا و ئەخلاقدا چەقەی لەسەر دەکرێت ئێمە دەیکەینە چەمکێکی سەرەکی و کەرەسەیەکی لێکدانەوەی سیاسەت. تێنەگەیشتووین ئەمە تراویلکەیە و هیچی تر.
-هێشتا لەو ڕاستییە تێنەگەیشتووین کە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا نەک ئەخلاق و یاسا، بەڵکوو هێز و بەرژەوەندییەکانن کە ڕۆڵی پارە و دراو لە ئابووریدا دەگێڕن و لە کۆتاییدا چۆنێتی ڕەفتاری دەوڵەتەکان و سەرکردەکان یەکلایی دەکەنەوە و کەرەسە و ئامرازی شیکاری و ڕوونکردنەوەی ڕووداو و دیاردەکانی ئەو شانۆیەن.
– چوون ئەخلاقی تاکەکەسی و ئەخلاقی سیاسی لێک جیا ناکەینەوە، سەختە بڕوا بکەین کە سەرکردەکان لە بازنەی بەرژەوەندییەکاندا بیر دەکەنەوە و ڕەفتار دەکەن نەک لە بازنەی خۆبواردن لە خیانەت و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەخلاقی و بە کردەییکردنی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکاندا.
-سەرباری ئەوەی کە وەک نەتەوە بەردەوام ڕووە تاڵ و لایەنە حەقیقییەکەی سیاسەتی نێونەتەوەییمان ئەزموون کردووە، بەڵام زۆر جار ئەو ڕاستییەمان پشتگوێ خستووە کە سەرکردەی دەوڵەتان سەرکردەی سیاسین نەک ڕابەری ئەخلاقی. ئاسایی بەڵام هەڵەیە کە زەینی ئەخلاقگەرای زۆرینەمان توانای ڕاهاتن و خوگونجاندن لەگەڵ ئەوا لێکدانەوەیەکی ڕیالیستی و ڕاستیوازانەی لە سیاسەت نییە. قەبووڵی ناکەین کە سەرکردەکان هەرگیز بیر لە هاوتەریبکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ چەمک و ئامۆژگاری و پڕەنسیپە ئەخلاقی و سیاسییەکان ناکەنەوە.
– چوون گەشبین و ئایدیالیستین، پێمان سەختە کەسێک ئاگادارمان کاتەوە کە: “ئەخلاقی سیاسی یانی دەستکەوتی سیاسی نەک پابەندی بە بەڵێن و پەیمانەکان”. حەزیش ناکەین ببیستین “پەیمانەکان تا کاتێک بڕەویان هەیە کە خەنجەریان لە پشتە”.
-کات دانانەین بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا سەرکردەی وڵاتان کام یەک لەو دوو پرسیارەی خوارەوەلە خۆیان دەکەن:
١.ئایا ئەو سیاسەتەی لە دەرەوەی سنوورەکان (بۆ نموونە بەرامبەر کورد) پەیڕەوی دەکەین لەگەڵ پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان دێتەوە یان نا؟
۲. ئایا ئەو سیاسەتەی لە دەرەوەی سنوورەکان (بۆ نموونە بەرامبەر کورد) پەیڕەوی دەکەین پێگە و نفوزمان لە ناوچە زیاد دەکات و چەندە و چلۆن بەرژەوەندییەکانمان دابین ودەستەبەر دەکات؟
-بڕوا ناکەین لە شانۆی نێونەتەوەییدا:
۱. خائینبوونی دەوڵەتەکان قانوونی سەلمێنراوە نەک گریمانەی بەر لێکۆڵینەوە
۲. هەلپەرەستی دەوڵەتەکان ڕێسایەکی گشتییە نەک یەک حاڵەت و دوو حاڵەتی جیاواز.
۳.هەر دەوڵێتێک سیاسەت و ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئەو بەرچاوڕوونییە دادەڕێژێت کە لەنێو کۆمەڵێک خائیینی هاوچەشنی خۆیدا دەژێت.
– بیر لەوە ناکەینەوە ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین خەیانەت، دەتوانێت کەرەسەیەک بێت لە دەستی دەوڵەتەکان بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانیان لە ئاراستەی پاراستن یان پەرەپێدان بە هێز و تواناکان یاخود دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان.
– لەوەش ئاگادار نین کە وەسفکردنی دەوڵەتەکان بە بەرژەوەندیخواز و خەیانەتکار و هەلپەرەست لەڕاستیدا تۆمەتبارکردن نییە، باسکردن لە تایبەتمەندییە سرووشتییەکانیانە!
-خۆتێوەگلاندنی ئەوانەی ئەو ڕاستیانەیان پێ هەڵناگیرێ لە لێکدانەوەی سیاسەتی نێونەتەوەیی مەترسیدارە؛ بۆچی؟ چونکە چاوەڕوانییەکی ناواقیعییان لە واقیعی سیاسەتی نێونەتەوەیی و لە هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان هەیە. ئەمەش وا دەکات لە کۆتاییدا دەستەواژەی “خەیانەت” بمێنێتەوە وەک چەمکێک بۆ لێکدانەوەی سیاسەت!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *